دەمیرتاش: هاوڵاتیانی تورکیا یان ئەفغانستان هەڵدەبژێرن یان سویسرا!

2 ساڵ لەمەوپێش



سەلاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند، هاوپەیمانی کۆمار (دەسەڵات) لە مێژووی سیاسەتی تورکیادا، راستڕەوترین و دواکەتووترین بەرەیە و بووەتە هاوپەیمانی تالیبان.
سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە وتارێکدا ئاماژەی بە دۆخی هەڵبژاردن لە تورکیا کرد و وتی، " هاوپەیمانی کۆمار (دەسەڵات) لە مێژووی سیاسەتی تورکیادا، راستڕەوترین و دواکەتووترین بەرەیە و بۆ هاوپەیمانی تالیبان گۆڕاوە. ئەم هاوپەیمانێتیەی تالیبان، دەیەوێت لەسەدا ٥١ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت و لە پەرلەمان قۆڕخ بکات."
دەمیرتاش ئاماژەی بەوەکرد، وڵاتیان بەرەو وێرانەیەک برد. هیچ پرۆژەیەکی چارەسەریان نییە و ئەگەر تاوەکو ئێستاش بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە هەڵبژاردنەکاندا سەردەکەون، ئەمە کەموکورتی و بەرپرسیاری ئۆپۆزسیۆنە و دەڵێت، " پێویستە ئۆپۆزسیۆن هەموو هێزەکەی بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکان، ئابوری، دیموکراسی، دادپەروەری، کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، گەشتیاری پەروەردە و تەندروستی خەرج بکات. هەروەها دەبێت لە بەرامبەر هاوپەیمانی تالیباندا گەل ئاگادار بکاتەوە."
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا دەمیرتاش ئاماژەی بەوەکرد، " دیارە کە هاوپەیمانی تالیبان، پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان لەسەر بناغەی رەشکردنی بەرامبەر و ئۆپراسیۆنەکان بەڕێوە دەبات. دیارە کە لە بانگەشەکەدا هەدەپە وەک دوژمن پێناسەی بۆکراوە. هەدەپە پێویستە لە بەرامبەر ئەم دۆخە هۆشیار و وریا بێت و بە باشی سیاسەتی چارەسەری خۆی بۆ هەموو تورکیا روون بکاتەوە. جگە لەوە لە بەرەی ئۆپۆزسیۆنیش هەندێک لایەن هەدەپە وەک دوژمن دەبینن. ئەو کەسانە کە لە چوارچێوەی فاشیزم و نەژادپەرستی بیر دەکەنەوە، وەها دەزانن تورکیا موڵکی باوکیانە. ئەو لایەنانە کاتێک گوێیان لە وشەی 'کورد' دەبێت، موی گیانیان هەڵدەستێت و پێیان باشترە لەگەڵ ئەردۆغاندا بن.
لە بری ئەوەی کوردێک هەڵبژێرن کە داوای دیموکراسی و ئاشتی دەکات، دەچن هاوپەیمانی تالیبان هەڵدەبژێرن کە تاوەکو ئێستاش نازانن، گەورەترین هەڵبژاردن لەدەست دەدەن.
دەمیرتاش هەروەها بانگەوازی لە هاوڵاتیانی تورکیا کرد کە لە هەڵبژاردنەکاندا دوو رێگەیان هەیە، یان ئەفغانستان هەڵدەبژێرن یان سویسرا و وتی، " ئێوەی هاوڵاتی وڵامی ئەم پرسیارە دەدەنەوە، چونکە مۆرەکە لای ئێوەیە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار