سەرۆکوەزیرانی عێراق راستییەکی گرنگ دەدرکێنێ

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

 محەمەد شەیاع سودانی بۆ کەناڵی جەزیرە: هەرێمی کوردستان کاتی خۆی بە ناچاری و دوای بڕینی بۆدجەکەی، نەوتی خۆی فرۆشت.

 سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شەیاع ئەلسودانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرەی قەتەری ئەو راستییەی درکاند کە هەرێمی کوردستان دوای بڕینی بۆدجەکەی لە لایەن بەغداوە لە ساڵی 2014 بە ناچاری دەستی بە فرۆشتنی نەوت کردوە.

وتیشی ،هەرێم سەرباری بێ بودجەیی، تووشی شەڕی سەختی داعش بوو، و لە هەمان کاتیشدا ژمارەیەکی یەکجار زۆری ئاوارە و پەنابەر روویان لە هەرێم کرد و ئەوانیش بوونە بارگرانییەکی گەورە و هۆکاری کەمبوونەوەی خزمەتگوزاری، بۆیەش هەرێم بە ناچاری دەستی بە نەوت فرۆشتن کرد.. سودانی کە یەکەم گەورە بەرپرسی عێراقە کە ئەو راستییە دەدرکێنێ.

 باسی لەوەش کرد کە هەرێم بە هۆی فرۆشتنی ناچارییەوە هەندێ مەرجی ناڕەوای گرێبەستی کۆمپانیاکانی قبوڵ کردووە، هیواشی خواست بە دەرچواندنی یاسای نەوت و غاز هەموو کێشەکانی نەوت و غاز و ناکۆکییەکان لەو بارەیەوە کۆتاییان بێت.

سوودانی باس لە رێککەوتنی لەسەر بودجەش دەکات و دەڵێت: "ئەم رێککەوتنەی لەسەر یاسای بودجە کراوە دەتوانێت کۆتایی بەم کێشانە بێنێت و بودجەیەکی گشتگیربێت بۆ هەموو عێراقییەکان. لە هەمان کاتیشدا خۆمان بۆ دەرچوواندنی یاسای نەوت و گاز ئامادە دەکەین." 

 جەخت دەکاتەوە کە بەشێک لە رێککەوتنی سیاسی نێوان لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەتی فیدراڵیی عێراق چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێرە کە یەکێکیان پرسی نەوت و گازە و دەڵێت: "گەیشتووینەتە رێککەوتن و خراوەتە نێو یاسای بودجەوە، کە ئەوەش بەشێکە لە رێککەوتنە سەرەکییەکە. ماوەی شەش مانگیشمان دانابوو، هەرچەندە کەمێک دوادەکەوین، بۆ ئەوەی یاسای نەوت و گاز دەربچێت، کە پەیوەندییەکە بەشێوەیەکی تەواو رێک دەخات." 

محەمەد شیاع سودانی دەڵێت ئەو ئاڵنگارییەی رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە گەندەڵییە نەک داعش، "داعش کۆتایی هات، گەندەڵی ئەو ئاڵنگارییەیە کە رووبەڕووی دەوڵەت دەبێتەوە".

هەروەها  "بەشێک لە گەندەڵی پارێزراوە، لەلایەن رووە سیاسی و فەرمییەکانەوە و ئەمەش ئاڵنگارییەکەیە. لە قۆناخی رابردوودا ئیرادەیەکی راستەقینە نەبووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، ئەگەرنا رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی قورس نییە".

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات کە عێراق پێویستی بە فەلسەفەیەکی نوێی ئابووریی هەیە و دەڵێت: "دەبێت ئابووریمان لەسەر روانین و فەلسەفەیەکی نوێ بێت، نەک روانینی دیکتاتۆریانە کە لە رژێمی پێشوودا هەبوو".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار