ئاهەنگەکانی نەورۆز لە باکور و تورکیا دەستیان پێکرد

یەک ساڵ لەمەوپێش



ئاهەنگەکانی نەورۆز لە شارەکانی باکوری کوردستان و تورکیا دەستیان پێکرد و لەگەڵ ئەوەی بارانێکی بەخوڕ لە زۆربەی شارەکان دەبارێت، بەڵام هاوڵاتیان روو لە گۆڕەپانەکانی ئاهەنگی نەورۆز دەکەن.
ئاهەنگەکانی نەورۆزی ئەمساڵ، لەلایەن کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتی (دەتەکە)، کۆنگرەی کۆمەڵگەی گەلان (هەدەکە)، بزووتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئا)، پارتی دیموکراتی هەرێمەکان (دەبەپە)، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و پارتی چەپی سەوزەوە رێکخراون.
یەکەم ئاگری نەورۆزی ئەمساڵ، لە ناوچەی شەمزینانی جۆلەمێرگ لەلایەن پارت و رێکخراوەکانی کوردیوە هەڵکرا. ئەمڕۆش لە ٢٣ شاری باکوری کوردستان و تورکیا، ئاهەنگی نەورۆز بەڕێوە دەچن کە بەشێکیان ئەمانەن: دێرسم، چەولیک، ئێلح، سێرت، ئیدر، وان، موش، ئەنقەرە، مێرسین، ئەنتاڵا، ئیزمیر، ئایدن، موغلا، دەنیزلی، مانیسا، بورسا، ئەستەنبوڵ، کزلتەپە، تراکیا، بالیکەسیر، ئایڤالک، کۆجائەلی، تاتوان، گەڤەڕ و ساکاریا.
دروشمی ئەمساڵی نەورۆز لەلایەن کوردانی کوردستان بە دروشمی ' هەموو شوێنێ نەورۆز، هەموو کاتێک ئازادی' بەرێوە دەچێت و هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار.
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ئەمڕۆ پەیامی نەورۆزی بە تویتێک بڵاوکردەوە و نووسیویەتی " هاتنی بەژار، بینی ئازار و نەورۆز، لە گەلەکەمان و هەموو مرۆڤایەتی پیرۆز بێت! نەورۆز پیرۆز بێت!"
گولتەن کشاناک هاوسەرۆکی پێشووی گەورە شارەوانی ئامەد کە لە ئیستادا لە زینداندایە، پەیامێکی لەبارەی ئاهەنگەکانی نەورۆزەوە بڵاوکردەوە و وتی، " واتای نەورۆز لە ١٤ی ئایاردا کە رۆژی هەڵبژارنە دەبینرێت."
لە شارەکانی ئەستەنبوڵ و وان، لەگەڵ ئەوەی بارانی بەخوڕ دەبارن، بەڵام خەڵکێکی زۆر کۆبووەتەوە و زۆربەی هاوڵاتیان ئاڵای پارتی چەپی سەوزیان بە دەستەوەیە کە بڕیارە هەدپە لە رێگەی ئەو پارتەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکات.
بڕیارە ئاهەنگە گەورەکەی نەورۆز ٢١ی ئازار لە شاری ئامەد ئەنجام بدرێت و چاوەڕێ دەکرێت، بە سەدان هەزار کەس وەک ساڵانی رابردوو بەشداری لە ئاهەنگەکەدا بکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار