لە تورکیا چی ڕوودەدات؟

یەک ساڵ لەمەوپێش



ڕێبین ئەحمەد ڕەشید
ماوەی زیاتر لە نۆزدە ساڵە وەک خولیایەک چاودێری سیاسەتی تورکیا  بەتایبەتیش ئاردۆگان دەکەم، لەم ماوەیەدا کەم ڕۆژ هەبووە ستوونی پێنج ڕۆژنامەی تورکی کەمتر بخوێنمەوە. هەوڵدەدەم هەفتانە لێرەوە وتارێک بنووسم و بۆچوونی خۆم سەبارەت بە هەڵبژاردنە چارەنووسسازەکەی بەردەم ئاردۆگان و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە لە ڕوانگەی خۆمەوە شیبکەمەوە.

🔹ڕاستە ئاردۆگان بە هەڵبژاردن هاتووە بەڵام  بەهەڵبژاردن ناڕوات!

لەپاش دەستگیرکردن و ڕفاندنی دوو کادیری گرنگ و پێشکەوتووی دەستگای میتی تورکی لە قەشقۆڵی دوکان لەلایەن پەکەکەوە و بڵاوکردنەوەی دانپێدانانەکانیان، تورکیا و بەتایبەتیش هاکان فیدانی سەۆکی ئەو دەستگایە تووشی ئیحراجییەکی زۆر بوون و لە مێدیادا  وەک سکانداڵی سەدە لێکدرایەوە، چونکە ئەو دوو کادیرە وەک وو جەنەراڵی سوپا بۆ میت گرنگ بوون.

 دانپێدانانی یەکێکیان سەرنجی منی ڕاکێشا ئەویش ئەوە بوو کە وتی: " لە ئێستادا میت و بەتایبەتیش خودی هاکان فیدان پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ڕۆژنامەنووساندا هەیە، گەر بیهەوێت نەبزی شتێک بگرێت و بزانێت خەڵک چۆن بیردەکەنەوە سەبارەت بە شتێک، سەرەتا  دێت هەواڵێک لەڕێگەی چەند ڕۆژنامەنووسێکەوە  سەبارەت بەو شتە دزە پێدەکات بۆ ئەوەی بۆچوونی کۆمەڵگا و میدیا بزانێت. دواتر ئەو شتە دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە." 
 لەم ڕۆژانەدا ڕۆژنامەنووسێکی کەناڵی CNN TÜRK  بەناوی خەندە فرات کە بە نزیک لە هاکان فیدان هەژمار دەکرێت نووسینێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لەوە کردبوویەوە گەر بێتو ڕەجەب تایب ئاردۆگان هەڵبژاردن بباتەوە ئەوا هاکان فیدان دەبێتە جێگری سەرۆککۆمار. ئەمە درەخەری ویستی فیدانە بۆ ئەوەی لەپاش سەرکەوتنی ئاردۆگان بەیەکجاری هەواڵگری بەجێبهێڵێت و ڕووبکاتە سیاسەت کە سڵانێکی زۆرە هەوڵی بۆ دەدات.‌

🔹 هاکان فیدان و سیاسەت!

سەروەختی دانانی فیدان وەک ڕاوێژکاری میت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: " من بەشێوەیەکی کاتی لێرەم، دووساڵ دەمێنمەوە و دواتر دەڕۆمە نێو کاری سیاسییەوە، حەزی من زیاتر بۆ سیاسەتە نەوەک هەواڵگری." ئەوەی تا ئەمڕۆ هاکان فیدانی بۆ زیاتر لە دەیەیەک وەک ڕاوێژکاری میت هێشتۆتەوە خودی ئاردۆگانە، دەنا فیدان خۆی پێی خۆشە لە سیاسەتدا کار بکات و خۆشی وەک سیاسییەکی نمرە یەک دەبینێت لە پاش ئاردۆگانەوە.

 هەڵبژاردنی پێشوو تا کۆتا ساتەکان فیدان بەربژێری ئاکەپە بوو بۆ پەرلەمانی ئەو وڵاتە، لەسەر داوای ئاردۆگان بە نابەدڵی کشایەوە و وەک ڕاوێژکاری میت لە پۆستەکەی بەردەوام بوو. فیدان هیچ کاتێک حەزی خۆی نەشاردۆتەوە کە ڕۆژێک دەتوانێت بچێتە سیاسەتەوە و جێ پەنجەی خۆی لە ڕەسمی سیاسەتدا وەک ئەوەی لە هەواڵگریدا کردوویەتی جێبهێڵێت. ئەمڕۆ ئێمە ناوی هیچ یەکێک لە وەزیرەکانی ئاردۆگان "جگە لەوەزیری بەرگری خولوسی ئاکار" نازانین و نایانناسین، چونکە کادرۆیەکی تەواو خەسیو و بەزیو و لاوازن، لەنێو ئەم کادرۆ لاوازەدا ئەستێرەی فیدان بەڕوونی دەرەوشێتەوە.

🔹ئاردۆگان و فیدان

لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا فیدان ئەو عەسا سیحرییە بوو کە بەردەوامی دەدا بە سەڵتەنەتەکەی ئاردۆگان. لە هەمو ئاڵنگارییەکدا فیدان دەستی دەخستە ژێر ئەو لایەی کورسییەکەی کە لار دەبوویەوە. لە هەڵگیرساندنی شەڕی نێوخۆیی لە  سوریا، بۆ خستنەخوارەوەی سیخۆکی ڕووسیا و پاشان چەمینەوە لەبەردەم پووتندا و سڕینی تاوانەکە بە سەرۆکوەزیرانی ئەو دەمە ئەحمەد داودئۆغڵو، لە جینۆسایدی بێتاوانەکانی ڕۆبۆسکییەوە بۆ ڕەشەکوژییەکەی سووری ئامەد و شرناخ، لە کودەتا شکستخواردووەکەی تەمووزی 2016 بۆ دروستکردنی داعش و خستنی موسڵ و دواتر پەلاماردانی عەفرین و کۆبانێ، فیدان ئەندازیار و ماستەرمایندی چنینی هەموو چیرۆکی پشت ئەو ڕووداوانە بوو. ئاردۆگانیش ئەم ڕووداوانەی لەبەرژەوەندی مانەوەی خۆی و باری لەناکاوی لە وڵاتدا پێ درێژ دەکردەوە بۆ تارومارکردنی نەیارەکان لەڕێگەی هەڵپەساردنی یاساکان و بەرکارکردنی کۆمەڵک یاسای کاتی بۆ ئیدارەدانی وڵات کە پێی دەگوترا "قەرارنامە لە حوکمی قانوندا Kanun hükmünde kararname (KHK)" 

لە ئێستادا بە چوونی هاکان فیدان بۆ نێو ساحەی سیاسەت نوقتەی گۆڕانێکی ڕیشەیی لە تورکیادا سەرڕێ دەکەوێت. وا دەردەکەوێت ئەمە کۆتا چانسی ئاردۆگان بێت بۆ مانەوەی لە پۆستی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتەدا و فیدانیش باشترین بژاردەی ئاردۆگانە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم یارییە. هەندێ پێیان وایە سەلچوک بایراکتاری ئەندزیاری فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بایراکتار لەو وڵاتەدا بژاردەیەکی باش بۆ سەردەمی پاش ئاردۆگان، بەڵام فیدان هەرگیز خۆی لە ئاستی بایراکتاردا نابینێت، هەرچەندە ئەو ئێستا وەک پاڵەوانێکی نیشتمانی چاوی لێدەکرت، بەڵام فیدان بە نەیار نایبینێت.

فیدان کێشەیەکی هەیە ئەوی ئەوەیە لەبواری ئەمنی و هەواڵگرییدا خاوەنی هونەر و مەهارەتێکی زۆرە، بەڵام لە سیاسەت و دانووستاندا کاڵ و پێنەگەیشتوو و فەریکەیە، هەرچەندە ئەم نەگەیشتویەتییە واینەکردووە خۆی بە خەلیفەی بێ چەندۆچۆنی ئاردۆگان و پۆست ئاردۆگان نەبینێت، بەڵام نەیارەکانی ئەمەی لە دژ بەکار دەهێنن.

🔹ئاکەپە و فیدان!

هەموو ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن لە داهاتوویەکی نزیکدا ئاکەپە تەسلیمی فیدان بکرێت چونکە ڕکابەرەکانی زۆر لاواز و زەبوونن، نە سەلچوک بایراکتار نە سولەیمان سۆیڵو وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە ناتوانن لەو داوانە دەربچن کە فیدان وەک مین بۆی چاندوون. بۆ خودی ئاردۆگانیش کەسێکی باشتر لە فیدان دەستناکەێت تا  کلیلی باڵکۆنی ئاکەپە وەربگرێت،  هاوبەشیی فیدان لە لانی کەم بیست ساڵ تاوانکاری و گەندەڵی و فاعیلی مەجهول لەگەڵ خودی ئاردۆگان کارێک دەکات ئاردۆگان جگە لە فیدان بڕوا بە کەسی دیکە نەهێنێت. تەنها فیدان دەتوانێت ئەو ڕابردووە دوو دەیەییە پەردەپۆش بکات و لانی کەم نەهێڵێت تا ئاردۆگان خۆی لەژیاندایە ئەو ڕابردووە نەبرێتە بەردەم سیستمی دادوەری ئەو وڵاتە.

🔹کێ ڕکابەری کەمال کڵچدار ئۆغڵویە؟

لە ئێستادا ڕکابەری ئاشکرای سەرەکی کەمال کڵچدار ئۆغڵو کاندیدی هاوبەشی هاوپەیمانی میللەت ئاردۆگانە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا نەیارەکان هاکان فیدان و خلوسی ئاکاری وەزیری بەرگری و دوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی ڕەگەزپەرەستن لەو وڵاتەدا . گەر بێتوو کڵچدار ئۆغڵو سەرکەوێت و کۆمسیۆنێکی بێلایەن لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە لەسەر کودەتاکەی تەمووزی 2016 پێک بهێنێت، ئەوا یەکەمین دووکەس کە دەکەونە داوەکەوە فیدان و خلوسی ئاکارن. بە بانگهێشتکردنی ئەو دوو کەسایەتییە بۆ لێپرسینەوە لەو ڕووداوە ژێر بەڕە دەکەوێتە سەربەڕە.

 ئەو کۆمسیۆنەی کە ئاکەپە و مەهەپە خۆیان لە ڕابردوودا دروستیان کرد و تێیدا نەیانهێشت فیدان و ئاکار کە تۆمەتباری سەرەکی بوون بچنە بەردەم لێپرسینەوە، ڕووداوەکەی دیزەبەدەرخۆنە کرد و سڕی بە فەتحۆڵا گیولەندا. سەرباری ئەمەش کۆمسیۆنەکە نەیوێرا ڕاپۆرتی کۆتای خۆی بڵاوبکاتەوە و هەر بە نهێنی مایەوە. بە دەرچوونی کڵچدارئۆغڵو و پێکهێنانی کۆمسیۆنێکی بێلایەن گڵۆڵەی خلوسی ئاکار و هاکان فیدان  سەبارەت بەو ڕووداوە دەکەوێتە لێژی و ئەوانیش ئاردۆگان بەدوای خۆیاندا پەلکێشی لێپرسینەوە دەکەن. بۆیە ئاردۆگان هەموو کارێک دەکات تا بتوانێت تەمەنی سیاسیی خۆی و کورسییەکەی لانی کەمی تا مردنی خۆی درێژ بکاتەوە، تاکە کەسێکیش بتوانێت لەم هەڵبژاردنەدا یارمەتی بدات هاکان فیدانە، ئەویش دیارە وەک ڕۆژنامەنووس خەندە فرات بڵاوی کردەوە بەمەرجی جێگری سەرۆکایەتی کۆمار ئەم کارەی بۆدەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار