ئەمریكا دوو بارەگای سەربازیی نوێ لەڕۆژئاوا دادەمەزرێنێت
نەوەی دووەم و 10 هەزار زیندانیكراوی داعش .. ئاڵنگاریی بەردەم هاوپەیمانان
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سوپای ئەمریكا دوو بنكەی سەربازی لەڕۆژئاوای كوردستان دادەمەزرێنێت و ژمارەی هێزەكانیشی زیادكردووە، دوای سەردانی سەرۆك ئەركانی هێزە هاوبەشەكانی ئەمریكا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكاش سەردانی رۆژاوا دەكات و ئەنقەرەو دیمەشقیش بەئاشكرا نیگەرانی خۆیان لەسەردانی ئەم بەرپرسانەی ئەمریكا دەربڕوەو لەگەڵ ئەوەشدا بڵاوبوونەوەی وێنەیەكی مەزڵوم كۆبانێ و مارك میلی كاردانەوەی فراوانی لێدەكەوێتەوە، هاوكات ساڵح موسلیم دەڵێت: هێزێك كەسەربازانی لەهەرێمێك جێگیربن، مافی خۆیەتی كە بەرپرسانیان سەردانیان بكەن و ئەوێ خاكی دەوڵەتی توركیا نیەو ئەنقەرە مافی ئەوەی نیە بڵێت كێ و بۆچی سەردانی رۆژوای كوردستانی كردووە.
سەرەڕای ئەوەی لەسوریاو رۆژئاوای كوردستان، كۆتایی بەدەسەڵاتی داعش هێنراوە، بەڵام لەماوەی ساڵێكی رابردوودا، شانە نووستوەكانی تیرۆریستان، بەبەردەوامی هەوڵی هێرش، تەقینەوەو دروستكردنی نائارامی دەدەن كەئەوەش مەترسیەكی گەورەی لەسەر خۆبەڕێوەبەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای كوردستان) و گەلانی هەرێمەكە دروستكردووە، هاوكات هەوڵی هەندێك لەكۆماریخوازانی ئەمریكا بۆ كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەیان لەو بەشەی كوردستان جێگای هەڵوەستەكردن بوو. لەبەرئەوەی گەلانی باكورو رۆژهەڵاتی سوریاو رۆژئاوای كوردستان بەكشانەوەی ئەمریكییەكان ئەگەری زۆر هەبوو رووبەڕووی هێرش و پەلاماری سێ لایەن دەبوونەوە كەئەوانیش، سوپای توركیا، رژێمی ئەسەدو تیرۆریستانی داعشن.
بەڵام پێشهاتەكانی ئەم رۆژانەی دوایی، تارادەیەك گومان و نیگەرانیەكانی هاووڵاتیان و بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستانی رەواندەوە كەئەمریكا كشانەوەی هێزەكانی لەڕۆژئاوا رەتكردەوە.
مات گایتز نوێنەری كۆمارییەكان لەئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا پرۆژەیاسایەكی بۆ كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە رۆژئاوای كوردستان پێشكەشكرد. ئەو پرۆژەیاسایە، نیگەرانی لێكەوتبووەوە، بەڵام سەرەنجام ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا كۆبوونەوەی كۆتایی خۆی لەم بارەیەوە ئەنجامدا. ئەنجومەنەكە لەئەنجامی ٣٢١ دەنگی نەخێرو ١٠٣ دەنگی بەڵێ، كۆتایی بەو مشتومڕە هێناو كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكای رەتكردەوە. بەشی زۆری ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران رایانگەیاند كە كشانەوەی هێزەكانیان، دەبێتەهۆی دووبارە خۆڕێكخستنەوەی تیرۆریستانی داعش و ئەوەش ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی دەخاتە مەترسیەوە.
لەلایەكی دیكەوە مارك میلی سەرۆك ئەركانی هێزە هاوبەشەكانی ئەمریكا لەسەردانێكی كتوپڕو چاوەڕواننەكراودا، سەردانی رۆژئاوای كوردستان كردو لەشاری حەسەكە لەگەڵ هێزەكانیان كۆبووەوە. هەرچەندە میلی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئامانجی سەردانەكەی پێداچوونەوە بووە بە رێوشوێنەكانی پاراستنی هێزەكانی ئەمریكا لەهەر هێرشێكی لەناكاو، بەڵام ئەو سەردانە، دوو دوژمنی سەرسەختی رۆژئاوای كوردستان كەتوركیا و رژێمی سوریان نیگەران كرد.
وەزارەتی دەرەوەی سوریا لەمبارەیەوە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو سەرەڕای شەرمەزاركردنی ئەو سەردانە ئاماژەی بەوەكرد، ئەو بنكە سەربازییەی ئەمریكا كە میلی سەردانی كردووە، حەوت ساڵە بەشێوەیەكی نایاسایی لەخاكی سوریادا كراوەتەوەو ئەوەش بەگوێرەی رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان، پێشێلكردنی سەروەری خاكی سوریایە”.
حكومەتی توركیاش لەبەرامبەر ئەو سەردانەی مارك میلیدا خۆی نەگرت و بێدەنگی شكاند. وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد كە جیف فلەیك باڵیۆزی ئەمریكایان لەئەنقەرە بانگهێشت كردووەو داوایان كردووە، زانیاری لەبارەی ئامانجی سەردانەكەی میلی ئاشكرا بكات.
نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش بانگهێشتكردنی جیف فلەیك، باڵیۆزی وڵاتەكەی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی توركیاوە پشتڕاست كردەوەو وتی، ژەنەڕاڵ میلی تەنیا سەردانی سەربازانی وڵاتەكەی كردووە و ئامانجی ئەوە بووە كە لەنزیكەوە لەدۆخی سەربازانیان بكۆڵێتەوە.
هاوكات لەگەڵ ئەم پێشهاتانە، وێنەیەكی مارك میلی سەرۆك ئەركانی هێزە هاوبەشەكانی ئەمریكا و مەزڵۆم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا بەخێرایی بڵاوبووەوەو بەتایبەتی میدیاكانی توركیا ئاماژەیان بەوەكرد كە میلی لەسەردانەكەیدا چاوی بە مەزڵۆم عەبدی كەوتووە، بەڵام ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە، هەموو جۆرە كۆبوونەوەیەكی نێوان مارك میلی و مەزڵۆم عەبدی رەتكردەوەو رایگەیاند، ئەو وێنەیە دروستكراوەو هیچ راستییەكی بۆ نییە.
جگە لەساڵح موسلیم هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكراتی (پەیەدە)، هیچ بەرپرسێكی دیكەی رۆژئاوای كوردستان، لەبارەی سەردانەی مارك میلی قسەی نەكرد. موسلیم لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات رایگەیاند، هێزێك كە سەربازانی لەهەرێمێك جێگیربن، مافی خۆیەتی كەبەرپرسانیان سەردانیان بكەن و وتی: «پێشتریش سەردانی بەم شێوەیە ئەنجامدراون. دۆخێكی ئاساییە. سەردانێكە بۆ ئاسایشی خۆیانە. دەوڵەتی توركیا دەڵێت، سەردانەكە بۆ پشتگیریكردنە لەقەسەدە. لەهەمانكاتدا ئەوێ خاكی دەوڵەتی توركیا نییەو ناتوانێت بڵێت كێ و بۆچی سەردانی كردووە. ئێمە نازانین سەردانی هەسەدەیان كردووە یان نا، هەسەدە هیچ راگەیەندراوێكی لەم بارەیەوە بڵاونەكردەوە، بەڵام ئێمە بەئاسایی دەبینین.»
هێشتا سەردانەكەی مارك میلی لە رۆژەڤی میدیاكاندابوو كە جەنەراڵ مایكل ئێریك كوریلا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا «سەنتكۆم» سەردانی رۆژئاوای كوردستانی كرد. سەنتكۆم لەم بایەوە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، جەنەڕاڵ كوریلا لە رۆژئاوای كوردستان كەمپی رۆژو ئەلهۆڵی بەسەر كردووەتەوە كە لەئێستادا خێزانی تیرۆریستانی داعش و ژمارەیەك ئاوارەی سوریاو عێراق لەو كەمپانەدا نیشتەجێكراون.
سەنتكۆم ئاماژەی بەوەكرد كەسەردانی جەنەڕاڵ كوریلا لەسەر بناغەی سێ خاڵ بووە كەیەكەمیان، لەناوبردنی ئەو تیرۆریستانەی داعشە كەخۆیان شاردووەتەوە و پلانی تیرۆریستی دادەڕێژن. دووەم، هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەو ١٠ هەزار تیرۆریستەی داعش كە لەزیدانەكاندان و سێیەمیش؛ چارەسەری بۆ نەوەی دووەمی داعشەكانە كە بەهەزاران منداڵ پێكدێت.
هێزەكانی ئەمریكا لەساڵی ٢٠١٥ەوە دوای شكستپێهێنانی داعش لە كۆبانێ بەشێوەیەكی نافەرمی هێزەكانیان لە رۆژئاوای كوردستان جێگیر كرد. سەرەتا چەند یەكەیەكی كەمی ئەمریكا لەبارەگای كۆمپانیای لاڤارچی فەڕەنسی لە نزیك گوندی خراب هشكی كۆبانێ جێگیركران كەدوای شەڕی ناوخۆی سوریا، كۆمپانیاكە خاكی سوریای بەجێهێشتبوو.
ژمارەی سەربازانی ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان تاوەكو ساڵی ٢٠١٩، بەدوو هەزار ٥٠٠ تاوەكو سێ هەزار سەرباز دەزانران، بەڵام دوای بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا، ژمارەی سەربازانی ئەو وڵاتە بۆ نزیكەی ٩٠٠ سەرباز كەمكرانەوە كەئەوەش ببووە هۆی ناڕەزایەتیەكی گەورەی بەشێك لەبەرپرسانی ئەمریكا و چەندین بەرپرسی ئەو وڵات هاوشێوەی مەكگورك دەستیان لەكاركێشایەوە، بەڵام بە هاتنەسەر دەسەڵاتی جۆو بایدن وەك سەرۆكی ئەمریكا، سیاسەتی ئەمریكا لەسوریا گۆڕانكاری بەخۆیەوە بینیەوە و بەگوێرەی سەرچاوەكان، ژمارەی سەربازانی ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان و سوریا گەیشتووەتە نزیكەی هەزار و ٥٠٠ سەرباز.
ئەو سەربازانەش بەشێوەیەكی سەرەكی لەچەند بارەگایەكدا جێگیركراون كەسەرەكیترینیان ئەمانەن: كێڵگەی نەوتی عومەر لەدێرەزۆر، كۆنیكۆ لە دێرەزوور، بارەگای شەداد، رمێلان، تەنەف لەسەر سنوری عێراق. هەروەها بەگوێرەی زانیاریەكانی هاوڵاتی لە رۆژئاوای كوردستانەوە كەسەرچاوەكە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، هێزەكانی ئەمریكا سەرقاڵی دروستكردنی دوو بارەگای سەربازی دیكەن لەدەورووبەری شاری رەققە. دەوریە هاوبەشەكانیشی لەگەڵ شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) زیاتر لەدەورەبەری شارەكانی تربەسپی، قامشلۆو دێركی سەر سنوری باكوری كوردستان دەبینرێن.