ئێران لە دوومانگ و نیودا 138 کەس لەسێدارە دەدات

لە رۆژێکدا دوو کەس لە ئێران لەسێدارە دەدرێن

ئامادەکردنی پەتی سێدارە

12 مانگ لەمەوپێش



رێکخراوێک ئاشکرای دەکات لە دوومانگ و نیوی ئەمساڵدا زیاترین کەس لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارەدراون و جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ژمارەیەک تاوان بۆ 10 هێندە بەرز بوەتەوە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ تەنها لە دوو هەفتەی رابردودا 29 زیندانیکراو لە زیندانەکانی ئەو وڵاتە لەسێدارەدراون.

ئاماژە بەوە کراوە لە سەرەتای ئەمساڵەوە جێبەجێکردنی سزای سێدارە زۆر بەخێرایی لە ئێران زیادی کردوە و تا 15ی ئەم مانگە 138 زیندانیکراو لەسێدارە دراون لە کاتێکدا لە ساڵی رابردودا و لە کاتی هاوشێوەدا 94 زیندانیی لەسێدارە دراون.

رێکخراوی مافی مرۆڤ ئاشکرای کردوە کە 88 کەس لەو زیندانیانەی کە لەو دوو مانگ و نیوەی سەرەتای ئەمساڵدا لەسێدارە دراون تۆمەتی بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکانیان لەسەر بوە و ئەوەش دەریدەخارت ژمارەی لەسێدارەدان بە تۆمەتی ماددە هۆشبەرەکان 10 هێندەی ساڵی 2016 زیادی کردوە.

لە توێژینەوەیەکدا ئاشکرا بوە کە ژمارەی لەسێدارەدان لە ئێران بەراورد بە 15 ساڵی رابردو زۆر زیادی کردوە و لە هەر 14 کاتژمێرێکدا کەسێک لەو وڵاتە لەسێدارە دەدرێت.

بەرزبونەوەی ژمارەی لەسێدارەدان لە ئێران لە کاتێکدایە ئەمساڵ 54 وڵات لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوایان کرد جێبەجێکردنی سزای سێدارە لە ئێران راگیرێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار