سەرۆک کۆماری پێشوی ئێران داوای ریفراندۆم دەکات
رۆحانی: ئێران پێویستی بە گۆڕانکاریی گەورەیە
حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری پێشوی ئێران
2 ساڵ لەمەوپێش
سەرۆک کۆماری پێشوی ئێران هۆشداریی دەدات لە دۆخی ناڕەزایەتییەکان لە وڵاتەکە و داوا دەکات بۆ چاکسازیی لە بواری ئابوریی و سیاسیی، ریفراوندۆم بکرێت.
حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری پێشوی ئێران لە دیدارێکیدا لەگەڵ بەرپرسانی کابینیەی پێشوی حکومەت رایگەیاند؛ دۆخی ناڕەزایەتیی وڵاتەکە لە ئاستێکدایە کە پێویستە باڵاترین قۆناغی یاسای دەستور جێبەجێ بکرێت چونکە وڵاتەکە پێویستی بە گۆڕانکاریی هەیە.
رۆحانی ئاماژەی بەوە کردوە؛ دەبێت بە پێی یاسای 59ی دەستوری کۆماری ئیسلامی ئێران راپرسی و ریفراندوم سەبارەت بە سێ پرسی سیاسەتی ناوخۆیی و سیاسەتی دەرەوە و ئابوریی لە وڵاتەکە بکرێت.
بە وتەی رۆحانی هەندێک لە ماددە و بڕگەکانی دەستور کەمترین سەرنجیان لەسەر بوە و جێبەجێ نەکراون بە تایبەت وەرزی سێیەمی دەستور کە ئاماژەی رون بە مافەکانی دانیشتوانی ئێران دەکات.
سەرۆک کۆماری پێشوی ئێران وتوشیەتی: ناڕەزایەتییەکانی رابردو روداوێکی ناخۆش بون بۆیە بۆ گەڕانەوەی هیوا بۆ خەڵکی ناڕازی و دانیشتوانی وڵاتەکە پێویستە هەنگاوی گەورە بنرێت.
لەگەڵ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی و خۆپیشاندانی بەرفراوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ناکۆکییەکانی نێوان بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی قوڵتر بوەتەوە و ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرکردەکانی باڵی ریفۆرمخواز داوای بەڕێوچونی ریفراندۆم و راپرسییان لە ئێران کردوە.