سبەینێ ئۆپۆزسیۆنی تورکیا کاندیدەکەی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی رادەگەیەنێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هاوپەیمانی گەل کە لەلایەن پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا پێکهێنراوە، بڕیارە سبەینێ کاندیدی هاوبەشی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا ئاشكرا بکەن و پارتی باشیش کە لە هاوپەیمانێتیەکە کشایەوە دەڵێت، بە هیچ شێوەیەک پشتگیری لە ئەردۆغان ناکەن.

ئیسماعیل سایماز رۆژنامەنووسێکی دیاری تورکیا لە تویتێکدا رایگەیاند، بڕیارە سبەینێ کەمال کلچدارئۆغلۆ، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری، ئەحمەد داودئۆغلۆ سەرۆکی پارتی دوارۆژ، عەلی باباجان سەرۆکی پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی، تەمەل قەرەمەلائۆغلۆ سەرۆکی پارتی سەعادەت و گولتەکین ئۆیسال سەرۆکی پارتی دیموکرات، بۆ جاری یەکەم بەبێ مەراڵ ئاکشەنەر سەرۆکی پارتی باش کە رۆژی هەینی لە هاوپەیمانی گەل کشایەوە کۆببنەوە.

ئەو رۆژنامەنووسە ئاماژەی بەوەکرد کە دوای کۆبونەوەکەی سبەینێ، هاوپەیمانی گەل کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا ئاشکرا دەکات کە ئەویش کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماریە.

لەلایەکی دیکەوە، فەرەیدون باهشی، پەرلەمانتاری پارتی باش کە پارتەکەی کەمال کلچدارئۆغلۆی پێ قبوڵ نییە و بەو هۆیەوە لە هاوپەیمانێتیەکە کشایەوە، رایگەیاند، ئەوان بە هیچ شێوەیەک دەنگ بە کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار نادەن کە بە ئەگەرێکی زۆر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری ئێستا و سەرۆکی ئاکەپەیە. باهشی وتی، " ئەگەر لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا کەمال کلچدارئۆغلۆ و ئەردۆغان بە تەنیا بمێننەوە، پارتی باش دەنگ بە کلچدارئۆغلۆ دەدات."

دوای ئەوەی رۆژی هەینی ٣ی ئازار، پارتی باش لە هاوپەیمانی گەل کشایەوە، رەخنەیەکی زۆری لێگیرا کە ئەو هەنگاوەی لە بەرژەوەندی هاوپەیمانی کۆمار ناوە، بەڵام بەرپرسانی ئەو پارتە رەتیان کردەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە، میدیاکانی تورکیا باسی ئەوەیان کرد، دوابەدوای ئەو پێشهاتە، هاوپەیمانی گەل خۆی لە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) نزیک کردووەتەوە، بۆ ئەوەی جێی پارتی باش بگرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەدەپە بە شێوەیەکی فەرمی ئەو هەواڵانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار