جەمال کۆچەر: عێراق نابێتە خاوەنی یاسای نەوت و گاز و پەسەندکردنی ئەو یاسایە خەونە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە پرۆژەیاسای بودجە دەڵێت ،کێشەی سەرەکیی دواکەوتنی پڕۆژەیاسای بودجە، نیگەرانیی سوننەیە لەو بڕە پارەیەی بۆ پارێزگا سوننەنشینەکان دانراوە و"عێراق نابێتە خاوەنی یاسای نەوت و گاز و پەسەندکردنی ئەو یاسایە خەونە."

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیای رووداو ڕایگەیاند،"هێشتا پڕۆژەیاسای بودجە ئاڕاستەی پەرلەمان نەکراوە، ناشزانین شاندی هەولێر و بەغدا لەسەر چی رێککەوتوون، بەڵام دەگوترێت پشکی کورد بە نزیکەی 14٪ دیاریکراوە"، دەشڵێت ئەگەر کورد بە کەمتر لە 14٪ رازیبێت "کارەساتە"، لەبەرئەوەی بەگوێرەی پسوولەی خۆراک، رێژەی کورد لە عێراق 14٪ـیە.

دەشڵێت لە هەفتەی داهاتوودا پڕۆژەیاسای بودجە ئاڕاستەی پەرلەمان دەکرێت و، ئەگەر هەیە تاوەکو ناوەڕاستی مانگی نیسان یاساکە پەسند بکرێت.

بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە  چوار بەربەست لەبەردەم پڕۆژەیاسای بودجەدا هەن ئەوانیش پشکی کورد و پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان و پشکی سوننە و کەمی ئەو بڕە پارەیەی بۆ پارێزگاکانیان تەرخان کراوە.

هەروەها هەوڵەکانی لابردنی محەممەد حەلبووسی، لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لەلایەن بەشێک لە لایەنە شیعەکانەوە و ئەو شەڕەی کە لایەنەکان دەیکەن بۆ ئەوەی زۆرترین پارەیان لە بودجەدا دەستبکەوێت لە رێگەی ئەو پۆستانەی لە وەزارەتەکان وەریانگرتووە.

بەگوتەی جەمال کۆچەر، شاندەکەی هەرێمی کوردستان هیچ زانیارییەکیان بە پەرلەمانتارانی کورد کە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق نەداوە و نازانن لەسەر چی رێککەوتوون،لەو باوەڕەدایە رەنگە هەردوولا لەسەر رادەستکردنی بڕێک لە گازی سرووشتی و دۆسیەی نەوت "رێکبکەون".

لەبارەی پڕۆژە یاسای نەوت و گازیش ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "لەوەتەی عێراق هەیە نەوتی هەیە، یاسای نەوتیشی نییە، بۆیە پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز خەونە و عێراق نابێتە خاوەنی یاسای نەوت و گاز."

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار