دابەزینی نرخی تومەنو خراپبوونی گوزەران
ئێران؛ چاوەڕوانی تەقینەوەی گەورەی ناڕەزایەتییەكان دەكرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پێچەوانەی لێدوانی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران، ناڕەزایەتییەكانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی كۆتایی نەهاتوە و پێدەچێت بەهۆی دۆخی خراپی ئابوریی و دابەزینی بەهای تومەن بەرامبەر دۆلار و بەرزبونەوەی هەڵاوسانی ئابوریی تەقینەوەی ناڕەزایەتییەكان روبدات.
هەڵاوسانی ئابوریی و بەرزبونەوەی نرخی خۆراك و كەلوپەل و پێدوایستییە سەرەتاییەكانی ژیان تەنگی بە زۆربەری چین و توێژەكان هەڵچنیوە، لە كاسبكاری بانە تا پزیشك و بەڵێندەرانی تاران بەهۆی ئەو دۆخە ئابورییەوە، گردبونەوەی ناڕەزایەتی و دەربڕینی نیگەرانی بە دەیان شێوەی جیاواز بەردەوامە و لەئێستادا تەنها ناوی ژینا و دروشمەكان تا ئاستێك كەم دەردەكەوێت، بەڵام ناڕەازیەتییەكان كەم و كپ نەبونەتەوە و تەنها خۆپیشاندانی بەرفراوان لە شار و شەقامەكان بەڕێوەناچێت.
رۆژانە لانیكەم لە دەیان شار و شارۆچكەی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، كاسبكار و خانەنشین و مامۆستا و كرێكار و پزیشك و ئەندازیاریش لە شێوەی گردبونەوە و چونە بەردەم دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی دەسەڵاتی ئێران ناڕەازیەتیی دەردەبڕن لە كەمیی موچە و بەرزبونەوەی نرخەكان لەو وڵاتە و دەسەڵاتیش لەگەڵ ئەوەی ناتوانێت چارەسەری ئەو كێشانە بكات لە میدیاكانەوە بەڵێنی بەهێزبونەوەی ئابوریی و زیادكردنی فرۆشی نەوت و جێبەجێكردنی رێككەوتن و گرێبەستە ئابورییەكان لەگەڵ چین دەدات بە هیوای دامركاندنەوەی ئەو ناڕەزایەتییانە.
دوانیوەڕۆی رۆژی یەكشەممە (26/2/2023) بۆ یەكەمجار لە مێژودا بەهای یەك دۆلار لە ئێران گەیشتە 60 هەزار و 50 تومەن و ئەوەی مایەی سەرنج بوو میدیاكانی دەسەڵات كە پێشتر حاشایان لە بەرزبونەوەی بەرچاوی بەهای دۆلار دەكرد بە بڵاوكردنەوەی بڕیاری بانكی ناوەندیی و هەرسێ سەرۆكایەتیی وڵاتەكە وایان وێناكرد كە دۆلار لە 61 هەزار تومەنەوە دەستی بە دابەزین كردوەتەوە.
بەرزبونەوەی دۆلار كە زۆرترین كاریگەریی لەسەر بازاڕەكانی ناوخۆی ئێران هەیە بوەتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی ماددە خۆراكییەكان، نرخی یەك كیلۆ گۆشتی نەرمە گەیشتە 850 هەزار تومەن لە كاتێكدا كرێكارێك ئەگەر 30 رۆژ لە مانگێكدا كاربكات تەنها شەش ملیۆنی دەست دەكەوێت.
حكومەت بەڵێنی داوە لە رێگەی پڕۆژە یاسایەكی پەرلەمانەوە موچەی خانەنشینان بۆ 20% بەرزبكاتەوە و ئەو بەرزبونەوەیەش موچەی خانەنشینان دەكاتە شەش ملیۆن و 300 هەزار تومەن لە كاتێكدا هەڵاوسانی ئابوریی لە زاری بەرپرسانی حكومەتەوە 54% و لە زاری شارەزایانی ئابوریی وڵاتەكەش گەیشتوەتە زیاتر لە 70%.
بە پێی ئەو بەڵێنانەی حكومەت داویەتی لانی كەمی موچەی كارمەندان لە وڵاتەكە دەگاتە حەوت ملیۆن و 200 هەزار تومەن بەڵام بە پێی نوێترین خەمڵاندن هێڵی هەژاریی بۆ هەر خێزانێك 15 ملیۆن بۆ 18 ملیۆن تومەنە لە كاتێكدا كە هەر دۆلارێك بە 36 هەزار تومەن بوو، هێڵی هەژاریی 10 ملیۆن تومەن بوە بۆ هەر خێزانێك.
زیاتر لە پێنج مانگە ناڕەزایەتییەكان لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران لە دوای مەرگی ژینا ئەمینییەوە ئەگەرچی كپ و بێدەنگ دیارە، بەڵام بەهێزتر بوە و چاوەڕێ دەكرێت لە شێوەی بوركانێك لە ئان و ساتێكدا بتەقێتەوە.