موچە لە ئێران 20% بۆ 90% بەرز کرایەوە

لانیکەمی موچە لە ئێران بۆ 155 دۆلار لە مانگێکدا بەرز دەبێتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



پەرلەمانی ئێران بڕیاریدا بە بەرزکردنەوەی موچە لە وڵاتەکە و لانیکەمی موچە دەگاتە 155 دۆلار لە مانگێکدا.

میدیای ئێران بڵاویان کردەوە لە دانیشتینی ئەمرۆ یەکشەممەی پەرلەمانی ئێران لە دانیشتنی تایبەت بە بودجە بڕیاردراوە بە زیادکردنی موچە بە رێژەی 20% و لانیکەمی موچە لە وڵاتەکەشدا بە حەوت ملیۆن و 920 هەزار تمەن دیاریی کراوە.

هەر بە پێی ئەو پڕۆژە یاسایەی بودجەی ساڵی داهاتوی ئێران کە دوای نەورۆزی ئەمساڵ دەست پێدەکات موچەی ئەو کەسانەی کە هاوکاریی دارایی حکومەت وەردەگرن بە رێژەی 40% بەرز دەکرێتەوە.

موچەی سەربازەکانی وڵاتەکە بە رێژەی 60% بەرز کراوەتەوە کە لە ساڵێکدا 48 ملیۆن تمەن دەکات و ئەو سەربازانەی لە ناوچە هەستیار و مەترسیدارەکاندان بە رێژەی 75% کە دەکاتە 60 ملیۆن تمەن لە ساڵێکدا و هاوکات موچەی ئەو سەربازانەی هاوژین و منداڵیان هەیە بە رێژەی 90% بەرز کراوەتەوە کە دەکاتە72 ملیۆن تمەن لە ساڵێکدا.

بڕیای پەرلەمان لە کاتێکدایە ئاستی هێڵی هەژاری بۆ هەر خێزانێک لە ئێران بە 15 ملیۆن تمەن بۆ 18 ملیۆن تمەن دیاریی کراوە.

بەهای یەک دۆلار لە ئێستادا 51 هەزار و 50 تمەن و لە ماوەی رابردودا بۆ یەکەمجار لە مێژوی دراوەکاندا بەهای یەک دۆلار لە ئێران گەیشتە زیاتر لە 60 هەزار تمەن و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بەڵێنیان داوە بەهای هەر دۆلارێک بۆ 40 هەزار تمەن دابەزێنن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار