ئێران دراوی نوێی تمەن دەخاتە بازاڕە
نزیکەی دوو تریلیۆن لە دراوی نوێی تمەن دەخرێتە بازاڕەکانەوە
دراوی 200 هەزار تمەنی
2 ساڵ لەمەوپێش
ئێران دراوێکی نوێی تمەن ئاشکرا کرد و بەهای دۆلاریش لەو وڵاتە بەردەوامە لە بەرزبونەوە.
بانکی ناوەندیی ئێران بڵاوی کردەوە دراوی 200 هەزار تمەنی خستوەتەوە بازاڕەوە و تەنها لە تاران-ی پایتەخت بڕی 900 ملیارد تمەن لەو دراوە رادەستی بانکەکان کراوە و لە پارێزگاکانی دیکەش بری 700 ملیارد تمەن لەو دراوە بەسەر بانکەکاندا دابەش دەکرێت بۆ ئەوەی لە لایەن خەڵکەوە بەکاربهێنرێت.
پێشتر لە ئێران دراوی چەکی 50 هەزار تمەنی و 100 هەزارتمەنی وەک دراوی قورس بەکار دەهێنران و لە ئەمڕۆ دوشەممەوە ئەو دراوە نوێیەش بەکار دەهێنرێت.
ئاشکراکردنی ئەو دراوە 200 هەزار تمەنییە لە لایەن بانکی ناوەندییەوە لە کاتێکدایە تمەن دوبارە دەستی بە دابەزین کردوە و بەهای یەک دۆلار لە بازاڕەکانی ئێراندا زیاتر 48 هەزار و 800 تمەنە و پێشبینی دەکرێت لە رۆژانی پشوی نەورۆزدا بەرزبونەوەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێ.
شارەزایانی ئابوریی ئاماژەیان بەوە کردوە ئاشکرا کردن دراوێکی قورسێ لە شێوەی 200 هەزار تمەن ئاماژەی دابەزینی زیاتری دراوی تمەن لە ئاستی جیهاندا و تمەن تەنها لە بەرامبەر دۆلاردا نزیکەی 96%ی بەهاکەی لەدەست داوە کە 75%ی پەیوەندیی بە یەک ساڵی رابردوەوە هەیە.