چاوپێكەوتنی هاوڵاتی لەگەڵ مەلا یاسین «بۆ كەرتی تایبەت رێكکەوتنی هەرێم‌و بەغداد جەژنێكی گەورەیە»

«هۆكاری بایكۆتی تیمی یەكێتی لەكۆبوونەوەكان بەغداد چارەسەری كرد»

2 ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان دەڵێت: لەسەدا 99ی خەڵكی كوردستان دڵخۆشن بە رێكەوتنی هەرێم و بەغدادو بە نسبەت كەرتی تایبەتیشەوە جەژنێكی گەورەیە.

مەلا یاسین- سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان – لقی سلێمانی لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتی رایگەیاند: ئێمە وەك یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان پێشوازییەكی گەرم دەكەین لەم رێككەوتنەی حكومەتی ناوەند لەگەڵ هەرێمی كوردستان، وتیشی: لەساڵی ٢٠١٤ەوە تائێستا زیاتر لە ٢٠ ملیار دۆلار زیان بەر كەرتی وەبەرهێنان كەوتووەو زیاتر لە ٢٠٠ هەزار هەلی كارمان لەپڕۆژەكاندا لەدەستداوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: ئەو هۆكارەی تیمی یەكێتی كە لەسەری بایكۆتی كۆبوونەوەكانی كردبوو بەغداد چارەسەری كرد.

دەقی چاوپێكەوتنی مەلا یاسین- سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان - لقی سلێمانی لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتی:

 

هاوڵاتی: وەكو یەكێتی وەبەرهێنەران راتان چیە لەسەر ئەو پێشهاتانەی لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێم هاتووەتەكایەوە؟

مەلا یاسین: بەڕاستی مایەی دڵخۆشییەو ئێمە وەك یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان پێشوازییەكی گەرم دەكەین لەم رێككەوتنەی حكومەتی ناوەند لەگەڵ هەرێمی كوردستان و ئەمە سەرەتایەكی باش دەبێت بۆ بوژانەوەی ئابووری هەرێمی كوردستان بەگشتی و دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان بەتایبەتی، ئێمە لەماوەی چەندساڵی رابردوودا بەدیاریكراوی و دوای دەستپێكی قەیرانی دارایی لەهەرێمی كوردستان ساڵی ٢٠١٤و دوای شەڕی داعش و هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا زیاتر لەپێنج هەزار پڕۆژەی وەستاومان هەیە، لەهەرێمی كوردستاندا كە نزیكەی هەزارو ٨٠٠ پڕۆژەیان لەپارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەن، زیاتر لە ٢٠٠ هەزار هەلی كارمان لەپڕۆژەكاندا لەدەستداوەو پاشەكشێی گەورەمان هەیەو ئەم چەند ساڵە هەرچەند بوژانەوەیەكی كەم هەبوو بەتایبەت سلێمانی توانی ساڵی ٢٠٢٢ پلەی یەكەم بەدەستبهێنێت لەوەبەرهێنانداو هەرێمی كوردستانیش تاڕادەیەك پڕۆژەكان تیایدا دەستیان پێكردووەتەوە، بەڵام بیرمان نەچێت ئەم كێشمەكێشەی سیاسیی هەرێم و دووركەوتنەوەمان و رێكنەكەوتنمان لەگەڵ بەغدا كاریگەری نەرێنی راستەوخۆی دروستكردبوو لەسەر پڕۆژەكانی وەبەرهێنان بۆیە ئەنجامدان و جێبەجێكردنی ئەم رێككەوتنە لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستاندایە بەگشتی و بەتایبەت كەرتی وەبەرهێنان.

هاوڵاتی: بە رێككەوتنی هەرێم و بەغداد لەسەر دۆسیەی نەوتی كوردستان، بوژانەوەی ئابوری روودەدات لەهەرێم؟

مەلا یاسین: ئێمە لەساڵی ٢٠١٣ لەقیمەی هاتنی میزانیەدا بووین لەعێراق و هەرێمی كوردستان ١٧٪ی بودجە و میزانیەی خۆی وەردەگرت و ئابووری هەرێمی كوردستان بوژانەوەی گەورەی بەخۆیەوە بینیبوو تا ئەو ئاستەی هەرێمی كوردستان بووبووە خاوەنی چەندین پڕۆژەی گەورەو ستراتیژیی، تەنانەت پارێزگای سلێمانی ساڵی ٢٠١٣ بووە خاوەنی ٣٠٪ هەموو پیشەسازی عێراق، ئەوە پەیوەندی بەوەوە هەبوو كەئێمە سەقامگیری سیاسیمان هەبوو و ئەمن و ئاسایش باشبوو و كێشەكان لەگەڵ بەغداد زۆر كەمبوو و هەرێمی كوردستان حكومەتەكەی وەك رەئس مالی نیشان دەدا، دوای ئەوەی ساڵی ٢٠١٤ بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن عێراقەوە بڕدراو هەرێمی كوردستان رووبەڕووی نەمانی نەختینە بووەوەو لەئێستادا زیاتر لەدوو ترلیۆن پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران لای حكومەتەو هەروەها بەهۆی قەیرانەكانی پاش ٢٠١٤وە پاشەكشێی گەورەمان هەبوو لەپڕۆژەكانی وەبەرهێنانداو سەدان پڕۆژەی وەبەرهێنان وەستان كەئەمە وایكرد هەرێمی كوردستان زەربەیەكی گەورە بخوات و لەبەرامبەریشدا چەندین ملیار دۆلار قەرزو قۆڵەی لەسەر خۆی كۆكردەوە كە لەئێستادا قەرزەكانی هەرێمی كوردستان مەزەندە دەكرێن بە ٣٠ ملیار دۆلار، ئەم رێككەوتنە بەدڵنیاییەوە لەئایندەیەكی نزیكدا هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٣ واتە رەوشی ئابووری هەرێمی كوردستان بەمەرجێك، ئێمە دەزانین بودجەی هەرێمی كوردستان لەمیزانیەی ئێستای عێراقدا چەندە ئەو میزانیەیە كەئێستا مەزەندە دەكرێت بە نزیكەی زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلار و نێردراوە بۆ پەرلەمان پشكی هەرێمی كوردستانی تێدا دیاریكراوە بەنزیكەی ١٠ ملیار دۆلار خۆی بەنزیكەی  ١٤ بۆ ١٦ ترلیۆن دینار بودجەی هەرێمی كوردستانە بەڵام هەر ١٠ ملیار دۆلار حساب بكەین، هەرێمی كوردستان ساڵانە پێویستی بەنزیكەی ١٠ ترلیۆن دینار هەیە بۆ موچەو ئەو سێ چوار ترلیۆنەی دەمێنێتەوە پاش دەركردنی هەندێ خەرجی كەپێویستیە بۆ وەزارەتەكان بەلایەنی كەمەوە ئێمە ساڵانە ملیارێك دۆلارمان دەبێت بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان وەبەرهێنان بخەینەوەگەڕ لەوەزارەتە پەیوەندیدارەكانی حكومەت و بەمشێوەیە بەدڵناییەوە پڕۆژە وەستاوەكان دەخرێنەوە بواری جێبەجێكردن و ئینجا راكێشانی سەرمایەی دەرەكی بۆ هەرێم دەستپێدەكاتەوە، بۆیە ئەگەر هەرێمی كوردستان ئەم بودجە باشەی بۆ بێت پێویستی بەوە نییە لەڕێی باج و زەریبەوە عەزێتی كەرتی تایبەت بدات، بۆیە پێویستە پێشوازی لەم رێككەوتنە بكەین و خۆمان بەهەندێ بابەتی لاوەكییەوە خەریك نەكەین و هەموو كار بۆ ئەوە بكەین كەهەرێمی كوردستان رێككەوتنێكی سیاسی ناوخۆیی ئەنجامبدات و تیمی یەكێتی بچێتەوە كۆبوونەوەكان و ئەو هۆكارەی كەتیمی یەكێتی كە لەسەری بایكۆتی كۆبوونەوەكانی كردبوو بەغدا چارەسەری كرد.

دواكەوتنی موچەی هەرێم راستەوخۆ بازاڕی پەكخستبوو و كۆمپانیاكانیش پەكیان دەكەوت لەبەر ئەوەی ٥٦٪ی موچەی هەرێمی كوردستان دێتە ناو بازاڕەوە و بە دیاریكراوی دێتەوە ئەو كۆمپانیایانەی كەخەڵك شتی لێكڕیوە لەخانوو و بەرهەمی كارەبایی ...هتد، بۆیە ئەم رێككەوتنە بەنسبەت كەرتی تایبەتەوە جەژنێكی گەورەیە.

هاوڵاتی: ئایا گریمانەی ئەوە دەكرێت وەبەرهێنەران قەرزەكانیان لەحكومەتی هەرێم وەربگرنەوە؟

مەلا یاسین: حكومەتی هەرێمی كوردستان قەرزاری وەبەرهێنەران و بەڵێندەرانیشە پێموابێت هەموو قەرزی حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی دەبینێتەوە لەیەك ملیار دۆلار كەپێویستە بیگەڕێنێتەوە بۆ كۆمپانیاكانی وەبەرهێنەران یاخود لەبانكەكاندا ئەم پارەیە وجودی هەیە و چەكەو ئەم چەكە خەرجناكرێت، وەبەرهێنەرەكان پارەیان هەیەو لەبەر نەمانی نەختینە بۆیان خەرجناكرێت، ئەگەر ئێمە بارودۆخی ئابووریمان باشبێت جگە لەمیزانیەی نەختی داهاتی ناوخۆیمان هەیەو بەپێی رێككەوتنی حكومەتی عێراق و هەرێم دەتوانێت سودمەند بێت لە نیوەی داهاتی ناوخۆیەكەی و بەكاریبهێنێتەوە.

پاش ئەم رێككەوتنە حكومەتی هەرێم قەرزی وەبەرهێنەران و بەڵێندەران نەداتەوە پرسیاری گەورە دروستدەبێت و ئەو كاتە دەبێتە نیشانەیەكی سەرسوڕمانی گەورەو پێویستە حكومەت خۆی بەرنامە بۆ دانەوەی قەرزەكانی دابنێت، نیەتمان باشە سەبارەت بە حكومەتی خۆمان و ئومێدمان هەیە كەقەرزی كۆمپانیاكان بداتەوە، كۆمپانیا هەیە ٥٠٠ ملیۆنی لای حكومەتە و كۆمپانیای واهەیە سێ ملیاری لای حكومەتە باشتر وایەو چاوەڕێدەكەین سەرەتا قەرزی كۆمپانیا بچووكەكان و كۆمپانیا ناوخۆییەكان بداتەوە بۆ ئەوەی جوڵەی بازاڕ دروستبكاتەوە، پاشان لێبڕین و پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و پاشان دانەوەی قەرزی كۆمپانیاكانی دیكەو ئومێدەوارین تاساڵی ٢٠٣٠ حكومەتی هەرێمی كوردستان قەرزی لەسەر نەمێنێت.

هاوڵاتی: لەماوەی ئەو چەند ساڵەی بودجە لەبەغداوە نەهاتوە، زیانەكانی بۆ كەرتی وەبەرهێنان بە چەند دەخەمڵێنرێت؟

مەلا یاسین: هەرێمی كوردستان لەئێستادا خاوەنی زیاتر لە ٧٠ ملیار دۆلار وەبەرهێنانەو ئەم وەبەرهێنانە لە١٣ سێكتەری جیاوازدا بووەو دابەشبووە بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانداو هەولێر زۆرترین وەبەرهێنانی تێدا كراوە پاشان سلێمانی و دواتر دهۆك و ئیدارە سەربەخۆكان و پارێزگای هەڵەبجەش بەئەندازەیەك وەبەرهێنانی تێداكراوە، بەڵام ئەوەی جێگای داخە بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆناوە ئێمە لەهەرێمی كوردستاندا زیاتر لە ٢٠ ملیار دۆلار زەرەرو زیانمان بەركەوتووە و قەیرانی دارایی گەورەترین زیانی لەئێمە دا كە پارەی نەختینە نەماو پارەی وەبەرهێنەران كەوتە لای حكومەت و هاووڵاتیان، لەساڵی ٢٠١٤ەوە تائێستا زیاتر لە ٢٠ ملیار دۆلار زیان بەر كەرتی وەبەرهێنان كەوتووە.

هاوڵاتی: بەشێك لەهێزە سیاسییەكان پێیانوایە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە سنوری سلێمانی سزا دراوەو جیاوازی دەكرێت، ئایا لەحاڵەتی هاتنی بودجە لەبەغداوە پێشبینی دەكرێت ئەو جیاوازییە هەر بمێنێت وەك بەشێك لەهێزە سیاسییەكان باسی دەكەن؟

مەلا یاسین: ئەگەر ئەم رێككەوتنەی لەگەڵ حكومەتی عێراقدا واژۆكراوە كەهەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستیپێكردەوە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە حكومەتی هەرێم بەرپرسیار نابێت لەدابەشكردنی موچەو بودجەی پارێزگاكان بەڵكو بەرپرسیاری یەكەم حكومەتی عێراق دەبێت ئەگەر هەرێمی كوردستان رێككەوتنێكی سیاسی ناوخۆیی بكات و حزبە سیاسییەكان رێككەوتن بكەن بەدڵنیاییەوە هیچ جیاوازییەك نامێنێت لەنێوان پارێزگای سلێمانی و پارێزگای دهۆكدا.

لەماوەی رابردوودا گوێبیستی هەردوو لایەنی سیاسی پێكهێنەری حكومەت بووین كە یەكێتی و پارتین كە بۆچی لەسلێمانی مووچە نادرێت و بۆچی لەدهۆك دەدرێت ئەمانە لای ئێمە و میدیاكاران و هاووڵاتیانیش خوێندنەوەی جیاوازی هەیە ئەمە كۆتایی هات و چاوەڕیی ئەوەدەكەین ئەو میزانییەی لەعێراقەوە دێت چۆن عێراق ١٢٪ بۆ هەرێم دانا هەرێمیش ئەم رێژەیە بەپێی ژمارەی دانیشتووان دابەشدەكات و خۆشی داهاتی هەیە، هیوادارین مافی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و بەڵێندەران و وەبەرهێنەرانی كوردستان جارێكی تر نەكرێتەوە بەكارتێكی سیاسی و لایەنە سیاسییەكان یاری پێنەكەن چونكە بازاڕ ماندوو و هیلاكە پار ئەم كاتانە بازاڕی ئابووری كوردستان رۆژانە خۆی دەبینییەوە لەزیاتر لە ١٠٠ ملیۆن دۆلار بەڵام ئێستا جوڵەی ئابووری هەرێم خۆی نابینێ لە ١٠ ملیۆن دۆلار .

من ناتوانم وشەی سزا پشتڕاستبكەمەوە چونكە لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەت لەناو ئیشەكەدان و ئەوان باشتری لێدەزانن، ٩٩٪ی خەڵكی كوردستان دڵخۆشن بەم رێككەوتنە چونكە خەڵك ماندووەو تەحەمولی ئەم بارودۆخە ناكات رێژەی هەژاری و بێكاری لەهەرێمی كوردستاندا گەیشتووەتە ئاستێكی ترسناك و كەناڵەكانی راگەیاندن رۆژانە خێزان و هاووڵاتی پیشاندەدەن كە لەچ بارودۆخێكدان و نەخۆشخانەی هیوا لەئێستادا كەمپینێكی راگەیاندووە كەدەرمان لەنەخۆشخانەكەدا نەماوەو نەخۆشخانەكانی سلێمانی ٥٠٪ دەرمانیان تیا نەماوە، ئەم رێككەوتنە بۆ هەموو عێراقەو رێككەوتنێكە لەنێوان هەرێمێكی فیدڕاڵی و حكومەتێكی فیدڕاڵی كەواتە بۆ هەموو عێراقە و پێویستە هەموومان پێشوازی لێبكەین.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار