چین و ئێران لە سێ مانگدا زیاتر لە 4 ملیارد دۆلار ئاڵوگۆری بازرگانیی دەکەن
هەناردەی چین بۆ ئێران زیاتر لە 50% بەرز دەبێتەوە
کەشتییەکی گواستنەوەی کاڵای چین
2 ساڵ لەمەوپێش
ئاڵوگۆڕی بازرگانیی چین و ئێران لە سێ مانگدا دەگاتە زیاتر لە چوار ملیارد دۆلار و هەناردەی چین بەشێوەیەکی بەرچاو بۆ ئێران بەرز دەبێتەوە.
گومرگی وڵاتی چین بڵاوی کردەوە؛ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان وڵاتەکە و ئێران لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا تەنها 5% بەراورد بە سێ مانگی سەرەتای ساڵی 2022 بەرز بوەتەوە بەڵام هەناردەی وڵاتەکە 51% بەرزبونەوەی بەراورد بە رابردو بەخۆیەوە بینیوە.
ئاماژە بەوە کراوە چین لەو سێ مانگەدا بە بەهای دوو ملیارد و 910 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردەی ئێران کردوە کە بەراورد بە سێ مانگی ساڵی رابردو 51% بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
چین لەو سێ مانگەی ساڵی رابردودا بە بەهای یەک ملیارد و 926 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردەی ئێران کردبو.
گومرگی چین رونی کردوەتەوە؛ لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا هاوردەی لە ئێرانەوە بە بەهای یەک ملیار و 135 ملیۆن دۆلار بوە کە بەراورد بە رابردو 20% کەمی کردوە و بەرپرسانی ئێرانیش دەڵێن ئەو کەمبونەوەیە بەهۆی دابەزینی بەهای نەوتەوە بوە.
ئەو ئاستە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی چین و ئێران لە کاتێکدایە گومرگ و وەزارەتی نەوتی ئێران ئامارەکانی فرۆشی نەوت بەو وڵاتە ئاشکرا ناکەن و تەنها بە پێی هەندێک راپۆرتی نێودەوڵەتیی ئەو وڵاتە رۆژانە زیاتر لە 850 هەزار بەرمیل نەوتی رەوانەی چین کردوە.