قەیرانی ئاو بۆ هەرێم دروست دەكات
ئێران بەتونێلێكی 36 كیلۆمەتری رێڕەوی سەرچاوە ئاوییەكانی زێی بچووك دەگۆڕێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوای 10 ساڵ دواجار ئێران بە كردنەوەی تونێلێكی 36 كیلۆمەتری دەیەوێت قەیرانی وشكبونی دەریاچەی ورمێ چارەسەر بكات كە بڕیارە ساڵانە 300 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە پیرانشار بەرەو دەریاچەكە بگوازێتەوە، بەڵام ئەو پڕۆژەیە بە بانگەشەیەكی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی لەقەڵەم دەدرێت كە زیانەكانی لە سودەكانی زۆر زیاترە.
زیانی ئەو پڕۆژەیە جگە لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان بەرۆكی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە چونكە دەبێتە مایەی كەمبونەوەی ئەو سەرچاوانەی كە دەڕژێنە زێ بچوك.
ئەگەرچی بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندوە تەنها لەو كاتانەدا ئاوی بەنداوی كانی سێو بۆ دەریاچەی ورمێ بەر دەدرێتەوە كە كاتی كشتوكاڵ نەبێت و زیان بە دانیشتوانی ناوچەكە نەگەیەنێت و رەچاوی مافی ئاوی وڵاتانی دراوسێ دەكرێت، بەڵام بڕیارە رێژەی ئەو ئاوەی كە رەوانەی دەریاچەكە دەكرێت بەپێی توانا و پێویستی بۆ دوو هێندە زیادبكرێت كە ئەوەش دەبێتە مایەی كەمبونەوەی زۆربەی سەرچاوە ئاوییەكانی سەر زەوی و ژێر زەوی لە سنوری نێوان رۆژهەڵات و هەرێمی كوردستان.
محەمەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ورمێ و ئەندامی دەستەی بوژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ رایگەیاندوە پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوی كانی سێو بە بودجەی (150) ملیار تومەن لە رابردودا كە دەكاتە نزیكەی سێ ملیۆن و 300 هەزار دۆلار لە ماوەی حەوت مانگدا لە لایەن ناوەندی (خاتەمولئەنبیا)ی سەر بە سوپای پاسداران جێبەجێكراوە.
ئێران گەیاندنی ئاوی لە بەنداوی كانی سێو لە سەردەشت بۆ دەریاچەی ورمێ بە گەورەترین پڕۆژەی ژینگەپارێزیی رۆژئاوای كیشوەری ئاسیا ناودەهێنێت لەكاتێكدا ئەو پڕۆژەیە بە هۆكارێك بۆ وشكبونی سەرچاوەكانی ئاوی سەردەشت و پیرانشار لەقەڵەم دەرێت كە هاوسنورن لەگەڵ هەرێمی كوردستان.
پلانی سوپای پاسداران لە كانی سێو بۆ زێی بچوك
لە (24/2/2023) بە ئامادەبونی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران لە پارێزگای ورمێ بەشی یەكەمی گواستنەوەی ئاو بۆ دەریاچەی ورمێ لە بەنداوی كانی سێو دەستی پێكرد كە شەش ساڵی خایاندوە و ئەوەش لە میدیاكانی سەر بە دەسەڵاتی وڵاتەكەوە بە پڕۆژەیەكی گەورەی ژینگەیی وەسفكرا كە گوایە لەلایەن كابینەی حكومەتی ئێستا جێبەجێكراوە.
بەنداوی كانی سێو لە پیرانشار روبەرەكەی لە 20 كیلۆمەتر نزیك دەبێتەوە و توانای گلدانەوەی ئاوی لە نێوان 221 ملیۆن بۆ 713 ملیۆن مەتر سێجا هەیە و كە ئاوی گلدراوەی ئەو بەنداوە لە رێگەی 36 كیلۆمەتر تونێل كە هەشتا مەتر دەكەوێتە قوڵایی زەوی و 11 كیلۆمەتر جۆگە و كەناڵی ئاو و 28 كیلۆمەتر روباری گادەر دواجار دڕژێتە دەریاچەی ورمێ.
بە گشتی دەیان روباری بچوك و گەورە دەڕژێنە بەنداوی كانی سێو كە بەرچاوترینیان چەمەكانی (كەڵوێ، كەڵۆسێ، ریزی، خدراوێ، خاسی، بادیناوێ، پردانان)ە.
كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندوە بڕی 980 ملیۆن دۆلار بۆ قۆناغی یەكەمی گەیاندن و گواستنەوەی ئاوی كانی سێو بۆ دەریاچەی ورمێ خەرجكراوە و 26 پڕۆژەی دیكە بۆ بوژاندنەوەی دەریاچەكە جێبەجێ دەكرێت كە زۆربەیان لە لایەن كۆمپانیاكانی سەر ناوەندی خاتەمولئەنبیا كە خاوەندارێتییەكانیان دەگەڕیتەوە بۆ سوپای پاسداران جێبەجێكراوە.
كەمال حسێن پور، نوێنەری پیرانشار لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاندوە؛ ئەو پڕۆژەیە و گەیاندنی ئاو بە تونلێل بۆ دەریاچەی ورمێ، كانی و بیری ئاوەكانی ناوچەكە وشك دەكات و ئەوەش قەیرانی دیكەی كەمئاویی بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانە دروست دەكات.
یەكەم قۆناغی گواستنەوەی ئاوی كانی سێو بەرۆكی سەرجەم ئەو روبارو سەرچاوانە دەگرێت كە دەڕژێنە زێی بچوك لەهەرێمی كوردستان و هاوشێوەی ساڵانی رابردو كێشەی گلدانەوە و گرتنەوەی ئاو لە لایەن ئێرانەوە دەبێتە كارتێكی فشار دژی هەرێم و تەنانەت عێراقیش.
ئاوی كانی سێو دادی دەریاچەی ورمێ نادات
لەلێكۆلینەوە زانستییەكاندا سەبارەت بە بوژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ دەركەوتوە كە دەبێت ئاوی ئەو دەریاچەیە بگاتە ئاستی هەزار و 274 مەتر بۆ ئەو مەبەستەش پێویستی بە زیاتر لە سێ ملیار مەتر سێجا ئاو لە ساڵێكدا هەیە، بەڵام پڕۆژەكەی ئێستای ئێران تەنها 300 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگەیەنێتە دەریاچەكە.
بە پێی دوایین ئامار لە 10 ساڵی رابردوودا بڕی سێ ملیار و 600 ملیۆن مەتر سێجا ئاوای دەریاچەی ورمێ بەهۆی زیادەڕوییەكانەوە كەمی كردوە و تەنها لە ساڵی رابردودا هەزار و 500 كیلۆمەتر لە روبەڕەكەی بە تەواوەتی وشكبوە لە كاتێكدا برێار بوو چوار ملیار دۆلار لە ماوەی ئەو 10 ساڵەدا بۆ بوژانەوەی دەریاچەكە تەرخان بكرێت.
بیابانێكی وشك و سوێر
دەریاچەی ورمێ كە بە دەریاچەی خوێ ناو دەهێنرێت بە گەورەترین دەریاچەی كوردستان و لە ساڵی 1998 بە 25ەمین دەریاچەی گەورەی جیهان لەقەڵەم دراوە، ئەگەر ئەو دەریاچەیە لە قەیرانی بێ ئاویی رزگاری نەبێت مەترسی رودانی خوێبارین هاوشێوەی خۆڵبارین هەیە كە ئەوەش بە روداوێكی مەترسیداری ژینگەیی ناودەهێنرێت.
روبەری دەریاچی ورمێ كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی كوردستان لە ساڵی رابردوودا سێ هەزار و 607 كیلۆمەتر دوجا بوە بەڵام ئەمساڵ روبەرەكەی بۆ دوو هەزار و 396 كیلۆمەتر كەمی كردوە.
وشكبوونی ئەو دەریاچەیە ژیانی 14 ملیۆن كەس دەخاتە مەترسییەوەو رووبەری پێنج هەزار و 257 كیلۆمەتر زەویش لە نزیك ورمێ دەبێتە بیابانی خوێ.
دەریاچەی ورمێ 22 ساڵە روبەڕوی وشكەساڵی دەبێتەوە و ساڵی 2015 لە وێنەكانی مانگی دەستكرددا دەركەوتوە نزیكەی 88٪ی وشكبوە و ئەمساڵیش بە پێی خەمڵاندنەكان و وێنەكانی مانگی دەستكرد زیاتر لە 95٪ی ئاوەكەی وشكبوە و دەریاچەكە بوەتە بیابانێك لە خۆڵ و خوێ.
دەسەڵاتی ئێران لەساڵی 2012 ناوەندی بوژاندنەوەی دەریاچەی ورمێی پێكهێنا و بڕیاربوو لەچوارچێوەی پلانێكی 10 ساڵیدا قەیرانی وشكبونی دەریاچەكە چارەسەر بكرێت.
لە سەرەتای بەهاری ساڵی رابردوودا تەنها 25 سانتیمەتر ئاستی ئاوی دەریاچەی ورمێ بەرزبوەتەوە كە ئەویش بەهۆی بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما 22 سانتیمی بووە بەهەڵم و تەنها سێ سانیتم لەئاوی ساڵی رابردوی تێداماوە.
ئاستی ئاوی ئێستای دەریاچەی ورمێ دوو ملیار و 480 ملیۆن مەتر سێجایە، ئەو بڕە لە ساڵی رابردوودا یەك ملیار و 440 ملیۆن سێجا بووە، لەكاتێكدا ئەو دەریاچەیە دەبێت لە حاڵەتی ئاسایی خۆیدا 13 ملیار مەتر سێجا ئاو لەخۆی بگرێت.
لە راپۆرتەكانی تیمی كۆنتڕۆڵی قەیرانی دەریاچەی ورمێ دەركەوتووە ئەو دەریاچەیە پێوییستی بە پێنج تا 12 ملیار مەتر سێجا ئاو هەیە بۆ ئەوەی كارەساتی سروشتی لەو ناوچەیەی رۆژهەڵاتی كوردستان و دەوروبەری روونەدات.
پێشتر بەڕێوبەری كۆنتڕۆڵی قەیرانەكانی پارێزگای ورمێ رایگەیاند: 95٪ی ئاوی دەریاچەكە كەمی كردوە و دەریاچەی ورمێ لە هەموو كاتێك زیاتر مەترسیی وشكبونی لەسەرە.
پلانی هەڵەی بەكارهێنانی ئاو و گۆڕینی رێڕەوی ئەو سەرچاوانەی كە پێشتر دەڕژایە دەریاچەی ورمێ، هۆكاری سەرەكی وشكبونی دەریاچەكە بووە چونكە ئاوی ئەو دەریاچەیە بەشێوەیەكی نەگونجاو بۆ كشتوكاڵ و كارگە پیشەسازییەكانی پارێزگای تەبرێز و چەند ناوچەیەكی دیكە لەئێران بەكار دەهینرێت.
ساڵانە زیاتر لە یەك ملیۆن و 200 تۆن سێو لەپارێزگای ورمێ بەرهەمدەهێنرێت كەسەرچاوەی ئاودانی باخە سێوەكانی ئەو سنورە ئاوی دەریاچەكەیەتی، بەڵام بەوتەی بەرپرسانی پارێزگاكە نزیكەی 500 تۆن لەو سێوە لەژێر دارەكاندا دەمێنێتەوەو دەڕزێ و خراپ دەبێت چونكە بە سیستمی كشتوكاڵی ئێستای ئێران هەر كیلۆیەك سێو زیاتر لە 100 لیتر ئاوی پێویستە كەئەوەش كاریگەرییەكی زۆری لەسەر كەمبوونەوەی ئاوەكە هەیە.
ئێران و ئاو
ئێران كە لە رابردودا دەیانجار بە بیانوی بونی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە ئاگر و ئاسن و بەهەموشێوەیەك هێرشی سەربازیی دژی هەرێم ئەنجام داوە دور نییە بە بیانوی بوژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان وشك نەكات بە تایبەت كە پڕۆژەی بەناو بوژانەوەی ورمێ لە لایەن سوپای پاسدارانەوە جێبەجێ دەكرێت.