بەگوێرەی قسەی پسپۆڕێکی تورک ، "نزیکەی ٢٢٥ هەزار کەس لە بومەلەرزەدا گیانیان لەدەستداوە"
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پسپۆڕێکی بومەلەرزە و کارەساتەکان لە تورکیا ئامارێکی مەترسیداری بومەلەرزەکانی ٦ی شوباتی باکوری کوردستان و تورکیای راگەیاند و وتی، " ژمارەی گیانلەدەستانی بومەلەرزە کەڕەتی پێنج بکەن."
پرۆفیسۆر دکتور کوبیلای کاپتان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، نووسینێکی لەبارەی دۆخی زیانلێکەوتووانی بومەلەرزە و ژمارەی قوربانیان بڵاوکردەوە. کاپتان لە نووسینەکەیدا دەڵێت، " پرۆسەی رزگارکردن و بەهاناچوونی قوربانیان بومەلەرزە زۆر خاو بەڕێوەچووە. ئەمەش وادەکات، ئاماری راستی گیانلەدەستدان رانەگەیەندرێت.
بۆچوونی منیش بەم شێوەیەیە؛ پێنج ئەوەندەی ئاماری ئێستا هاوڵاتیەکانمان گیانیان لەدەستداوە، واتە ئاماری ئەمڕۆ کەڕەتی پێنج بکرێت، ئاماری راستەقینەی گیانلەدەستدان دیاری دەبێت."
ئەو پرۆفیسۆرە تورکە وتیشی، " بۆ زانینی ئاماری راستەقینە، پێویستە بە دروستی ئاماری باڵەخانە رووخاوەکان ئاشکرا بکرێت."
ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەگوێرەی ئامارە فەرمیەکان، ژمارەی گیانلەدەستدانی بومەلەرزەکانی ٦ی شوبات گەیشتووەتە نزیکەی ٤٥ هەزار کەس. ئەگەر بەقسەی ئەو پسپۆڕە بێت و ئەو ٤٥ هەزارە کەڕەتی پێنج بکرێت، ژمارەی گیانلەدەستدان دەکاتە ٢٢٥ هەزار کەس.