ئێران بۆ یەکەمجار ژمارەی زیندانیکراوانی ناڕەزایەتییەکان ئاشکرا دەکات

نزیکەی هەشت هەزار کەس لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات دەستگیرکراون

کچان و ژنانی دەستگیرکراوی ناڕەزیەتییەکان لە زیندانی ژنان لە شاری تاران

2 ساڵ لەمەوپێش



دەزگای داد لە ئێران بۆ یەکەمجار ئاشکرای دەکات لانیکەم 22 هەزار کەس لە ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی بەندکراون و سەرۆکی ئەو دەزگایەش دەڵێت لێبوردنی گشتیی 85 هەزار بەندکراوی وڵاتەکەی گرتوەتەوە.

غوڵامڕەزا موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران رۆژی دوشەممە ئاشکرای کرد 22 هەزار کەس لە دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکانی ئێران بەر لێبوردنی گشتیی دەکەون و ژمارەیەکیشیان بە دانانی بارمتە لە دەرەوەی زیندانەکان لە ژێر چاودێریدان.

ئێژەیی ئاماژەی بەوە کردوە؛ لێبوردنی گشتیی کە لە لایەن عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران راگەیەنراوە 82 هەزار زیندانیی گرتوەتەوە و پێدەچێت ئەو ژمارەیە زیاتر بکات و تا ئێستا 25 هەزار کەس لە زیندانەکان ئازاد کراون بەڵام ئەو لێبوردنە تۆمەتبارانی توندوتیژیی و دزیی نەگرتوەتەوە.

وتەکانی ئێژەیی لە کاتێکدا بە پێی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران لە ماوەی 150 رۆژی ناڕەزایەتییەکاندا لانیکەم 28 هەزارکەس دەستگیرکراون کە نزیکەی هەشت هەزار کەسیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوە.

بە پێی هەندێک بەڵگەنامەی سوپای پاسداران نزیکەی 39 هەزار کەس لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیرکراون کە ژمارەیەکیان لە زیندانە نهێنییەکاندا بەندکراون و چارەنوسیان نادیارە و ناویان وەک زیندانی یان دەستبەسەرکراو تۆمار نەکراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار