نەورۆزی ژینا لە ڕۆژهەڵاتەوە تا تاران
2 ساڵ لەمەوپێش
دوای زیاتر لەشەش مانگ بەسەر سەرهەڵدانەكانی ناڕەزایەتییەكانی دوای مەرگی ژینا ئەمینیدا، ئەگەرچی خۆپیشاندانی بەرفراوان و بەردەوام دوای شەش مانگ لەو رووداوانە بەدیناكرێت، بەڵام ناڕەزایەتیی دەربڕین بەشێوازی جۆراوجۆر لەڕۆژهەڵات و ئێران لەچوارچێوەی درێژەی ئەو شۆڕشەدا بەردەوامە.
ناڕەزاییەكان گورزی گەورەی لەئابوری ئەو وڵاتە داوەو بۆ یەكەمجار لەمێژوودا بەهای یەك دۆلار لەئێران گەیشتە 63 هەزار تمەن و لەكۆی 29 بانكی ئێران تەنها دوو بانك قازانجیان تۆمار كرد، چونكە خەڵكێكی زۆر وەك ناڕەزایەتیی پارەكانیان لەبانكەكانی ئەو وڵاتە كشاندەوە، زیانە مادییەكانی دەسەڵات لەماوەی ناڕەزاییەكان بە 30 میار دۆلار مەزەندە دەكرێت، هەر لەو ماوەیەدا ئەوروپاو وڵاتانی بەریتانیاو ئەمریكا نزیكەی هەزار سزایان بەسەر بەرپرس و ناوەندو كۆمپانیاو دامەزرواەكانی كۆماری ئیسلامیدا سەپاندووە.
هەموو ئاماژەكان دەریانخست سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا گەورەترین گورزی لەكۆڵەكەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران داو هەیمەنەی ئەو كۆمارەی لەئاستی ناوخۆو نێودەوڵەتیدا تێكشكاند.
ئاستی كاریگەریی ئەو شۆڕشە حاشای لێناكرێت و ئەوەش وایكرد كۆماری ئیسلامی دەست بۆ هەموو شتێك ببات تەنها لەپێناو پاراستنی دەسەڵاتەكەیداو بەموشەكباران دەستیپێكردو بەكیمیایی دژی خوێندكارانی كچان لەڕۆژهەڵات و ئێران بەردەوامبەو تەنانەت جێبەجێكردنی گرێبەستی 25 ساڵەی نێوان چین و ئێران كەزیاترین ناكۆكیی لەسەربوو بەبێ ئەوەی یەك خاڵیشی ئاشكرا بكرێت واژۆكراو دوای حەوت ساڵ ناكۆكیی قووڵ لەگەڵ سعودیە بەرپرسانی تاران لەپەكین دەستیان خستە دەستی بەرپرسانی ریازو ئاشتبوونەوەیان راگەیاند لەكاتێكدا سوپای پاسداران تەنها 10 رۆژ پێش ئەو رێككەوتنە جارێكی تر هەڕەشەی هێرشكردنەسەر سعودیەی كرد.
كاردانەوەو كاریگەرییەكانی شۆڕشی ژینا بەپێشەنگایەتیی گەنجان و لاوان و كچان و ژنانی كورد سنورەكانی تێپەڕاند، چونكە ئەو بەشە لەكوردستان و دانیشتوانی ئێران بۆ بەئامانج گەیشتنی ئەو شۆڕشە لەشەقامەكانی سنەو زاهیدان و تاران تاكرماشان و مازەندەران خوێن دەڕێژن و دەیان دایك و باوك جەرگ سوتاو بوون و پەتی سێدارەو ئەشكەنجەو ئازایش تائێستا بووەتە بەشی ئەوانەی شەیدای ئازادین.
كاریگەرییەكانی ئەو شۆڕشە وایكرد ئابوریی كۆماری ئیسلامی لەداڕمان نزیك ببێتەوەو بۆ یەكەمجار لەمێژوودا بەهای یەك دۆلار لەئێران گەیشتە 63 هەزار تمەن و بەپێی ئامارەكانی ئەمساڵ لەكۆی 29 بانكی ئێران تەنها دوو بانك قازانجیان تۆمار كرد، چونكە خەڵكێكی زۆر وەك ناڕەزایەتیی پارەكانیان لەبانكەكانی ئەو وڵاتە دەكشاندەوە.
كۆماری ئیسلامی لەژێر فشارەكانی ئەو شۆڕشەدا پەنا بۆ هەموو شتێك و پاشەكشێ بۆ زۆر شت دەكات كە لەداهاتودا دەردەكەوێت و ئەوەی ئێستا روونە بەردەوامبوونی شۆڕشەكەیە لەچوارچێوەی ناڕەزایەتیی جیاوازدا، چونكە پێچەوانەی ناڕەزایەتییەكانی چەندساڵی رابردووی ئێران لەژێر كاریگەریی و پێشەنگایەتیی كورد چیتر داوای چاكسازیی لەدەسەڵات ناكرێت و ئامادەكاریی بۆ لابردن و راماڵینی دەسەڵات دەكرێت.
لەسەرەتای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكاندا مامۆستایەكی ژن لەشاری سنە وتی ئێمەی كورد 43 ساڵە بەڵێمان بۆ دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران نەوتووە و پێویستە چیتر گەلانی دیكە لەتاران و شارەكانی ئێران بڵێن « نا بۆ كۆماری ئیسلامی» وتەی ئەو مامۆستایە ئاماژەی روونە كە شۆڕشی ژینا درێژكراوەی ئەو خەون و خەباتە مێژووییەی كوردە لەپێناو ئازادی كە خوێنی بۆ دەڕێژێ.
بە چاوخشاندنێكی خێرا دەردەكەوێت كورد بەراورد بە گەلانی دیكە و دانیشتوانی دیكەی جوگرافیانی ئێران لەماوەی شەش مانگی رابردوودا زیاترین خوێنی رژاندووە و هەر یەكە لەو كچ و كوڕ و گەنج و لاوانەی گیانیان لەدەستداوە خاوەنی چیرۆكێكی تایبەتن كە بە پرچەكانی ژینا دەستیپێكرد بە پەتی سێدارەش كۆتایی نەهاتووە.
زۆربەی ئەوانەی لە رۆژهەڵات گیانیان بەخت كردووە خاوەنی كەسایەتیی بەهێزو تێكۆشەر، خەمخۆرو پابەند بەكۆمەڵگە و نیشتیمان و وڵات بوون و زۆربەیان پێش مەرگیان دەیان چیرۆك و وێنەو تۆماری ڤیدیۆییان لەخەمخۆریی بۆ ژینگەو مرۆڤایەتی لێ بڵاوكرابوەوە، ژمارەیەكیان شاخەوان و وەرزشكارو هەندێكیان خەمخۆر و خاوەن خەون بۆ نیشتیمان و ژمارەیەكیان خۆشییەكانیان لەگەڵ خەڵك و خەمەكنیشان بۆ خۆیان دابەشدەكرد.
ژیناو ساریناو كۆمارو شەماڵ و شۆڕش تادەگاتە ئاریان كەدوای چوار مانگ بێهۆشی دواجار لە (14/3/2023) گیانی لەدەستدا بەخوێن مێژووی شۆڕشێكیان نەخشاندووە كە رۆژانە رێبواری هەیە و رەوو رەوتەكەی بەردەوامە.
بەگشتی لەماوەی شەش مانگدا 135 گەنج و لاوی رۆژڵاهەت بەگوللـەو ئەشكەنجەی هێزە ئەمنییەكانی ئێران گیانیان لەدەستداو گڵكۆكانیشیان بە تارای سور نەخشێنرا لەسنە 19 كەس و لەبۆكان 18 و لەجوانڕۆ 11 كەس كوژران بەوەش زیاترین كوژراو لەو شارانە تۆمار كراو شاری رۆژهەڵاتی كوردستان نەما كەخوێنی تێدا نەڕژابێت و تەنانەت لەكەمترین ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی تێداكرا دوو كەس كوژران.
لەئامارەكاندا دەركەوتووە بەبێ ژمارەی كوژراوانی رۆژهەڵات 384 كەس لەشارەكانی دیكە لەو ناڕەزایەتییانەدا كوژراون كە 130 كەسیان لەپارێزگای سیستان و بەلوچستان بووەو دوای كوردستان و بەلوچستان زیاترین كوژراو لەشارەكانی باكوری ئێران وەك مازەندەران تۆماركراوە.
لەناوخۆی رۆژهەڵات و زۆربەی شارەكانی ئێران رۆژانە یادی كوژراوانی ناڕەزایەتییەكان دەكرێتەوەو هەر ئەوە وایكردووە ئاسۆی هیوای سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندان و وەستانەوە دژی كۆماری ئیسلامیی تروسكاییەكەی لەدەستنەدات و رەنگە بریسكەیك بەس بێت بۆ روون بوونەوەی ئەو ئاسۆیە.
ناڕەزایەتییەكان ئابووریی ئێران دادەڕمێنێت
دەركەوتووە زۆرینەی بانكەكانی ئێران زیانە مادییەكانیان زیادی كردووە و هاوكات چوونەدەرەوەی سەرمایە زۆر زیادی كردووەو پێدەچێت بەهۆی ئەو ناڕەزایەتییانەوە زیاتر لە 30 ملیار دۆلار داهاتی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی كەمی كردبێت.
لەئامارەكانی بانكی ناوەندیی ئێران ئاشكرابووە لەهاوینی ساڵی رابردووەوە بەشێوەیەكی خێرا، راكێشان و چوونەدەرەوەی پارە لەبانكەكانی ئێران زۆر زیادی كردووەو تەنها لەو وەرزەدا نزیكەی 10 ملیار دۆلار لەپارەی بانكی ناوەندیی وڵاتەكە كەمیكردووە.
پێشتر ژمارەیەك لەبەڕێوەبەرانی بانكەكانی ئێران دانیان بەوەدا نابوو كە لەدوای مەرگی ژینا ئەمینی و لە رێكەوتی (16/9/2023) چوونەدەرەوەی پارەو سەرمایەی بیانی زۆر زیادی كردووە، بەڵا بانكی ناوەندیی ئامارەكانی پێنج مانگی ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێرانی ئاشكرا نەكردووە.
لەلایەكی دیكەوە ناوەندی (كۆدال) لەئێران بڵاویكردووەتەوە كە لەكۆی 29 بانكی چالاكی وڵاتەكە 13 بانك، زیانی زیاتر لە 366 ترلیۆن تمەن-یان تۆمار كردووە كەچوار هێندەی ئەو پارە كاغەزەیە كەئێستا بەدەست دانیشتوانی وڵاتەكەوەیە.
لەئامارەكاندا دەركەوتووە كۆی زیانی ئەو بانكانە تەنها لە نۆ مانگدا 47 ترلیۆن تمەن بووەو تا ناوەڕاستی ئەم مانگە زیانەكان گەیشتووەتە 100 ترلیۆن تمەن و كۆی زیانی ئەو 13 بانكە بەدۆلار دەكاتە زیاتر لەهەشت ملیارو 52 هەزار دۆلار لەكاتێكدایە كە كۆی زیانە بانكییەكانی ساڵی 2019 لەوڵاتەكە گەیشتووەتە یەك ملیۆن و 230 هەزار دۆلار.
دەرهێنانەوەو كشانەوەی پارە بەهۆی نەبوونی متمانە بەبانكەكان لەئێران بەراورد بەسەردەمی پێش ناڕەزایەتییەكان زۆر زیادیكردووەو ئەوەش یەكێكە لەهۆكارە سەرەكییەكانی زیانی ئەو بانكانە.
سەرەڕای ئەوەی لەناوخۆدا دەسەڵات گیرۆدەی پلانی خەڵكی ناڕەزایی بووە سزاكانی دەرەوە بەتایبەت ئەوروپاو بەریتانیاو ئەمریكا كەتەنها لەماوەی ناڕەزایەتییەكاندا نزیكەی هەزار سزا بەسەر بەرپرس و ناوەندو كۆمپانیا و دامەزروەكانی كۆماری ئیسلامیدا سەپێنراوە، زیانە مادییەكانی ئەو سزایانەش بەنزیكەی 10 ملیار دۆلار خەمڵێنراون.
شێوازی دەسەڵاتداریی و ئابوریی ئێران وایكردووە ناخۆشیی و مەینەتییەكانی دانیشتوانی ئەو جوگرافیایە بەڕۆژهەڵاتی كوردستانیشەوە بەشێوەیەكی بەرچاو زیادبكات .
ناوەندی ئاماری ئێران ئاشكرایكردووە رێژەی ناخۆشیی لەساڵی 2022 گەیشتووەتە 49.4% كە بەراورد بەساڵی 2016 كە 19.3% بووەو زیاتر لە 155% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە لەكاتێكدا بەپێی پێوەرە جیهانییەكان رێژەی ناخۆشیی هەر وڵاتێك دەبێت لەنێوان 6% بۆ 7% بێت و بەوەش دەردەكەوێت رێژەی ناخۆشیی لەئێران 42% لەپێوەرو ستانداردە جیهانییەكان زیاترە.
بەرزبوونەوەی رێژەی ناخۆشیی پەیوەندیی راستەوخۆی بەبەرزبوونەوەی هەڵاوسانی ئابوریی و رێژەی بێكارییەوە هەیە، بەڵام لەئامارەكانی حكومەتدا بێكاریی بە 8.3% تۆماركراوەو هەڵاوسانی ئابوریی بە 54% لەكاتێكدا سەرچاوە ئابورییەكان و شارەزایانی ئەو بوارە رێژەی بێكاریی لەو وڵاتە بەزیاتر لە 13% و هەڵاوسانی ئابورییان بەزیاتر لە 80% دەخەمڵێنن.
ناوەندە ئابورییەكانی جیهان ئاشكرایان كردووە لە كۆی 85 ملیۆن دانیشتوی ئێران لانیكەم 60 ملیۆن كەسیان لەهێڵی هەژاریدا دەژین و لەو ژمارەیە 40 ملیۆنیان لەژێر هێڵی هەژارییەوەن و ناوەندی (كار) لەوڵاتەكەش جەختی لەوە كردووەتەوە كەهەر خێزانی كرێكارێك بۆ دابینكردنی سەبەتەی خۆراكەكەی پێویستی بە 13 ملیۆن تمەنە لەكاتێكدا موچەی ئێستای زۆرینەی كرێكاران لەئێران ناگاتە شەش ملیۆن تمەن.
كەمترین موچە لەئێران بە 20% بەرزبوونەوە لەئەمساڵدا بووە حەوت ملیۆن و 900 هەزار تمەن كەدەكاتە نزیكەی 177 دۆلار لەكاتێكدا پێویستە داهاتی هەر خێزانێكی چوار كەسی لەنێوان 15 بۆ 17 ملیۆن تمەن بێت بۆ ئەوەی نەكەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە.
نەرۆزی ژیناو ئازادی
خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان سەرەڕای سەركوت و سێدارە رۆژانەو لەهەر بۆنەیەكدا بەڵێنی بەردەوامبوون لەدەربڕینی ناڕەزایەتیی و تێكۆشان بۆ ئازادیی دەدەن و بەیادكردنەوەی گیانبەختكردوانی شۆڕشەكەیان و زیندوكردنەوەی ناویان لەبۆنەو رێوڕەسمە كەلتوری و كۆمەڵایەتییەكان، سوورن لەبەئەنجامگەیاندنی هەوڵەكانیان و لەو چوارچێوەیەشدا نەورۆزی ئەمساڵ بەنەورۆزی ژینا ناوزەد كرا.
كورد لەڕۆژهەڵات خاوەنداریی لەدۆسیەی كوژراوانی ناڕەزایەتییەكان و دورشمی ژن ژیان ئازادیی دەكات، بۆیە لەئێستادا ئەو بەشە لەكوردستان بەزیاترین هێزی ئەمنی و سەربازیی تەنراوە و تەنانەت رۆژانە تۆمەتبارانی دەیان دۆسیەی جیاواز كەسزای سێدارەكانیان راگیرابوو لەئێستاداو لەزیندانەكانی ورمێ و سنەو كرماشان و ئیلام لەسێدارە دەدرێن بەئامانجی چاوترسێنكردنی خەڵك لەلایەن دەسەڵاتەوە.
تەنها لەماوەی دوو مانگدا 42 كەس لەو زیندانانە لەسێدارە دراون كە یەك كەسیان بەناوی محێدین ئیبراهیمی بەزیندانی سیاسی كورد لەقەلەمدراوەو ئەوانەی دیكە زۆرینەیان تۆمەتی كوشتنی بەئەنقەست و بازرگانیی بەماددە هۆشبەرەكانەوە بووە.
ئاستی چاوسووركردنەوە و سەركوت بەجۆرێك بەرزبووەتەوە كە تەنها لە یەك رۆژدا هەشت كەسی كورد لە (16/3/2023) لەزیندانی ورمێ لەسێدارەدران، بۆیە وەك باوكی كۆماری درئۆفتادە لەسەر گڵكۆی رۆڵە كوژراوەكەی وتی: ئەگەر كورد یەكڕیز نەبێت هەموویان دەكوژرێن.
ئەوەی لەڕۆژهەڵاتی كوردستان بەدیدەكرێت ئامادەكارییە بۆ سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەكی فراوان و بەردەوامبوونی شۆڕشی ژینا لەنەورۆزەوە تاشەقام و شارەكانی سەرتاسەری ئێران.