شاندی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق کۆبوونەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لەدوای بڕیارەکەی فڕەنسا سەبارەت بە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیەوە، وەزیری نەوتی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە سەرۆکایەتی کۆبونەوەیەکی  لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا میکانزم و پێشهاتی نوێی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا، هاوکات  هەریەک لە حەیان عەبدولغەنی جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێم کۆبۆوە کە شاندەکە لە کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتیەکان بەوەکالەت، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، فارس عیسا نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەغدا پێکهاتبوو.

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا میکانزم و پێشهاتی نوێی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا، ئەمەش دوابەدوای بڕیارەکەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 23ـی ئاداری 2023ـی دەستەی دادوەرانی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، سەبارەت بە لێکۆڵینەوە لە داوایەکی عێراق کە لە دژی تورکیا بەرزیکردبووە، بەهۆی سەرپێچیکردنی رێککەوتنی ساڵی 1973ـی هێڵی بۆڕیی عێراق و تورکیا، کە لە دەقەکەیدا هاتوو "پێویستە حکومەتی تورکیا، گوێڕایەڵی رێنماییەکانی لایەنی عێراقی بێت لەبارەی نەوتی خاوی هەناردەکراوی عێراق بۆ سەرجەم ناوەندەکانی کۆگاکردن و رۆیشتن و وێستگەی کۆتایی".

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان و بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دابەشکردن، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بە بازاڕکردن و بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ئابووریی و یاسایی و بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندن و گەیاندنی حکومی و ژمارەیەک بەرپرسانی فەرمانگە پەیوەندارەکان ئامادەبوون.

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، لە رۆژی رابردوو وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، دۆسیەی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا، لەلایەن دادگای نێودەوڵەتی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا یەکلایی کراوەتەوە و کۆماری عێراق براوەیە و دادگای پاریس بە فەرمی رایگەیاند، تورکیا پێشێلکاری لە رێکەوتننامەی هێڵی بۆرییە نەوتەکانی عێراق کردووە.

دواتر نوسینگەی گواستنەوەی نەوتی عێراقی نووسراوێکی ئاڕاستەی بەندەری جەیهان کرد بۆ راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم و تورکیاش بە بڕیارەکانی دادگای پاریس پابەندبوو.

لەو بارەیەوە حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بریاری دادگای فەرەنسی لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق دژی تورکیا، رێگر نابێت لە پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم لەگەڵ حکومەتی بەغدا. وتیشی، "سەردانی بەغدا دەکەینەوە بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنی بابەتەکانی پەیوەندیدار بەو پرسە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار