ئێران شارەكانی رۆژهەڵات دەكاتە شوێنی دورستكردنی ماددەی هۆشبەر

گەورەترین ناوەندەی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر لەجیهاندا

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئێران كەچەقی گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەكانە لەجیهان، خاوەنی مێژوویی 500 ساڵەیە لەگەڵ ماددەی هۆشبەری تریاك و لەئێستاشدا 12 ملیۆن دانیشتوی ئەو وڵاتە بەشێوازی كاتی یان هەمیشەیی ئالودەی ماددە هۆشبەرەكان بوون و تەنها لەساڵێكدا دەست بەسەر 600 تۆن ماددەی هۆشبەردا گیراوە.

لەنوێترین زانیاریی ناوەندی كارو كاروباری كۆمەڵایەتیی ئێران دەركەوتووە 50%ی ئالودەبوانی ماددە هۆشبەرەكان ماددەی تریاك و و دوای تریاك، ماددەی جۆری گوڵ و كریستاڵ(كراك) زیاترین بەكارهێنانی هەیەو زۆرینەی كچان و ژنانی ئالودەبوو ماددەی هۆشبەری جۆری گوڵ بەكاردەهێنن.

كریستاڵ یان كراك كە لەئێستادا لەشارەكانی سەردەشت و مەهابادو ورمێ و چەند شارێكی دیكەش لەڕۆژهەڵاتی كوردستان دروستدەكرێت و بووەتە دیاردەو دانیشتوانی ئەو بەشە لەكوردستان ئەو دیاردەیە بەدەستی دەسەڵات بۆ گیرۆدەكردنی گەنجان و لاوان بەماددە هۆشبەرەكان ناودەبەن چونكە ئەو ناوچانە لەئامارەكاندا بەبەردەوامیی بەپاكترین ناوچەی جوگرافیای ئێران لەقەڵەمدراون كەكەمترین بازرگانی یان بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكانی تێدا بەدیكرابێت.

ساڵی 2021 ژمارەی ئالودەبوانی ماددە هۆشبەرەكان لەئێران گەیشتووەتە 12 ملیۆن كەس كە لەو ژمارەیە چوار ملیۆن و 500 هەزار كەسیان بەكارهێنی بەردەوامی ماددە هۆشبەرەكان ئەژماردەكرێت و ژنان (10%)ی كۆی ژمارەی ئالودەبوان بەماددە هۆشبەرەكان لەو وڵاتە پێكدێنن.

ساڵی 2009 بەپێی راپۆرتێكی نهێنیی نەتەوەیەكگرتووەكان كۆماری ئیسلامی ئێران بەگەورەترین بازرگانی ماددە هۆشبەرەكان لەجیهان لەقەڵەمدراوەو تەنانەت ناوی سوپای پاسداران لەو راپۆرتەدا وەك هێزێكی سەربازیی هێنراوە كەسەرقاڵی گواستنەوە و بازرگانیی بەماددە هۆشبەرەكانەوەیە.

بەپێی زانیارییەكان لەماوەی ساڵی رابردوودا 182 بەلوچ لەسێدارە دراون كەتۆمەتی (81%)یان بازرگانیی بەماددەی هۆشبەرەوە بوووە.

پارێزگای سیستان و بەلوچستان كە بەهەژارترین پارێزگای ئێران لەكۆی 31 پارێزگای ئەو وڵاتە ئەژماردەكرێت و ژمارەیەكی زۆری كاسبكاران و گەنجانیان ناچارن بۆ دابینكردنی بژێوی كاری گواستنەوەی سوتەمەنی و كاڵاو ماددە هۆشبەرەكان  لەنێوان ئێران و ئەفغانستان و پاكستاندا بكەن.

دەسەڵاتی ئێران جەخت لەوە دەكاتەوە 70%ی جێبەجێكردنی سزای سێدارە سەرتاسەری وڵاتەكە پەیوەندیی بەتۆمەتبارانی بازرگانیی بەماددەی هۆشبەرەكانەوە هەیە.

دوستعەلی جەلیلی، فەرماندەی پۆلیسی ئێران لەسیستان و بەلوچستان ئاماژەی بەوە كردووە كە لەیەك سالدا 71 باندی گەورەی بازرگانیی بەماددە هۆشبەرەكان لەو پارێزگایە دەستگیركراون و دەستگیراوە بەسەر 95 تۆن و 177 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر.

رەزا بەنی ئەسەدیفەر، سەرۆكی پۆلیسی پێشگیریی ئێران لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەمیدیای وڵاتەكەی راگەیاندووە؛ تەنها لەساڵی رابردووداو لەئەنجامی 12 هەزار هەڵمەتی هێزەكانی پۆلیس، دوو تۆن و 622 كیلۆ لەجۆرەكانی ماددەی هۆشبەر لەفڕۆكەخانەكانی ئێراندا دەستی بەسەردا گیراوە.

ئیسكەندەر موئمینی، ئەمینداری ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان لەئێران رایگەیاندووە؛ لەساڵی 2022 دەستگیراوە بەسەر 600 تۆن لەجۆرە جیاوازەكانی ماددە هۆشبەرەكان و بەو پێیە ئێران بووەتە یەكەم وڵاتی جیهان كەدەستی بەسەر زیاترین بڕی ماددەی هۆشبەردا گرتووە.

موئمینی وتوویەتی: ئێران لەیەك ساڵدا دەستی بەسەر 92%ی تریاكی هەموو جیهان و 59%ی مۆرفین و 27%ی هیرۆئینی جیهاندا گرتووەو هەر بەو هۆیەوە لانیكەم 12 پۆلیس و هێزی ئەمنیی كوژراون.

ئاماژە بەوە كراوە 70%ی ئەو بڕە لەماددە هۆشبەرەكان لەحەوت پارێزگای رۆژهەڵاتی ئێران دەستی بەسەرداگیراوەو 20%یشی لە پارێزگاكانی دیكەی وڵاتەكە بووە.

ئەفغانستان كەنزیكەی 95%ی هەموو تریاكی جیهان بەرهەمدەهێنێت ئەو ماددەیە بۆ ئێران دەگوازێتەوەو لەئێرانیشەوە بەرەو وڵاتانی دیكەی جیهان بەڕێدەكرێت و بەپێی ئامارەكانی دەسەڵاتی ئێران بێت دەبێ تەنها 3%ی تریاك لەو وڵاتەوە گوازرابێتەوە چونكە بانگەشەی ئەوەدەكرێت كە 92%ی تریاكی جیهان لەوڵاتەكەدا دەستی بەسەردا گیراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار