بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار دادەبەزێتەوە
پێشبینی دەکرێت دابەزینی بەهای تمەن بەردەوام بێت
نوسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو لە ئێران کە بەهای یەک دۆلار بە 45 هەزار تمەن بوە
2 ساڵ لەمەوپێش
بەهای دۆلار بەرامبەر تمەن بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی و روسیاش دەڵێت رێککەوتنی ئەتۆمیی مردوە و تەنها مەرگەکەی راناگەیەنرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە بەهای یەک دۆلار بەرامبەر تمەن لە بازاڕەکانی ئێراندا گەیشتە 52 هەزار و 200 تمەن کە ئەوەش بەرزترین نرخی 22 رۆژی رابردوی دراوی دۆلارە لە وڵاتەکەدا.
دوبارە بەرزبونەوەی بەهای دۆلار لە کاتێکدا رۆژی یەكشەممە (26/2/2023) بۆ یەكەمجار لە مێژودا بەهای یەك دۆلار لە ئێران گەیشتە 60 هەزار و 50 تمەن و ئەوەش بە ژمارەیەکی پێوانەیی دۆلار لەقەڵەم درا و دواتر بانکی ناوەندیی ئێران بە دەستوەردان لە بازاڕەکان و دەستگیرکردنی ژمارەیەک بازرگان و ئاڵوگۆڕکاری دراو توانیی لە 15 رۆژدا بەهای یەک دۆلار بۆ کەمتر لە 45 هەزار تمەن دابەزێنێت.
لە لایەکی دیکەوە میدیا و راگەیاندنەکانی ئێران لەسەر زاری میخائیل ئولیانۆڤ، نوێنەری روسیا لە نەتەوەیەکگرتوەکان بڵاویان کردوەتەوە کە وڵاتانی رۆژئاوا ئامادە نین بگەڕێنەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1.
ئولیانۆڤ وتویەتی: ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا کە چوار وڵاتی بەشداربوی ناو رێککەوتنەکەن ئامادە نین دانوستانەکان بۆ زیندوکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی لەگەل ئێران دەست پێبکەنەوە بۆیە ئەوان تەنها نایانەوێت مەرگی ئەو رێککەوتنە راگەیەنن.
رێککەوتنی ئەتۆمیی زیاترین کاریگەریی لەسەر ئابوریی ئێران هەیە چونکە بەهۆی کشانەوەی ئەمریکا لە ساڵی 2018 لەو رێککەوتنە سزا نێودەوڵەتییەکان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران چالاک کراونەتەوە و ئابوریی وڵاتەکەش روبەڕوی قەیران بوەتەوە.