'هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا لە خولی یەکەمدا یەکلایی دەبێتەوە'

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆکی کۆمپانیایەکی راپرسی تورکیا رایدەگەیەنێت، بەهۆی خۆکاندیدکردنی موحەرەم ئینجە سەرۆکی پارتی نیشتیمان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا، رکابەرایەتی نێوان کلچدارئۆغلۆ و ئەردۆغان لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا یەکلایی دەبێتەوە.

موراد ساری سەرۆکی کۆمپانیای کۆنسەنسوسی تایبەت بە راپرسی و لێکۆلینەوەکان رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی بەشێک لە دەنگەکانی هاوپەیمانی گەل و هاوپەیمانی کۆمار بە یەکسانی، بۆ موحەرەم ئینجە سەرۆکی پارتی نیشتیمان دەبن کە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کاندید کردووە، لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا، ئەنجامی هەڵبژاردن یەکلایی دەبێتەوە.

موراد ساری لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سوزجوی سەر بە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، باسی لە دۆخی هاوپەیمانێتیەکان کرد بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا. ساری دەڵێت، " هەم لەنێو هاوپەیمانی گەل و هەم لەنێو هاوپەیمانی کۆمار، بەشێک لە دەنگدەران دەنگ بە کلچدارئۆغلۆ و ئەردۆغان نادەن و ئەمەش وایکردووە، کلچدارئۆغلۆ و ئەردۆغان، هەوڵ بدەن، لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا، کۆتایی بە ڕکابەرایەتیەکە بهێنن."

موراد ساری باسی ئەوە دەکات کە ٣٣ ساڵە کاری راپرسی دەکات و پێی وایە، لە خولی یەکەمدا، هەموو شتێک یەکلایی دەبێتەوە و دەنگی کلچدارئۆغلۆ و ئەردۆغانیش نزیک دەبن لە یەکەمەوە. تاوەکو ئێستا چوار کەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا کاندید کردووە، بەڵام رکابەرایەتی سەرەکی لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار و کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی جەهەپە و کاندیدی هاوپەیمانی گەلە.

دوێنێ کلچدارئۆغلۆ سەردانی موحەرەم ئینجە سەرۆکی پارتی نیشتیمان کرد کە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا کاندید کردووە بۆ ئەوەی لە کێبڕکێکە بکشێتەوە، بەڵام ئینجە ئەو داوای رەت کردەوە. بەگوێرەی زۆربەی راپرسیەکان، دەنگەکانی هاوپەیمانی گەل (ئۆپۆزسیۆن) نزیکەی ٤٤٪ و دەنگەکانی هاوپەیمانی کۆمار (دەسەڵات) ٤٠٪ دەبێت.

لەم نێوەندەدا دەنگەکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە دەوروبەری ١٠٪ و دەنگەکانی موحەرەم ئینجە سەرۆکی پارتی نیشتیمان ٥٪ دەبێت. بەهۆی ئەوەی هەدەپە و هاوپەیمانەکانی کاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی دیاری نەکردووە، ئەگەرێکی زۆر هەیە، دەنگ بە کلچدارئۆغلۆ بدەن و شکست بە ئەردۆغان بهینن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار