بایک: لەم هەڵبژاردنەدا ئاکەپە لەسەر دەسەڵات لادەدرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

جەمیل بایک رایگەیاند، کوڕ، زاوا، کچ، خزم و کەسوکار و دەوروبەرەکانی ئەردۆغان هەموو بەهۆی کاری گەندەڵی و بەرتیلەوە ناویان کەوتووەتە سەر زار.

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ئاماژەی بە پرسی هەڵبژاردن، بومەلەرزە و گەندەڵی لە تورکیادا کرد. جەمیل بایک وتی، "بومەلەرزە کاریگەری لەسەر هەڵبژاردن دادەبێت. دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە بەدڵنیاییەوە هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکات. تاکە کارت کە بەدەستیانەوە ماوە نەتەوەپەرستیە. لە کاتێکدا کە کۆمەڵگا لە هەموو ئاستێکدا برسی کراوە، گەندەڵی و کردەوەی چەوت دەکرێن، گوشار و ستەم لەسەر کۆمەڵگا هەیە، کۆمەڵگا وەک پێشتر ناکەوێتە ژێر کارتێکەری پرۆپاگەندەی نەتەوەپەرستی، لەو بڕوایەدا نیم کە وەک پێشوو پاڵپشتی لە دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە بکات."

بایک لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، ئاشکرایە کە لە هەڵبژاردندا هاوپەیمانی رەنج و ئازادی بە پێشەنگایەتی هەدەپە یەکلاکەرەوە دەبێت. هاوپەیمانی کۆمار و گەل باش ئەوە دەزانن. بە بێ پشتیوانی هەدەپە نە هاوپەیمانی کۆمار و نە هاوپەیمانی گەل ناتوانن بیبەنەوە و دەڵێت، "هەڵبژاردن دوابخرێت و دوانەخرێت ئەو راستیە ناگۆڕێت. بە بڕوای من کامە کاندید یاخود هاوپەمانی بە شێوەیەکی ئەرێنی و یەکگرتوو مامەڵە لەگەڵ چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد و دیموکراتیبوونی تورکیا بکات، هاوپەیمانی رەنج و ئازادیش پشتیوانی ئەوان دەکات. هەدەپە و پێکهاتەکانی ئەو دۆخە یەکلاکەرەوە و گرنگەی خۆی بەو تێگەیشتنە بەرپرسیارانەیە هەڵدەسەنگێنێت.هەڵبژاردن لە کاتی خۆیشیدا بکرێت بە بڕوای من هەدەپە و هێزە دیموکراسییەکان بۆ ئەوە ئامادەن."

هاوسەرۆکی کەجەکە لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، " لە راستیدا ئاکەپە دۆڕاندوویەتی. وای بۆ دەچم لە مێژووی تورکیادا هەرگیز وەک ئێستا کاری گەندەڵی، دزی و پێشێلکاری نەکراوە. کوڕ، زاوا، کچ، خزم و کەسوکار و دەوروبەرییەکانی ئەردۆغان هەموو بەهۆی کاری گەندەڵی و بەرتیلەوە ناویان کەوتووەتە سەر زار. کۆمەڵگا باش ئاگاداری ئەوەیە. لەماوەی دەسەڵاتداری ٢٠ ساڵەدا بە ئاشکرا دەرکەوتووە کە دەسەڵاتداری ئاکەپە چەندە نادادپەروەرە، بەرژەوەندیپەرستە. کۆمەڵگاش ئەوەی بۆ دەرکەوتووە. ئابووری تورکیا دەتوانرێت بوترێت لەناوچووە، هەڵاوسان گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی ٤٠ ساڵی رابردوو. هەژاری و بێکاری لە بەرزترین ئاستدایە. هاوکات ناسەقامگیری سیاسی زۆر دەبێت. ئاکەپە لەگەڵ سیاسەتی ئێستای جیهانیش یەکناگرێتەوە و ناتەبایە. ئەردۆغان بە مێشکی عوسمانی و نەتەوەپەرستی وشکی خۆی هەموو کەسی کردووە بە دوژمن. هەربۆیە مسۆگەرە کە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ئاکەپە لە دەسەڵات لادەدرێت."

بایک لەبارەی چارەسەری پرسی کوردیش دەڵێت، " ئەوە ڕاستییەکە کە ئەمریکا لە دژی هە بوونی گەلی کورد و خەباتی ئازادی، پشتیوانیی سەربازی، ماددی، سیاسی و دەروونی بێکۆتایی بە دەوڵەتی تورک کردووە. ئەگەر وا نەبوایە دەوڵەتی تورک نەیدەتوانی شەڕێکی وەها درێژخایەن لە دژی گەلی کورد و پەکەکە ئەنجام بدات و نەیدەتوانی هێندە بە ئاسانی مامەڵە بکات و هەموو جۆرە شەڕێک ئەنجام بدات، نەیدەتوانی تاوان و کۆمەڵکوژی ئەنجام بدات، چونکە لێپرسینەوەی لەگەڵ نەکرا. ئاشکرایە کە ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ و هێزە نێودەوڵەتییەکان پشتگریەکی زۆریان لە دەوڵەتی تورک کردووە. تاوانیان ئەنجامداوە کە پێویستە بەپێی یاسای شەڕ و تاوانی قڕکردن دادگایی بکرێن، بەڵام کەس لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ناکات. ئێمە چاوەڕوانیمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە، بە تایبەت لە ئەمریکا. بەڕاستی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانن زۆر شت بکەن. ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر دەوڵەتی تورک هەیە. هۆکاری ڕوون بۆ ئەمە هەیە. لەبەرئەوەی ئەمریکا لە هەموو ئاستێکدا پشتیوانی دەوڵەتی تورک دەکات، لە شەڕی کورد و پەکەکەدا. کێشەی متمانە لە نێوانیاندا لەم بابەتەدا نییە. وەک ڕوونم کردەوە دەوڵەتی تورک ناتوانێت بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ لەم شەڕە بەردەوام بێت ئەگەر لە دژی ناڕەزایەتی ئەمریکا بێت. ئێمە و دەوڵەتی تورکیش زۆر باش ئەمە دەزانین. لەم ڕووەوە ڕۆڵی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرنگە. پێویستە فشار بخاتە سەر تورکیا، هانی بدات کە دەستبەرداری ستراتیژ و پیلانی شەڕ بێت و چارەسەری دیموکراسی و سیاسی قبوڵ بکات. ئەگەر وابێت ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕێت لە چارەسەرکردندا."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار