هاوڵاتی بەربەستەكانی بەردەم دروستكردنی پارێزگای نوێ لەعێراقدا بڵاودەكاتەوە
جگە لەكورد شیعەو سوننەش داوای دروستكردنی پارێزگای نوێ دەكەن
2 ساڵ لەمەوپێش
هێمن مەحموود
لەساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجەدا، محەممەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی بڕیاری بەپارێزگاریكردنی هەڵەبجەی رەوانەی پەرلەمانی عێراق كرد، ئەم بڕیارەی بەپارێزگاركردنی هەڵەبجە وەك وەفایەك بۆ خەڵكی شارەكە وەسفكرا، ئەمە لەكاتێكدایە كە لەكۆتایی ساڵی 2013 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر داوای هەرێمی كوردستان هەڵەبجەی وەك پارێزگا ناساندبوو، بڕیاری پارێزگا درووستكردن لەعێراقدا لەساڵانی پێشووتریشدا هەبووەو بڕیار لەسەر چەندین قەزای دیكە دراوە كەبكرێت بەپارێزگاو بڕیارەكەش رەوانەی پەرلەمانی عێراق كراوە، بەڵام تاوەكو ئێستا لەپەرلەمان دەنگی لەسەر نەدراوەو وەك خۆیان ماونەتەوە.
لەمانگی 1ی ساڵی 2014، (نوری مالیكی) سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق بڕیاریدا كە چوار پارێزگای نوێ لەعێراق درووستبكرێت كەئەوانیش (قەزای دووزخورماتوو لەپارێزگای سەڵاحەدین) و (قەزای تەلەعفەر لەپارێزگای نەینەوا) و (دەشتی نەینەوا) و (فەلوجە لەپارێزگای ئەنبار) بكرێنە پارێزگاو بەمەش ژمارەی پارێزگاكانی عێراق لە 19 پارێزگاوە (بەهەڵەبجەشەوە) دەبێتە 23 پارێزگا، هاوكات چەندین داواكاریش بەرزكرانەوە بۆ كردنی قەزای زوبێر لەپارێزگای بەسرەو قەزای مەدینە سەدر لەبەغدا بكرێنە پارێزگاو قەزای شامیەو سویرە لەپارێزگاكانی دیوانیەو واست بكرێنە پارێزگا.
جگە لەبەپارێزگاكردنی قەزای هەڵەبجە كەهیچ رێگری و ناڕەزایەتییەكی لەدژ سازنەكراو تەواوی عێراقییەكان قبوڵیان بوو، بەپارێزگاكردنی شارەكانی دیكە بوو بەمایەی ناڕەزایی و هەڕەشەی درووستكردنی هەرێمی سەربەخۆی لێكەوتەوە، ئەویش بەهۆی جیاوازی مەزهەبی و نەتەوەیی و گۆڕینی دیمۆگرافی دانیشتوانەوە.
پارێزگاری ئەوكاتی نەینەوا رایگەیاند ئەگەر بێت و تەلەعفەرو دەشتی نەینەوا (كەزۆرینەی شیعەو مەسیحییە) بكرێنە پارێزگا ئەوا هەرێمێكی سەربەخۆ رادەگەیەنێت، پارێزگای سەڵاحەدینیش رەتیكردەوە رازی ببێت دووزخورماتوو (كەتوركمان و كورد زۆرینەن) بكرێتە پارێزگاو رایگەیاند پاڵنەری سیاسی لەپشت بڕیارەكەوەیە، پارێزگای ئەنباریش رەتیكردەوە فەلوجە (بەهۆی ململانێی عەشایەرییەوە) بكرێتە پارێزگا، كوردیش رەتیكردەوە تەلەعفەرو دەشتی نەینەواو دووزخورماتوو (بەهۆی ئەوەی دەكەونە ناوچەی جێناكۆكەوە) بكرێنە پارێزگا.
درووستكردنی هەر پارێزگایەكی نوێ لەعێراقدا پێویستی بەچەندین رێوشوێنی ئیداری و یاسایی هەیە كەدەبێت ئەنجامبدرێت و دەستووری عێراقی رێگەیداوە دوای تەواوكردنی هەموو رێكارەكان، قەزاكان دەتوانن ببنە پارێزگا.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەرپرسی وەرگرتنی داواكارییەكان و هەڵسەنگاندنی مەرجە هونەری و یاساییەكانی هەر قەزایەكە كەدەیەوێت ببێتە پارێزگا پێش ئەوەی رەوانەی سەرۆك وەزیران بكرێت، بەپێی راپۆرتەكانی وەزارەتی پلاندانان بۆ ئەوەی قەزایەك بكرێتە پارێزگایەك ئەوا دەبێت مەرجەكانی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2008ی پارێزگاكانی تیادابێت.
پارێزگاری ئەو قەزایەی بڕیارە بكرێتە پارێزگا، یاخود زۆرینەی رەهای ئەنجومەنی پارێزگا قەزاكە هەڵدەبژیرن كەبكرێتە پارێزگا، هاوكات دەبێت رەزامەندی ئەو قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەیانە وەربگیرێت كەدەخرێنە سەر پارێزگا نوێیەكەو دەبێت پشتگیری نوێنەرانی پارێزگا لەپەرلەمانی عێراق و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا و كەسایەتی سەرۆك عەشیرەتەكانی گوندو شارەكانی بۆ وەربگیرێت.دواتر داواكارییەكە رەوانەی حكومەت دەكرێت و پێویستە پارێزگا پێشنیازكراوەكە لێكۆڵینەوەیەكی هونەری و ئابووری و گەشەپێدان بۆ ژمارەی دانیشتوان و توانا ئابوورییەكانی لەڕووی كشتوكاڵ و پیشەسازی و پرۆژەكانی ئاوو ئاوەڕۆو ژێرخانی ئابوورییەوە ئامادەبكات، هاوكات دەبێت نەخشەی قەزاو ناحیەو گوندەكانی ئامادەبێت تاوەكو قەزایەك بكرێـتە ناوەندی پارێزگاكە بەمەرجی ئەوەی دەبێت ئەو قەزایە شارەوانییەكی دانپیانراوی بەپێی یاسای 1964ی شارەوانییەكان هەبێت.
دەربارەی بەپارێزگا بوونی هەڵەبجەش، غەنی غەسبان، چاودێری سیاسی رایگەیاندووە ئەوە مافی راستەقینەی شارەكەیە بۆ ئەوەی ببن بەپارێزگای ژمارەی 19ی عێراق و چوارەمی هەرێمی كوردستان ئەویش لەپای ئەو زوڵم و ستەمەی كە لەم شارە كراوە، ئاماژە بەوەشدەكات بڕیارەكە هیچ ناڕەزایەتی و رەخنەیەكی ئاراستە ناكرێت نە لەناو عێراقداو نە لەناو هەرێمی كوردستانداو هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراق و هەرێم پشتگیری دەكەن.
بەپێی بڕوای سەلام سمیسمی شارەزای ئابووریش بڕیاری درووستكردنی پارێزگای هەڵەبجە وادەكات لەبودجەی عێراقدا جیاواز لەبودجەی پارێزگای سلێمانی بودجەی سەربەخۆی بۆ تەرخانبكرێت.
لیژنەی هەرێمەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش داوادەكات كەپارێزگای نوێ لەعێراقدا درووستبكرێت بەتایبەت لەناوچەكانی باشووری عێراقدا، لیژنەكە دەڵێت بەهۆی زۆربوونی دانیشتوان و گەشەی سیستەمی كارگێڕییەوە وا پێویست دەكات چەند پارێزگایەكی باشووری عێراق دابەشبكرێت و پارێزگای نوێی لێ درووستبكرێـت وەك باكووری پارێزگای واست و ناوچەی نێوان پارێزگاكانی كەربەلا و بابل و نەجەف، هەروەها بەسرەش.
بەبڕوای چاودێرانیش پێش درووستكردنی هەر پارێزگایەكی نوێ پێویستە چەند مەرجێك هەبێت و كاریگەری نەكاتەسەر تێكچوونی پێكهاتەی كۆمەڵایەتی دانیشتوانی هەندێك پارێزگا، هاوكات دەبێت پارێزگاكە هەر بەتەنیا پشت بەحكومەتی ناوەند نەبەستێت بۆ بودجەو خۆی خاوەنی داهات بێت جا دەروازی سنوری بێت یاخود فڕۆكەخانە یاخود هەر داهاتێكی دیكە.
داواكردنی درووستكردنی پارێزگای نوێ لەعێراقدا دیاردەیەكە زۆربەی ناوچەكانی عێراق بەهۆی زۆربوونی دانیشتوان و سیستەمی كارگێڕییەوە داوای دەكەن و ئەمەش پێویستی بەگۆڕینی نەخشەی ئیداری وڵاتەوە هەیە كە لەساڵی 1977ەوە (46 ساڵە) لەدوای درووستكردنی پارێزگای دهۆكەوە نەگۆڕدراوە، پێشتریش نەخشەی عێراق لەهەشت ویلایەتەوە گۆڕاوە بۆ 13 ویلایەت و دواتریش بۆ 14 و دوایین جاریش بۆ 18 پارێزگا.
لەعێراقی دوای 2003شدا، بەهۆی ململانێ سیاسی و مەزهەبی و تائیفی و نەتەوەییەكانەوە هەرچەندە چەندین جار باس لەدرووستكردنی پارێزگای نوێ كراوە بەڵام هەمیشە لەپەرلەمان نەتوانراوە گفتوگۆی لەسەر بكرێت و لەبەرامبەر داوكاریی پارێزگایەكدا لایەنی بەرامبەر پارێزگایەكی دیكەی خستووەتەڕوو كە بەمەرجەكانی خۆیان درووستیانكردووەو لەئەنجامدا هیچ پارێزگایەكی نوێ درووستنەكراوە، بەڵام ئەوەی لەئێستادا دەبێت كاری بۆ بكرێـت پارێزگای هەڵەبجەیە كەهیچ ناكۆكییەكی لەسەر نییەو پێویستە بەزووترین كات نوێنەرانی كورد لەبەغدا بیخەنە كاری پەرلەمانەوەو دەنگی لەسەر بدرێت و هەڵەبجە ببێتە 19یەمین پارێزگای عێراق.