وتەبێژی بزوتنەوەی هیوا"له ناڕەزاییەکانی ئێراندا ئەوحزبانەی هێزی چەکداریان هەبوو نەیانتوانی هیچ رۆڵێکیان هەبێت"
2 ساڵ لەمەوپێش
بزوتنەوەی هیوا وەكو هێزێكی سیاسی نوێ خەبات بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات و ماوەی چوارساڵە دامەزراوە، وتەبێژی بزوتنەوەكە دەڵێت: «بزووتنەوەی هیوا رێكخستنەكانی بەسێ بەش دابەشكردووە، كە بەشێكی زۆری لەڕۆژهەڵاتی كوردستانەو بەشێكی لەباشووری كوردستانەو بەشێكیشی لەدەرەوەی وڵاتە».
سەربەرز ( رەحمان بەربەری ) وتەبێژی بزوتنەوەی هیوا لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی دەڵێت: بزووتنەوەی هیوا لەلایەن كۆمەڵێك چالاكی سیاسیی رۆژهەڵاتی كوردستان لەساڵی 2019 دامەزراوە.
راشیگەیاند: راستە حزب و رێكخراوەی سیاسیی لەڕۆژهەڵاتی كوردستان بوونی هەیە، بەڵام گوتاری سەربەخۆییخوازانە لەناو بزووتنەوەی سیاسیی رۆژهەڵاتدا غائیب بوو.
: بزوتنەوەی هیوا هەیكەل و رێكخستنەكەی چۆنەو بۆچی لەژێر ناوی بزوتنەوەدا سیاسەت دەكەن؟
سەربەرز: سەرەتا زۆر سوپاستان دەكەم بۆ ئامادەكردنی ئەم وتووێژە، بزووتنەوەی هیوا لەلایەن كۆمەڵێك چالاكی سیاسیی رۆژهەڵاتی كوردستان لەكانوونی یەكەمی 2019 (23ی سەرماوەزی 2719) كوردی دامەزرا، بزووتنەوەی هیوا وەكو بزاڤێكی سەردەمیانە بەشێوەی ئەنجومەن بەڕێوەدەچێت و لەجێگای رێبەریی، وتەبێژیی هەیە.
بزووتنەوەو شۆڕش زۆر خاڵی هاوبەشیان هەیە كە لەگەڵ حزب جیاوازیان دەكات، بزووتنەوەی سیاسیی توانای هەڵگریساندنی شۆڕشی هەیە، كەحزب ئەو زەرفیەتەی نییە.
كوردستان وەكوو خاك و نیشتمانی داگیركراو، یان كورد وەكوو نەتەوەیەكی ژێردەست، پێویستی بەبزووتنەوە هەیە تا حزب، چونكە هەروەكو عەرزمكردن بزووتنەوە توانای هەڵگیرسانی شۆڕش و گۆڕانكاریی بنەڕەتی هەیەو خاوەن هێزو داینامۆی خۆیەتی كە بەردەوام لەبەرەوپێشچوونە.
: ئەم پرسیارەم دوو بەشە، یەكەم، بارەگاو ناوەندی سەركردایەتی بزوتنەوەی هیوا لەكوێیە، دووەم، لەم قۆناغەدا كە لەتاراوگەن میكانیزمی ئێوە بۆ سیاسەتكردن و خەباتكردن چۆنە، روونتر بڵێم چالاكییەكانتان لەم قۆناغەدا چیە؟
سەربەرز: هەروەكو ئاگادارن رژێمی ئێرانی لەعێراق و باشووری كوردستان هەم هەژموونی خۆی هەیەو هەم لایەنی پرۆكسی، هەربۆیە بزووتنەوەی هیوا بۆ ئەوەی كە سەرئێشە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دروستنەكات و سەروەری سیاسیی خۆشی بپارێزێت و نەكەویتە ژێر گوشار، بارگای لەباشووری كوردستان نییە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە، كە بزووتنەوە خەڵكی خۆی لەباشووری كوردستان نەبێت.
بزووتنەوەی هیوا لەیەك دوو وڵات بە نافرمی بارەگای هەیە، كە وەكو باری ئەمنی لەناوهێنانی ئەم وڵاتانە خۆم دەپارێزم.
بزووتنەوەی هیوا رێكخستنەكانی بەسێ بەش دابەشكردووە، كە بەشێكی زۆری لەڕۆژهەڵاتی كوردستان، بەشێكی لەباشووری كوردستان و بەشێكی لەدەرەوەی كوردستانە، بزووتنەوەی هیوا توانیویەتی زۆر بەباشی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ناوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان رێكبخات و هەرسێ بەش لەڕێكخستنەكانمان بەیەكەوە گرێدراون و لە دەرەوەی كوردستانیش بەشی دیپلۆماسی كاری خۆی دەكات.
: لەڕۆژهەڵاتی كوردستاندا چەندین حزب و هێزی سیاسی بوونیان هەیە، ئێوە بەدروستكردنی بزوتنەوەی هیوا دەتانەوێت چی سەرباربكەن بۆ خەباتی گەلی كورد لەڕۆژهەڵات و پێتانوایە چی بۆشاییەك هەیە دەتانەوێت پڕی بكەنەوە؟
سەربەرز: راستە حزب و رێكخراوەی سیاسیی لەڕۆژهەڵاتی كوردستان بوونی هەیە، بەڵام گوتاری سەربەخۆییخوازانە لەناو بزووتنەوەی سیاسیی رۆژهەڵاتی كوردستان غایب بوو، گوتارێك كەهەڵگری باری مەعریفەی سیاسیی بێت و بەشێوەیەكی سەردەمیانە بتوانێت ئەو هێزو داینامۆیە بێت كە بتوانێت ئاتمۆسفێرێك بخوڵقێنێت تاشەقامی كوردی بەجووڵە بخات و دەوڵەتی دیموكراتیكی كوردستان وەكو پارادایمێك پێشكەشی بكات و ببێتە ستراتیژی.
: وەك لەبەرنامەی سیاسی بزوتنەوەكەدا ئاماژەتان پێكردوە باوەڕتان بەهێزی چەكدار نیە، بۆچی، ئایا میللەتێك لەقۆناغی رزگاری نیشتمانیدا بێت و لەدژی دەسەڵاتێكی ستەمكار خەبات بكات، پێتانوانیە پێویستە هێزی چەكداری هەبێت؟
سەربەرز: ئێمە وەكو بزووتنەوەی هیوا باوەڕمان بەچەكداری حزبی نییە كە بووەتە بەشێك لەكێشەو ململانێی دەسەڵات و هەمیشە مەترسی هەڵگیرساندنی شەڕی براكوژییان لەسەر بووە، ئامانجی ئێمە بۆ پاراستنی خاكی كوردستان دامەزراندنی هێزێكی نیشتمانییە، نەك پێكهێنانی هێزی چەكداری حزبی بۆ بەرژەوندی تەسكی حزبی، تەنانەت لەشۆڕشی ژن ژیان ئازادی ئەو لایانانەی كەچەكداری حزبیشیان هەبوو نەیانتوانی هیچ رۆڵێكیان هەبێت.
: پەیوەندیتان لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی تری رۆژهەڵاتی كوردستان چۆنەو تائێستا هیچ كۆبوونەوەو دانیشتنێكتان هەبووە لەگەڵ هێزێك یاخود بەرەیەك لەهێزە سیاسییەكانی رۆژهەڵات، ئایا كام لەهێزە سیاسییەكانی رۆژهەڵات لە روئیاو ستراتیژی ئێوەوە نزیكە؟
سەربەرز: ئەوەی راستی بێت وەكو پەیوەندیی تەنیا لەگەڵ لایانە سەربەخۆیی خوازەكان پەیوندیمان هەیەو رەنگە لەداهاتووشدا بتوانین لەگەڵ لایانەكانی دیكە نزیكتر ببین، ئەڵبەتە ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كەئەوانیش تاچ رادەیەك بۆ لێكنزیكبوونەوە هاوكاردەبن.
: لەناڕەزایی و خۆپیشاندانەكانی چەند مانگی رابردووی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێراندا، رۆڵ و چالاكی ئێوە چی بووە؟
سەربەرز: بەخۆشحاڵییەوە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بەحزبی نەكراوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ باری وشیاری نەتەوایەتی، دەنا ئێمەش حزورمان هەبووە، تەنانەت هەزینەو بەهاشمان بۆ داوە، ئەگەریش زۆر دەرنەكەوتووین لەڕاگەیاندنەكان دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی میدیاو لۆبی گری كە لەمیدیاكان نەمان بووە یاڕێگامان لێبەستراوە. ئێمە رێكخستنەكانمان بەهێزە بەڵام میدیای بەهێزمان نییە. شۆڕشی ژن ژیان ئازادی ئازموونێكی گەورە بوو بۆ بزووتنەوەی هیوا، چونكە توانیمان هەم خاڵە بەهێزەكانمان ببینین، هەم خاڵە لاوازەكانمان دەركەون، كەدەكرێت لەو سۆنگەیەوە خۆمان زیاتر بەهێز بكەین.
هەرچەند كەموكوڕی هەیە بەڵام بەشانازییەوە بزووتنەوەی هیوا لەشۆڕشی ژن ژیان ئازادی سەربەڵند هاتەدەر، هەرچەندە ئەوە ناكاتە ئەو واتایە كەتێكۆشان بەهێزتر نەكەین.
بزووتنەوەی هیوا هەر لەسەرەتای دامەزرانی هەڵگری ئەم دروشمە بوو سەربەخۆیی بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان لەئیلام و لوڕستان تادەگاتە ماكۆ (دەوڵەتی دیمۆكراتیكی كوردستان) لەیەكەم رۆژی دامەزراندنی بەفەرمی ناسینی ئاڵای كۆماری كوردستان و دانانی نەخشەی رۆژهەڵاتی كوردستان وەكو ستراتیژی بزووتنەوەكە.
هەروەكو ئاگادارن نەتەوەی ئێمە لەمەیدانی پراکتیكدا توانی كەشوهەوای سەربەخۆیی خوازانە بخوڵقێنن چۆن لەشەقامەكانی رۆژهەڵات دەگوتراوە، كوردستان كوردستان گۆڕستانی فاشیستان، هەتا كوردێك بمێنێت كوردستانیش دەمێنێت، كوردستان ئێران نییە. شۆڕشی ژن ژیان ئازادی هەڵگریی شوناسی سەربەخۆیی خوازانەیە، كەئەوەش هەڵقوڵاوی بیری نەتەوەییە لەڕۆژهەڵاتی كوردستان و بزووتنەوەی هیواش وەكو لایەنێكی سەربەخۆیی خواز رۆڵی خۆی هەبووە.
: ببورە كەئەم سەرنج و تێگەیشتنەم هەیە، بەڵام لەناڕەزاییەكانی چەندمانگی رابردووی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێراندا، چالاكی ئێوەمان نەبینی، تەنانەت بە بەیاننامەو راگەیەنراویش، ئایا میدیا بایەخی پێنەداون یان هۆكارێكی تری هەیە، ئێوە ئەمە بۆچی دەگەڕێننەوەو وەڵامی بەڕێزت چیە؟
سەربەرز: بزووتنەوەی هیوا هەم بۆ مانگرتنەكان راگەیاندنی بڵاوكردەوەو هەم بەهەموو شێوەیەك پشتگیریی و پشتیوانی لەشۆڕش كرد، بەڵام هەر وەكو پێشتریش عەرزم كردن میدیای بەهێز لەپشتی بزووتنەوەكە نەبوو.
: رۆڵی بزوتنەوەكەتان و ئایندەی پرسی كورد لەڕۆژهەڵاتی كوردستان چۆن دەبینن ؟
سەربەرز: شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، خاڵێكی وەرچەرخان بوو لەخەباتی رزگاریخوازی گەلەكەمان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان، كە نەك هەر لەكوردستان و گەلانی ژێردەست، بەڵكو لەئاستی ناوچەكەو جیهانیش بەشۆڕشێكی جەوهەریی و دیمۆكراتیك پێناسە دەكرێت، رەنگە رژێمی داگیركەری كۆماری ئیسلامی بۆ ماویەك بەزەبری هێز بتوانێت شۆڕش كپ بكات، بەڵام ئەوە بەمانای كۆتایی شۆڕش نییە، هەموو شۆڕشەكان پێویستیان بەكات و زەمەن هەیە تا بتوانێت سەربكەوێت.
بەڵام پێویستە ئەوەش بزانین كەویست و داخوازیەكانی میللەتی كوردو گەلانی ژێردەست لەگەڵ فارسەكان لێك جیاوازە و تەنانەت روانینی ئۆپۆزسیۆنی فارسیش لەدەرەوە نیسبەت بەنەتەوە ژێردەستەكان دیموكراتیك نییەو رێگرن لەبەردەم شۆڕش و دەخوازن بۆ خۆیان جڵەوی شۆڕشەكە بەدەست بگرن.
ئەوەی راستی بێت ئێمە وەكو بزووتنەوەی هیوا، كەبزووتنەوەیەكی كوردستانین، ئێران بەوڵاتێكی داگیركار دەزانین و لەجێگای پاڕانەوەو لاڵانەوە بۆ مافی گەلەكەمان سەربەخۆیی بەمافی خۆمان دەزانین و خەبات و تێكۆشانیشی بۆ دەكەین، چونكە بەڕاستی ویستی میللەتی كوردیش لەڕۆژهەڵاتی كوردستان سەربەخۆییە، ئینجا كورد لەئێرانی جەعلی كەمینە نییەو لەدوای توركەكان زیاترین دانیشتوویان هەیە.
با كڵاو لەسەر خۆمان نەنێین، چونكە فارسەكان بە شاخوازو كۆماریی، بەئیسلامی و سیكۆلار، ئامادەنین كە بەهیچ شێوەیەك سەرەتاییترین ماف بەكوردەكان بدەن، هەربۆیە بەجێگای ئەوەی كە بەدوای ئەواندا وێڵ بین باشتروایە كار لەسەر پتەوكردنی هێزەكانی خۆمان بكەین و بەرەیەكی كوردستانی پێكبێنین و باوەڕمان بەهێز و ئیرادەی میللەتەكەمان بێت، كە بەدڵنیایی سەردەكەوین.