پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای هەموارى سێیەمى یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانى عێراق کۆدەبێتەوە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجام دەدرێت کە لە میانیدا، پێشنیازەیاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەخرێتە دەنگدانەوە.

فەرمانگەی راگەیاندن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا کارنامەی دانشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بڵاوکردووەتەوە ،بەپێی کارنامەکە، دانیشتنەکەی ئەمڕۆیەکشەممەی ئەنجوومەنی نوێنەران، دوو تەوەر لەخۆدەگرێت کە یەکێکیان بریتی دەبێت لە دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.

هاوکات رۆژی چواری ئەم مانگە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پێشنیازەیاسای ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەنجام دابوو.

بەپێی ھەمواری سێیەمی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، یاساکانی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکرێن بە یەک یاسا، ھەروەھا ژماردنی دەنگەکان بەدەستی و ئەلیکترۆنی دەبێت، بەڵام ئەگەر ئەنجامەکەی جیاواز بوو، ئەوا ژماردنی دەنگەکان بەدەستی یەکلایی دەکرێتەوە و رێگا بە ھیچ ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەران و پارت و فراکسیۆنەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران نادرێت بچنە ناو ھاوپەیمانێتیی دیکە تا ئەو کاتەی حکوومەت پێکدەھێندرێت.

گرنگترین ئەو گۆڕاکارییانەى لە یاساکەدا کراون بریتین لەوەى هەردوو هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان و پەرلەمان، یەک یاسایان دەبێت، تەمەنى خۆبەربژێرکردن لە 28 ساڵەوە دەکرێتە 30 ساڵ بۆ پەرلەمان، دوو پێشنیاز بۆ بازنەکانى هەڵبژاردن هەن کە دەخرێنە دەنگدانەوە، یەکەمیان یەک بازنەیی نێو یەک پارێزگا بە پەیڕەوکردنی سیستمى سانت لیگۆ بۆ ژماردنى دەنگەکان، دووەمیان دابەشکردنى عێراق بەسەر 83 بازنە.

سیستمى سانت لیگۆ تایبەتە بە هەژمارکردنى دەنگى بەربژێرەکان و دابەشکردنى بەسەریاندا بۆ یەکلاییکردنەوەى براوەى هەڵبژاردنەکان.  

یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەھۆی خۆپیشاندانی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ ھەڵپەسێردرابوو و یەکێک لە داواکارییەکانی خۆپیشاندەران، ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بوو، چونکە ئەو کات وەک خۆپیشاندەران رایانگەیاندبوو ئەنجوومەنی پارێزگاکان، خزمەتگوزاری پێشکەش بە خەڵک ناکەن و لە گەندەڵی تێوەگلاون.

دوای پێکھێنانی کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی بڕیاردرابوو کە لە ماوەی ساڵێک و شەش مانگدا، ئامادەکاری بکرێت بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەران، بەڵام ئێستا ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی لە بری ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران، ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرێت.

دوایین هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە 2013 کرا، ئەم خولەى پەرلەمانیش نزیکەى سێ ساڵ تەمەنى ماوە، وادەى ئەنجامدانیان لەسەر بڕیارى حکومەت و ئامادەیی کۆمسیۆن وەستاوە، کە بەم یاسا نوێیە دەکرێت، ئەگەر وەک خۆى پەسەند بکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار