گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە باکووری کوردستان و تورکیا گەیشتە 45 هەزار و 89 کەس
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دەزگای بەڕێوەبردنی کارەسات و رووداوی لەناکاوی تورکیا- ئافاد ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردەوە، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6-2-2023ەوە لە باکووری کوردستان و تورکیا بۆ 45 هەزار و 89 کەس بەرزبووەوە.
ئافاد بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 1-3-2023 بڵاویکردەوە،لە پارێزگاکانی قەهرەمانمەڕەش، غازی عەنتاب، شانڵیئورفا، دیاربەکر، ئادانا، ئادیامان، عوسمانییە، هاتای، کلیس، ماڵاتیا و ئەلعەزیز بە تێکڕایی 45 هەزار و 89کەس گیانیان لەدەستداوە ژمارەی ئەو کەسانەیش کە لە ناوچەکەوە گواستراونەتەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی تورکیا، گەیشتووەتە یەک ملیۆن و ٩٧١ هەزار کەس هاوکات دوای بوومەلەرزەکەی 6-2-2023ی مەرەش، 11 هەزار و 20 پاشلەرزە روویانداوە.
بوومەلەرزەکەی رۆژی 6ی مانگ زیانی گەورەی بە باکووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریا گەیاند و قوربانییەکی زۆری لێکەوتەوە جگە لەوەی ژمارەی زۆر باڵەخانە ڕوخاون و خەڵکی لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بومەلەرزەکان لەناو خێمەو سەر شەقامەکان دەمێننەوەو ژمارەیەکی زۆر منداڵ بێدایک و باوک بوون.
هاوکات ژمارەی قوربانیان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاش، نزیکەی 6 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە کە نزیکەی 1000 کەسیان لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بوون.
بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرزیش لە شەشی شوباتەوە 40هەزار هاوڵاتی سوری تورکیایان جێهێشتووە و گەڕاونەتە سوریا.
مازین عەللوش بەرپرسی هێزەکانی گروپێکی چەکداری سوریا لە دەروازەی باب ئەلهەوا (جیلڤەگوز) بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، لە دەروازەکانی باب ئەلهەوا، جەرابلوس، باب ئەلسەلام و گرێ سپێ، نزیکەی 40 هەزار هاوڵاتی سوریا تورکیایان بەجێهێشتووە و گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان و پرۆسەی گەڕانەوەی سوریەکان تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمیەکان، تەنیا لە باکوری کوردستان و تورکیا بەهۆی بومەلەرزەکانەوە، زیاتر لە سێ هەزار و 500 ئاوارەی سوریا گیانیان لەدەستداوە.
لە 17ی هەشتی 1999دا لە ئیزمیتی توركیا بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 7.6 پلە ڕوویدا و نزیكەی 18 هەزار كەس گیانیان لەدەستدا. دوای نزیكەی چوار مانگ و لە 12ی یانزەی 1999دا بوومەلەرزەیەكی تر بە گوڕی 7.2 پلە لە پارێزگای دوزجە ڕوویدا و لەوەشدا نزیكەی هەزار كەسی تر گیانیان لە دەستدا. لەو كاتەوە دەوڵەتی توركیا باجێكی خستووەتە ئەستۆی هاوڵاتییەكانی بە ناوی باجی ڕووبەڕووبوونەوەی بوومەلەرزە و رووداوە سروشتییەكان. ئەوە بە چاوكردن لە هەندێك وڵات كرا بۆ ئەوەی بیناسازی لە توركیا بگەیەنرێتە ئاستێك، كە لە كاتی روودانی بوومەلەرزەدا بیناكان بەرگە بگرن و زیانیان كەمتر پێ بگات و هاووڵاتییان پارێزراو بن .بەڵام بە گوێرەی ئەو کاولکارییەی لە ٦ی دووی ئەمساڵدا ڕویدا دەردەکەوێت یاساکە شوێنی خۆی نەگرتووە.