لێدوانی هەریەک لە محەمەد شیاع سودانی و مەسرور بارزانی لەبارەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق  لە کۆنگرەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان  ئەمڕۆ سێشەممە دوای واژووکردنی ڕێکەوتنامەیەک بۆدوبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم رایگەیاند، "رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ هەموو عێراق گرنگە و دوای واژووکردنی راستەوخۆ جێبەجێدەکرێت".

سودانی وتیشی "لەسەر بنەمای بڕیارەکەی دادگەی پاریس، هەناردەکردنی نەوت راگیرابوو. راگرتنی هەناردەکردنی نەوت زیانی بە هەرێمی کوردستان و عێراق گەیاندووە".

راشیگەیاند، "رێكەوتنەكەمان لەگەڵ بەغدا لەچوارچێوەی دەستوردایە و سودی دەبێت بۆ هەمو پێكهاتەكانی عێراق و دڵنیاشم ئەمجارە رێكەوتنەكە جێبەجێدەكرێت".

باسیلەوەشکرد،  هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ هەموو عێراق سوودی دەبێت و راگرتنی لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکدا نەبووە. ئەوەشی خستەڕوو: لە ئێستادا کار لەسەر ئامادەکردنی یاسای نەوت و گاز دەکەین.

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا سوودانی گوتی "ئێمە لە خەمی ئەوەداین کورتهێنان لە بودجە زیاتر نەبێت".

هاوکات مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان  کە ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتی شاندێک چووە بەغدا بەمەبەستی واژۆکردنی رێککەوتنەکە، لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەدا رایگەیاند "نییەتی ئێمە رێککەوتن بووە. بە هەوڵی بەرێز سوودانی ئەم رێککەوتنە وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت و دەبێتە دەستپێکی هاوئاهەنگی زیاتر لەنێوان هەردوولا".

وتیشی، "هیوادارم ئەم رێکەوتنە ببێتە بنەمای چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەروەها ببێتە هۆی پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکانی بودجە و نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق".

مەسرور بارزانی ئەوەشیخستەڕو، "دوای راوەستاندنی نەوتی هەرێمی کوردستان زیان تەنها بە خەڵکی هەرێمی کوردستان نەگەیشتوە، بەڵکو زیان بە هەمو خەڵکی عێراق گەیشتوە، ئەم شێوازە نوێیەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمیش، داهاتی عێراق زیاتر دەکات و هەمومان تێیدا سودمەند دەبین".

ئاماژەی بەوەشكرد، "نیازی ئێمە رێککەوتن بوە، بە هەوڵی سودانی ئەم رێککەوتنە وەک خۆی جێبەجێدەکرێت و دەبێتە دەستپێکی هاوئاهەنگی زیاتر لەنێوان هەردولا، بۆیە دڵنیام ئەمجارەیان جێبەجێدەكرێت"

سەبارەت بە گرنگیی رێککەوتنەکەش جەختی کردەوە لەوەی "ئەم رێککەوتنە گرنگە بۆ هەموو خەڵکی عێراق و دەبێتە بنەمایەک بۆ بودجە و یاسای نەوت و گاز".

 


 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار