ئێران خوێندن لە کچانی بێ سەرپۆش قەدەغە دەکات

ژمارەیەک خوێندکاری کچ لە رۆژهەڵات ژەهراویی دەکرێن

کچانی خوێندکار لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی

یەک ساڵ لەمەوپێش



پەروەردەی ئێران خوێندن لە کچانی بێسەرپۆش قەدەغە دەکات و لە خوێندنگەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستانیش ژمارەیەک خوێندکاری کچ ژەهراویکران.

ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی پەروەردەی ئێران لە بەیاننامەیە 16 خاڵیدا رایگەیاند؛ رێگە بەو کچانە نادرێت کە پابەندی سەرپۆش و باڵاپۆشی بە شێوازی کۆماری ئیسلامی نەبن.

لە بەیاننامەکەدا هاتوە: ئەگەرچی ژمارەی ئەو کچانەی پابەندی یاسا و رێساکانی باڵاپۆش لە خوێندنگاکانی ئێراندا نابن کەمە بەڵام وەزارەتی پەروەردە هیچ خزمەتگوازرییەک بۆ ئەو کەسانە تەرخان ناکات و لە پڕۆسەی خوێندن بێبەش دەکرێن.

بەیاننامەکەی وەزارەتی پەروەردەی ئێران لە کاتێکدایە تا ئێستاش ناڕەزایەتیی لەسەر سەپاندنی یاسا توندەکانی تایبەت بە سەرپۆش لەو وڵاتە بەردەوامە و لە بەرامبەریشدا دەسەڵاتی ئەو وڵاتە رێوشوێنەکانی توند کردوەتەوە و دەیان شوێنی گەشتیاریی داخراون بە بیانوی بونی کچان و ژنان بە بێ سەرپۆش.

لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵات بڵاویان کردەوە رۆژی دووشەممە ژمارەیەک خوێندکاری کچ لە خوێندنگەی( 22ی بەهمەن) لە شاری نەغەدە لە پارێزگای ورمێ بەهۆی ژەهراویکردنەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراون.

نزیکەی سێ مانگە روداوی ژەهراویکردنی کچانی خوێندکار لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و وەزارەتی ناوخۆی کۆماری ئیسلامی رایگەیاندوە زیاتر لە 100 کەسی بە تۆمەتی ژەهراویکردنی کچانی خوێندکار دەستگیر کردوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار