هەڵاوسان لە ئێران بەرزترین ئاستی 50 ساڵی رابردو تۆمار دەکات
هەڵاوسانی ئابوریی ئێران لە ساڵێکدا زیاتر لە 63% بەرز دەبێتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
لە ئامارەکانی ئێراندا ئاشکرا دەبێت لە یەکساڵدا هەڵاوسانی ئابوریی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە و ئەوەش بە ژمارەیەکی پێوانەیی هەڵاوسان لە مێژوی 50 ساڵی وڵاتەکەدا لەقەڵەم دەدرێت.
بانکی ناوەندیی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە ئامارەکانی مانگی رابردوی ئەو وڵاتەی بڵاو کردوە کە تا ئێستا هەڵاوسانی ئابوریی بەراورد بە هەمان مانگ لە ساڵی رابردودا 63.9% بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
بە پێی ئامارەکانی بانکی ناوەندیی هەڵاوسانی ئابوریی لە 21 مانگی رابردو تا 22ی ئەم مانگە لە ئێران، هەڵاوسانی ئابوریی گەیشتوەتە 46.5% کە ئەوەش بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی 2022دا هەڵاوسانی ئابوریی نزیکەی 70% بەرز بوەتەوە.
ئاماژە بەوە کراوە لە مانگی ئازاری ئەم ساڵدا زۆرترین بەرزبونەوەی نرخی کاڵا و شتومەک لە بازاڕەکانی ئێران تۆمار کراوە و ئەوەش زیاترین هەڵاوسانی یەک مانگی، 50 ساڵی مێژوی وڵاتەکەی لێکەوتوەتەوە.
هەڵاوسانی ئابوریی ئێران لە کاتێکدا لە ئەمساڵدا بەهای تمەن نزمترین ئاستی بەرامبەر دۆلار و زۆربەی دراوەکانی جیهان تۆمار کرد و لە یەكشەممە (26/2/2023) بۆ یەكەمجار لە مێژودا بەهای یەك دۆلار لە ئێران گەیشتە 60 هەزار و 50 تمەن و ئەوەش بە ژمارەیەکی پێوانەیی دۆلار لەقەڵەم درا.
دراوی تمەن نزیکەی 96%ی بەهاکەی لە بەرامبەر دراوی دۆلاردا لەدستداوە و ئەوەش وا دەکات بە بەردەوامیی هەڵاوسانی ئابوریی ئێران بەرز ببێتەوە.