داعش جموجوڵەکانی لە دەوری زیندانی سناعەی حەسەکە چڕ کردووەتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرچاوە ئەمنیەکانی رۆژئاوای کوردستان رایانگەیاند، تیرۆریستانی داعش جموجوڵەکانیان لە دەوری زیندانی سەناعەی حەسەکە کە بە هەزارن تیرۆریستی داعش تێدایە چڕ کردووەتەوە و رێوشوێنی توندی ئەمنی لە ناوەندی حەسەکە گیراوەتەبەر.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی نۆرس پرێسی راگەیاند، زانیاری هەواڵگرییان دەستکەوتووە کە ئاماژە بە جموجوڵی شانەیەکی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەکەن لە دەوروبەری زیندانی سناعەی حەسەکە.

ئاژانسەکە دەڵێت، هێزە ئەمنییەکان بەشێکی ئەو رێگایەیان داخستووە کە بە تەنیشت زیندانەکەوە دەڕوات و دۆخەکە لە ئێستادا لە ناوەوە و دەرەوەی زیندانەکەدا سەقامگیرە، بەڵام دەنگۆی ئەوەش بڵاوبووەتەوە کە ژنانی داعش لەنێو کەمپی هۆڵ ئامادەکاریان بۆ یاخیبوون کردووە و بۆیەش لە کەمپەکە رێوشوێنی ئەمنی گیراوەتەبەر.

٢٠ی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢، زیندانی سناعەی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان رووبەرووی هێرشێکی چەکداری گەورەی تیرۆریستانی داعش بووەوە کە نزیکەی چوار هەزار زیندانی داعش تێیدا رادەگیرێن.

هەسەدە دوای شەش رۆژ لە شەڕ و ئاڵۆزی رایگەیاند کە زیندانەکە و ناوەندی حەسەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە. بەگوێرەی ئامارەکان، لە شەڕی شەش رۆژی نێوان شەڕڤانان و تیرۆریستانی داعشدا، ٩٨ شەڕڤانی هەسەدە و ئەندامی ئاسایش شەهید بوون و ٢٦٨ تیرۆریستی داعش لەناو و دەرەوەی زیندانەکە کوژران.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار