ژەهراویکردنی کچانی ئێران.. سزای دەسەڵات

2 ساڵ لەمەوپێش



زیاتر لە 100 رۆژە دیاردەی ژەهراویكردنی خوێندكارانی كچان لەئێران سەریهەڵداوەو ئەو رووداوانەش باڵی بەسەر وڵاتەكەدا كێشاوە بەتایبەت كەدەركەوتووە بەماددەی كیمیایی دەگمەن هێرش دەكرێتەسەر خوێندنگاكانی كچان كەدەستكەوتنی ئاسان نییە.

ژەهراویكردنەكە لەچەند رۆژی رابردوودا گەیشتە خوێندگاكانی كچانی رۆژهەڵاتی كوردستان و لەشارەكانی كرماشان، سنە، ورمێ و ئیلام دەیان كچ رەوانەی نەخۆشخانەكان كران و تائێستا بەگشتی رووداوی ژەهراویبوون 18 پارێزگای ئێرانی گرتووەتەوە.

رووداوەكە سەرجەم میدیاو دامەزراوە فەرمییەكان و سەرۆكایەتییەكان و پەرلەمانی ئێرانی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووەو بەبێ ئەوەی یەك سەرەداو لەئەنجامدەرانی رووداوەكە دەركەوتبێت یان حكومەت هیچ زانیارییەكی بۆ خەڵك دركاندبێت، چونكە زۆربەی ئەو خوێندنگانەی رووبەڕووی ئەو دیاردە بوونەتەوە تۆماری كامێراكانی چاودێرییان هیچ ئاماژەیەكی تۆمار نەكردووە كە كەسێك یان كەسانێك ئەو هێرشەیان ئەنجامدابێت.

بەسەرنجدان لەوێنەو تۆمارە ڤیدیۆییەكانی ناڕەزایەتییەكانی دوای مەرگی ژینا دەردەكەوێت ئامادەبوونی كچانی خوێندكارو ژنان لەناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەرچاوەو هەر لەسەرەتای خۆپیشاندانەكانەوە كچان و ژنان بەشێوازێكی جیاواز لەناڕەزایەتییە باوەكان پێشەنگ بوون بەجۆرێك كە بەشۆڕشی ژن ناودەهێنرا.

دەیان تۆماری ڤیدیۆیی كچانی خویندكار بڵاوبووەوە كەوێنەكانی خومەینی و خامنەیی لەناو هۆڵەكانی خوێندن دەسوتێنن و تەنانەت ئەو كچانە سەرجەم لاپەڕەی ئەو كتێب و پەرتوكانەی خوێندن كەوێنەی ئەو دوو كەسی تێدابوایە لێدەكردەوەو دەیاندڕاندو دەیانسوتاند.

هەموو ئەو وێنەو تۆمارانەی كە لەناڕەزایەتییەكانی كچانی رۆژهەڵات و ئێران تۆماركراوە بەسە بۆ ئەوەی گومان لەوەنەكرێت ژەهراویكردنیان تۆڵەی ئەو رۆژانەیەو تەنانەت هەندێك چالاكوان و كەسایەتییە ناودارە ئاینییەكانیش حاشایان لەوە نەكردووە كەدەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بەكیمیایی تۆڵە لەو كچە خوێندكارانە دەكاتەوە.

 

هێرش دەكرێتە سەر خوێندنگاكانی كچان

رۆژنامەی (هەم میهەن) لەئێران بڵاویكردووەتەوە؛ لەچەند خوێندگەیەك شتێكی هاوشێوەی تۆپی یاریی لەدەرەوە خراوەتە ناو حەوشەو بینای خوێندگەكان و دواتر بۆنی میوەی رزیوو پرتەقاڵ و نارنج بڵاوبووەتەوەو لەئەنجامدا خوێندكاران بەو بۆنە ژەهراویی بوون.

ئەوەی جێگەی سەرنجە تائێستا هیچ كەسێك یان هێرشكارێك لەكامێراكانی چاودێریی و لەلایەن خەڵكەوە نەبینراوە كەڕاستەوخۆ هێرشی كردبێتەسەر خوێندنگایەكی كچان یان ئەو شتەی لەشێوەی تۆپە هەڵیدابێتە خوێندنگەكانەوە.

چەند سەرچاوەیەك لەناو ئێران ئاماژەیان بەوە كردووە كەئەو كچانە لەڕێگەی سپرا ژەهراویی كراون و پێشتر گروپێك بەناوی فیداییانی ویلایەت وەك ئاماژەیەك بەپشتیوانیی لەبازنەی دەسەڵاتی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران ئەو رووداوانەیان گرتووەتە ئەستۆ، بەڵام لەئێستا تەنها گروپی هێزارەگەرا تۆمەتباری سەرەكیی ژەهراویكردنی خوێندكارانی كچەكانە.

پزیشكێك ئاشكرای كردووە لە رووداوی بەكارهێنانی ماددەی كیمیایی دژی خوێندكارانی كچ، چەند ماددەیەك بەتێكەڵكراوی بەكارهێنراون كەدەست كەسانی ئاسایی ناكەوێت.

محەمەد رەزا هاشمیان، پسپۆڕی بواری چاودێریی وردی پزیشكی لەنەخۆشخانەیەكی تاران رایگەیاندووە لەنزیكەوە چاودێریی ژمارەیەك خوێندكاری كچی كردووە كەژەهراویبوون و هۆكارەكەشی هەڵمژینی چەند جۆرێك ماددەی كیمیاییە كەتێكەڵكراوەو كەسانی ئاسایی ناتوانن ئەو ماددە كیمیاییانە دەستخەن  یان بەكاریبهێنن.

عەلی كیمایی ئێران

رووداوی ژەهراویكردنی كچانی خوێندكار لەئێران كە بەهێرشی كیمایی لەقەڵەمدەدرێت و پەنجەی سەرەكیی تۆمەتەكان بۆ لایەنگرانی دەسەڵاتی خامنەیی رادەكێشرێت.

 عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی بەهۆی رووداوەكانی ژەهراویكردنی كچانی خوێندكار بە «عەلی كیمیایی ئێران» ناوی دەهێنرێت وەك ئاماژەیەك بە عەلی حەسەن مەجید كەتاوانباری كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە بوو.

لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی ئێران زۆربەی تیرو توانجەكان لەسەر رووداوەكانی ژەهراویكردنی كچانی خوێندكار ئاڕاستەی دەسەڵات دەكرێت و تائێستا دوو گروپ بەناوەكانی (هێزارەگەرا) و (فیداییانی ویلایەت) تۆمەتبارن بەئەنجامدانی ئەو ژەهراویكردنانە كەهەردوو گروپەكە لایەنگری خامنەیین.

گروپی فیداییانی ویلایەت لە ساڵی 1988 لە ئێران دوای تەواوبونی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئەو وڵاتەوە رژێمی بەعس دەركەوتوە كە هیچ ناوەند و شوێنێكی فەرمیی نییە و تەنها بانگەشەی ئەوە دەكەن پشتیوانیی لە كۆماری ئیسلامیی و بە دیاریی كراوی ویلایەتی فەقهـی یان بەیتی رەهبەری واتا خامنەیی و دەوروبەرەكەی دەكەن.

محەمەد تەقی فازڵ مەیبودی، ئەندامی دەستەی زانایانی ناوەندی مامۆستایانی ئاینیی شاری قوم بەڕۆژنامەی (شەرق)ی  ئێرانی راگەیاندوە؛ رووداوەكە بەئەنقەستەو دەستی گروپێكی توندڕەوی لەپشتە كەدژی خوێندنی كچانن، بەڵام دواتر مەیبۆدی لەژێر فشاری دەزگا ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیدا ناچاربوو لەلێدوانەكانی پاشگەز ببێتەوە.

بەوتەی ئەو گروپێكی توندڕەوی شیعە بەناوی (هێزارەگرا) لەئێران دەستیان لەژەهراویكردنی خوێندكاران و قوتابیانی كچدا هەیە كە بە بۆكۆحەرام-ی ئێران ناویان دەهێنرێت.

مەولەوی عەبدولحەمید، رێبەرو پێشەوای سوننەكانی سیستان و بەلوچستان رایگەیاندووە؛ ژەهراویكردنی كچان تۆڵەی دەسەڵاتە، چونكە كچان و خوێندكاران زیاترین بەشدارییان لەناڕەزایەتییەكاندا كردووە.

 

ژەهراویكردنی كچان هاوشێوەی ئەفغانستان و چیچان

ساڵی 2004 و ناوچەی خۆبەڕێوبەری كۆماری ئەوسیتیای باكوری (ئالانیا) گروپێكی توندڕەو بۆ رێگریی لەخوێندنی كچان نزیكەی 800 خوێندكاریان بەبارمتە گرت و 160 خوێندكاریان كوژران، تەنها لەبەرئەوەی ئەو گروپە دژی خوێندنی كچان و ژنان بوون و ساڵیك دوای ئەو رووداوەش زنجیرەیەك ژەهراویبوونی خوێندكاران لەناوچەكانی باكوری رۆژهەڵاتی چیچان روویدا.

ئەو رۆژنامەنووسەی لێكۆڵینەوەی لەهۆكاری ژەهراویبوونی خوێندكارانی چیچانی دەكرد ساڵی 2007 لە رووداوێكی گوماناویدا كوژراو روسەكان تۆمەتباركران بەكوشتنی ئەو رۆژنامەنووسە، چونكە رەخنەگری هەیمەنەو دەسەڵاتی ڤلادیمیر پوتین لەڕوسیاو ناوچەكە بوو.

ساڵی 2016 لەئەفغانستان بەماددەیەكی كیمیایی هێرش كرایەسەر خوێندنگەیەكی كچان لەشاری هەرات لەو وڵاتەو دواتر رێكخراوی تاڵیبان هێرشەكەی لەئەستۆ گرت و رایگەیاند ئەو هێرشە وەك كاردانەوەیەكە بەرامبەر بەخوێندنی كچان و ژنان لەوڵاتەكەدا.

رۆژی شەممە (4/3/2023) ژەهراویبوونی كچانی خوێندكار لە 33 شاری ئێران و چوار شاری رۆژهەڵاتی كوردستان روویداو دەیان كچ بەهۆی رشانەوەو كێشە لەهەناسەدان رەوانەی نەخۆشخانەكان كران و تەنها لەتاران رووداوی ژەهراویبوون لە 27 خوێنگەی كچان روویدا.

رۆژی یەكشەممە (5/3/2022) تەنها لەشاری زاهیدان لەپارێزگای سیستان و بەلوچستان نزیكەی 800 خوێندكاری كچ بەهۆی ژەهراویبوون رەوانەی نەخۆشخانە كراون كە 200 كەسیان پێویستیان بەچاودێریی پزیشكی بووە لەو رۆژەدا لانیكەم رووداوی هاوشێوە لە 80 خوێندنگەی سەرتاسەری ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان روویدا.

ئەگەرچی پێشتر ئەو دیاردەیە لەڕۆژهەڵاتی كوردستان بەدی نەدەكرا، بەڵام نزیكەی هەفتەیەكە دەیان خوێندكاری كچ لەخوێندنگەكانی ئەو بەشە لەكوردستان بەهۆی ژەهراویبوونەوە رەوانەی نەخۆشخانەكان كراوە.

شارەكانی ورمێ، سنە، كرماشان، ئیلام و دەیان شاری دیكەی رۆژهەڵات گیرۆدەی دووبارەبوونەوەی زنجیرەی رووداوی ژەهراویبوونی كچان بوون و رۆژ نییە دەیان خوێندكار رەوانەی نەخۆشخانە نەكرێن، بەڵام تائێستاش هیچ كەس یان كەسانێك بەتۆمەتی ئەنجامدانی ئەو كارە دەستگیرنەكراوە.

 

قوم لەسەر ژەهراویكردنی كچان دەێتە دەنگ

ئەنجومەنی زانایان و تووێژەرانی ناوەندی زانستی ئاینیی قوم كە بەپایتەختی ئاینیی شیعە لەقەڵەمدەدرێت لەبەیاننامەیەكدا؛ ئیدانەی ژەهراویكردنی خوێندكارانی كچی لەوڵاتەكە كردو رایگەیاند؛ ئەو هێرشە كیمیایی و بایۆلۆژییانە بۆ سەر كچان تەنها قەیرانی وڵاتەكە قووڵتر دەكاتەوە.

لەبەیاننامەكەدا هۆشداریی دراوە بەدەسەڵاتداران كە ئەو هێرشانە بۆ رێگریی لەخوێندنی كچانەو ئامانجی ترس و تۆقاندنی گشتیی ئەنجامدەدرێت و لەگەڵ كێشەی بژێوی و ناكارامەیی حكومەت ئەوەش دەبێتە هۆكارێك بۆ سەرهەڵدانی قەیرانی نایاسایی بوونی دەسەڵاتی وڵاتەكەو قوڵبوونەوەی قەیران و ناڕەزایەتییەكان.

ئەو ئەنجومەنە كەنزیكە لەباڵی ریفۆرمخوازانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەبەیاننامە توندەكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە كەلێدوانی دژبەیەك و ناڕاستی بەرپرسان هێندەی دیكە دۆخەكەی ئاڵۆز كردووەو تەنانەت ئەو هێرشانە هاوتەریبە لەگەڵ ئەو لایەنە توندڕەوە ئاینییەی كە لەڕێگەی پەروەردەی ئاینییەوە دژی خوێندنی كچانەو لەژێرەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە پشتیوانیی لێدەكرێت.

 

یونیسێف هۆشداریی دەداتە ئێران

نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەمریكا لەسەر ژەهراویكردنی خوێندكارانی كچ لەئێران هاتنەدەنگ و نووسینگەی سندوقی منداڵان-ی سەر بەنەتەوەیەكگرتووەكان (یونیسێف) هۆشداریی داوە لەزنجیرەی رووداوی ژەهراویكردنی كچان و خوێندكاران لەوڵاتەكەو رایگەیاندووە؛ كاریگەریی خراپی لەسەر باری دەروونیی ئەو خوێندكارانەو كۆمەڵگە دروستكردووە و پڕۆسەی خوێندن رووبەڕووی كێشە بووەتەوە.

هاوكات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەڕێگەی وتەبێژەكەیەوە رایگەیاند؛ خوێندن مافی كچان و ژنانەو واشنتۆن چاوەڕێی ئەوەیە هۆكارەكانی ژەهراویكردنی خوێندكارانی كچ لەئێران ئاشكرا ببێت.

نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا وتوویەتی: نیگەرانین لەژەهراویكردنی كچانی خوێندكار لەئێران و چاوەڕێین لێكۆڵینەوەی ورد بكرێت و هۆكارەكانی ئەو رووداوانە ئاشكرا بكرێن.

 

گومانەكان لەسەر دەسەڵاتە

ئەگەرچی تائێستا دەسەڵات لەئێران هیچ هۆكارێك یان كەسانێك كەدەستیان لەو رووداوانەدا هەبێت ئاشكرا نەكردووە، بەڵام زۆربەی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی رایانگەیاندووە كە ئەو رووداوانە گەورە كراونەتەوەو دوژمنان و نەیاران دژی دەسەڵاتی وڵاتەكە بەكاریدەهێنن.

شارەزایانی سیاسی و پسپۆڕانی كۆمەڵایەتیی لەئێران بەبەیاننامەیەك هۆشدارییان داوە كەئەو رووداوانە ئەنجامی ژووری بیركردنەوەی دەسەڵاتە بەرامبەر نەیاران بۆ ئەوەی دۆخی وڵاتەكە بگەڕێتەوە بۆ دواوەو دواكەوتوویی باڵ بەسەر ئێراندا بكێشێتەوە.

ژمارەیەك لەپەرلەمانتارانی ئێران لەڕۆژی یەكشەممەدا داوایانكرد بابەتی سەرەكیی كۆبوونەوەی پەرلەمان تایبەت بكرێت بە رووداوی ژەهراویكردنی كچانی خوێندكار بەڵام لەلایەن محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆكی پەرلەمانەوە رێگریی لەو كارەو لێدوانی پەرلەمانتاران كراو ئەوەش وایكرد پەرلەمان گرژیی و دەمەقاڵێی تێبكەوێت.

 

دەسەڵات ئۆپۆزسیۆن و نەیاران تۆمەتبار دەكات

میدیاو بەرپرسانی سەر بەدەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران لەو رووداوانەشدا ئۆپۆزسیۆن و راگەیاندنەكانی دەرەوەی وڵاتەكە تۆمەتباردەكەن بەوەی كە رووداوەكانیان زۆر زیاتر لەقەبارەی خۆی گەورەكردووەتەوە و ئەوەش بووەتە هۆكارێك كە باری دەروونیی كچانی خوێندكار تێكبچێت.

دەسەڵاتدارانی ئێران بەوەشەوە نەوەستاونەتەوەو رایانگەیاندووە ئەگەر ئەو ژەهراویكردنانە دەستی لەپشت بێت ئەوا روونە كەئەو جۆرە كارانە لەكێ دەوەشێتەوەو لەبەرژەوەندیی چ لایەنێكە، چونكە دەسەڵات هیچ كاتێك كار لەسەر تێكچوونی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەكە ناكات.

ئاژانسی تەسنیم كەزمانحاڵی باڵی توندڕەوی كۆماری ئیسلامی ئێرانە، بڵاویكردووەتەوە؛ كۆماری ئیسلامی لەكاتی جەنگی ئێران و رژێمی بەعس لەعێراق دەستی لەبەكارهێنانی چەكی كیمایی نەبووە، بەڵام رێكخراوی موجاهیدینی خەلق هاوشانی رژێمی بەعس هاوكاریی لەكیمایابارانی هەندێك ناوچەی ئێران و عێراق كردووە.

رۆژنامەی كەیهان كە سەر بەباڵی توندڕەوی كۆماری ئیسلامییە نووسیویەتی: ئەو رووداوانە بەشێكە لەجەنگی تایبەت دژی كۆماری ئیسلامی كە لەڕێگەی كلك و كۆیلەكانی دەزگا هەواڵگرییەكانی وڵاتانی رۆژئاوا بەڕێودەچێت.

بەگشتی بەهۆی ژەهراویبوونی كچانی خوێندكارەوە دۆخێكی ناسەقامگیر بەسەر ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستاندا زاڵ بووەو دەسەڵاتیش بەئاشكرانەكردنی سەرەداوەكان بووەتە هۆی قوڵبوونەوەی گومانەكان.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار