کچانی 90 خوێندنگە لە رۆژهەڵات و ئێران ژەهراویی دەبن

ژەهراویبونی کچانی خوێندکار 18 پارێزگا دەگرێتەوە

ژمارەیک خوێندکاری ژەهراویبو لە نەخۆشخانە

2 ساڵ لەمەوپێش



زیاتر لە دەیان خوێندکاری کچ ئەمرۆش بەهۆی ژەهراویبونەوە رەوانەی نەخۆشخانەکان کران و وەزیری ناخۆی ئێرانیش دەڵێت سەرەداوی گرنگیان دەستکەوتوە و بەمزوانە ئاشکرای دەکەن.

میدیا و راگەیاندنەکانی ئێران بڵاویان کردەوە؛ رۆژی یەکشەممە دەیان خوێندکاری کچی شارەکانی ئەهواز، ئەسفەهان، تەبرێز، تاران، کەرەج وکاشان و چەند شارێکی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی ژەهراویبونەوە رەوانەی نەخۆشخانەکران و لە پەرلەمانی ئێران دەماقڵێ لە نێوان سەرۆکی پەرلەمان و پەرلەمانتاران لەسەر روداوەکانی ژەهراویکردنی کچان رویدا.

رۆژنامەی (ئیعتیماد) بڵاوی کردوەتەوە؛ ژەهراویبون لانیکەم 90 خوێندگەی کچانی گرتوەتەوە و ئەمڕۆش ئەو روداوانە لە دەیان خوێندگەی کچانی سەرتاسەری ئێران رویداوە و لە هەندێک شار نەخۆشخانەکان جێگایان بۆ کچانی ژەهراویبو نەماوە و لە دەرەوەی نەخۆشخانەکان چارەسەریان وەرگرتوە.

لە لایەکی دیکەوە ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە؛ رۆژی یەکشەممە ژمارەیەک خوێندکاری کچی چەند خوێندگەیەکی سەرپێل زەهاو لە پارێزگای کرماشان و نایسەر لە سنە و چەند خوێندنگەیەک لە ئیلام ژەهراویبون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون.

ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند؛ هەندێک سەرەداو لە لایەن دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانەوە دەرکەوتوە و بەمزوانە وردەکارییەکان بۆ خەڵکی وڵاتەکە ئاشکرا دەکەین.

ماوەی زیاتر لە مانگێکە روداوی ژەهراویبونی خوێندکارانی کچ، ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتوە و سەرچاوەکانی ناوخۆی وڵاتەکەش ئاماژەیان بەوە کردوە کە نزیکەی 100 رۆژە ئەو روداوانە رودەدەن بەڵام هۆکارەکان ئاشکرا نەکراون.

پزیشکێکی پسپۆڕ ئاشکرای کردوە ژەهراویبونی کچانی خوێندکار بەهۆی تێکەڵەی چەند ماددەیەکی کیمیاییە کە دەست کەسانی ئاسایی ناکەوێت و کاریگەریی لەسەر کۆئەندامی هەناسە دەکات و دەبێتە هۆی ترس و دڵەڕوکێ و دروستبونی کێشەی کاتی لە هەناسەداندا.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار