ناتۆ: هەناردەکردنی چەک و کەرەستەی سەربازیی ئێران بۆ روسیا دوو هێندە زیادی کردوە

ئەمریکا هەنگاوە سەربازییەکانی دژی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێدەکات

کۆبونەوەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و سەرۆک ئەرکانی هێزەکانی ئەمریکا

2 ساڵ لەمەوپێش



گۆڤارێک ئاشکرای دەکات ئێران دوو هێندەی رابردو چەک و کەرەستەی سەربازیی رەوانەی روسیا کردوە و ئەمریکا ئامادەکاریی دەکات بۆ بەرپەرچدانەوەی سەربازیی دژی تاران و بۆ ئەو مەبەشتە وەزیری بەرگریی و فەرماندەی گشتی هێزەکانی رەوانەی چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

گۆڤاری (فۆڕێن پاڵسی) ئەمریکی لە راپۆرتێکدا لە زاری پێنج بەرپرسی وڵاتانی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) بڵاوی کردوەتەوە؛ ئێران سەرەڕای ئەو فشارانەی لەسەریەتی ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکی بۆ روسیا بۆ زیاتر لە دوو هێندەی رابردو زیاد کردوە.

بەرپرسەکانی ناتۆ ئاماژەیان بەوە کردوە؛ ئەو چەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ئێران لە جەنگی دژی ئۆکرانیا بەکاردەهێنرێن دەبێتە هۆ درێژبونەوەی ماوەی جەنگەکە.

بە وتەی پێنج بەرپرسەکەی ناتۆ بۆ فۆڕێن پاڵسی: ئەمریکا و هاوپەیمانانی بەرپرسیاری سەرەکیی راگرتنی ناردنی چەک و کەرەستەی سەربازیی ئێرانن بۆ روسیا بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کاریگەر سەرەڕای سزاکانی واشنتۆن دژی ئەو وڵاتە نەیتوانیوە ببێتە هۆی راگرتنی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان مۆسکۆ و تاران.

لە لایەکی دیکەوە دانا سترۆول، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ (ئەلجەزیرە) رایگەیاندوە؛ وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) دابینکردنی پێداویستییەکانی رێکاری سەربازیی لە دژی ئێران لە ئەستۆیە و دەبێت وەزارەتەکە ئامادەکاریی بکات بۆ جێبەجێکردنی داواکاریی ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەڵام واشنتۆن دوای شکستی فشاری سیاسی و دیپلۆماسی پەنا بۆ بژاردەی سەربازیی دەبات.

سترۆل وتویەتی؛ لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە چوارچێوەی پلانی نوێی پاراستنی هاوپەیمانانی واشنتۆن سەردانی وڵاتانی ئۆردن، میسر و ئیسرائیل دەکات و بە مەبەستی بەرەنگاربونەوەی جموجۆڵە سەربازییەکانی ئێران لەگەل بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتانە کۆدەبێتەوە.

هاوکات رۆژی هەینی مارک میلی، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا لە کاتی کۆبونەوە لەگەڵ یۆئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە تەلئەبیب رایگەیاند؛ گفتوگۆیان کردوە سەبارەت بە مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

نوسینگەی گاڵانت لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ تلئەبیب و واشنتۆن جەخت لە هاوکارییەکانیان دەکەنەوە بۆ رێگریی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران و دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی لە لایان کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە و لەو چوارچێوەیەشدا بڕیارە وەزیری بەرگریی ئەمریکا سەردانی ئیسرائیل بکات.

پێشتر رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) بڵاوی کردبوەوە؛ جۆ بایدن وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی راسپاردەوە بۆ ئامادەکارییەکانی بە مەبەستی بەکارهێنانی بژاردەی سەربازیی دژی ئێران و تەنانەت ژمارەیەک بنکەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتەش دیاریی کراون کە لە ئەگەری شکستی تەواوەتیی دانوستان و رێککەوتنی ئەتۆمیی بکرێنە ئامانج.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار