هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەیەکی ژیر کۆنتڕۆڵی تورکیا بەرپرسێکی باڵای داعشیان کوشت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، لە ناوچەی جەرابلوس کە لەژێر کۆنتڕۆڵی تورکیادایە، بە هەلیکۆپتەر ئۆپراسیۆنێکی ئەنجامدا و بەرپرسێک و دوو تیرۆریستی داعش لە ئۆپراسیۆنەکەدا کوژران.

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سەنتکۆم) لەم بارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، لە کاتژمێرەکانی سەرلەبەیانی ئەمڕۆدا، هێزەکانیان بە هەلیکۆپتەر هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگایەکی داعش لە نزیک سنورەکانی تورکیا.

سەنتکۆم رایگەیاند، لە هێرشێکدا بۆسەر بارەگاکەی داعش، بەرپرسێکی باڵای داعش و دوو تیرۆریستی دیکە کوژراون. باسی ئەوەشی کرد، ئەو بەرپرسە باڵایەی داعش کە کوژراوە، پلانداڕێژەری ئۆپەراسیۆنەکانی داعش بووە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا.

لەلایەکی دیکەوە ماڵپەڕی ئەلمونیتەری ئەمریکی رایگەیاند، ئۆپراسیۆنەکەی هێزەکانی ئەمریکا لە گوندی ئەلغەندۆرەی سەر بە ناوچەی جەرابلوس ئەنجامدراوە کە ناوچەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی سەربازانی تورکیا و چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتەدایە و باسی ئەوەشی کرد، دوای بۆردومانەکە، سەربازانی ئەمریکا چوونەتە نێو بارەگاکەی داعش.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار