دەسەڵاتی تورکیا نەیتوانی هەڵبژاردن دوابخات و جەخت لەسەر ١٤ی ئایار وەک رۆژی هەڵبژاردن دەکرێتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوای بومەلەرزەکانی ٦ی مانگی شوبات کە کارەساتێکی مرۆیی گەورەی لێکەوتەوە، بەهۆی سەرقاڵبوون بە رزگاکردنی قوربانیان و هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان، پرسی هەڵبژاردن لە تورکیا کپکرابووەوە، بەڵام چەند رۆژێکە جارێکی دیکە، مشتومڕەکان لەبارەی ئەم پرسە دەستی پێکردووەتەوە.
ئەمڕۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)، لە کۆبونەوەی حەفتانەی پارتەکەیدا، ئاماژەی بە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی کرد و وتی، " گەلی تورکیا لە ١٤ی ئایاردا وڵامی پێویست دەداتەوە"
قسەکانی ئەردۆغان لە شەقامی سیاسی تورکیادا، کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە. زۆر پێنەچوو، کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی سوزجوی سەر بە پارتەکەی باسی هەڵبژاردنەکان کرد و ئەوەی خستەڕوو کە سبەینێ ٢ی ئازار شەش لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆن کە هاوپەیمانی گەلیان پێکهێناوە، کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا یەکلایی دەکەنەوە.
کلچدارئۆغلۆ ئاماژەی بە گۆتارێکی ئەردۆغان کرد کە بڕیارە رۆژی ١٠ی ئازار پێشکەشی بکات و تێیدا بە فەرمی رۆژی هەڵبژاردنەکان دیاری بکات کە ماوەیەک لەمەوبەر دەسەڵات هەوڵی دواخستنی دەدا کە ئەویش ١٤ی ئایارە و وتی، " دوای گۆتارەکەی ئەردۆغان، واتە لە رۆژی ١١ی ئازاردا، ناوی کاندیدی هاوبەشیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا بۆ رای گشتی و هاوڵاتیانی تورکیا ئاشکرای دەکەن.
دواتر ساروخان ئولوچ جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لە پەرلەمانی تورکیا، کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسی ئەنجامدا. ساروخان ئولوچ باسی قسەکانی ئەمڕۆی ئەردۆغان کرد کە وتبوی ' گەلی تورکیا لە ١٤ی ئایاردا وڵامی پێویست دەداتەوە' و ئاماژەی بەوەکرد، " ئەردۆغان ئەم جارە قسەی راستی کرد. گەلی تورکیا لە ١٤ی ئایاردا وڵامی ئەردۆغان و دەسەڵاتەکەی دەداتەوە و حساب لە دەسەڵاتی ئاکەپە دەپرسێت کە بەرپرسیاری کارەساتی بومەلەرزەیە."
ئێوارەی ئەمڕۆ کەمال کچدارئۆغلۆ سەرۆکی جەهەپە و ئەحمەد داودئۆغلۆ سەرۆکی پارتی دوارۆژ لە ماڵی داودئۆغلۆ لە ئەنقەرە کۆبونەوە. بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، لە کۆبونەوەکەدا کە دوور لە چاوی کامێراکان ئەنجامدراوە، باسی کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن کراوە.
دوێنێ کورشاد ئۆزەر وتەبێژی پارتی باش کە پارتەکەی یەکێکە لە شەش پارتەکەی ئۆپۆزسیۆن کە هاوپەیمانی گەلیان پێکهێناوە رایگەیاند، رێککەوتنێکی سەرەتایی لەبارەی کاندیدی سەرۆککۆماری کراوە و ئەوەشی ئاشکرا کرد کە سەرۆککۆماری داهاتوو یەک جێگری دەبێت، ئەویش لە پێکهاتەی پارتی باش دەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار