ئەمریکا بەهۆی ئێرانەوە پێنج کۆمپانیای چین سزا دەدات

گەنجینەی ئەمریکا بەرپرسێک و 39 دامەزراوەی کۆماری ئیسلامی سزا دەدات

بینای وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا

2 ساڵ لەمەوپێش



ئەمریکا سزادانی پێنج کۆمپانیای چین و بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامی و 39 کۆمپانیا و دامەزراوەی ئێرانی بەهۆی خۆدزینەوەی دەسەڵاتی وڵاتەکە لە سزا نێودەوڵەتییەکانی راگەیاند.

ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە؛ بەهۆی هاوکاریی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری (شاهید 136) پێنج کۆمپانیا لە چین سزادراون.

وەزارەتی گەنجینە رونی کردوەتەوە؛ ئەو پێنج کۆمپانیایە لە چوارچێوەی تۆڕێکدا و بە هاوکاریی بەرپرسێک هەزاران کەرەستە و پارچەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە وڵاتی چین بۆ ئێران رەوانە کردوە.

برایان نێلسۆن، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە بواری تیرۆریزم و زانیارییە داراییەکانیان رایگەیاند؛ کۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ روسیا، راستەوخۆ بەشدارە لە تاوانی کوشتنی هاوڵاتییانی ئۆکرانیا بۆیە واشنتۆن بەردەوام دەبێت لە سەپاندنی سزاکانی دژی تاران.

هاوکات وەزارەتی گەنجینە لە بەیاننامەیەکی دیکەدا سزادانی 39 کۆمپانیا و ناوەند و دامەزراوەی دارایی و نەوت و پتڕۆکیمایی کۆماری ئیسلامیی راگەیاند و ئاشکرای کرد تاران بۆ سپیکردنەوە داراییەکانی سودی لە ژمارەیەک کۆمپانیا لە سەنگاپورا و مالیزیا و هۆنگ کۆنگ وەرگرتوە.

بە پێی بەیاننامەکەی وەزارەتی گەنجینە سەرجەم ئەو کۆمپانا و دامەزراوانەی کە خراونەتە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە رۆڵیان هەبوە لە ساخکردنەوەی نایاسایی نەوت و بەرهەمە پتڕۆکیمیاییەکانی ئێران و بونەتە هۆی ئەوەی کۆماری ئیسلامی لە چەند ساڵی رابردودا دەیان ملیار دۆلاری بە نایاسایی دەستکەوێت.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە 24 کاتژمێردا زیاترین سزای دژی کۆماری ئیسلامی ئێران سەپاندوە و دوێنی چوارشەمە نۆ بەرپرس و دامەزراوەی ئێرانی خستە لیستی سزاکانیەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار