عێراق لە کڕینی کاڵا لە ئێران ژمارەی مێژویی تۆمار دەکات

عێراق هاوردەی کاڵای نانەوتیی لە ئێرانەوە 15% بەرز دەکاتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



ئێران رایگەیاند ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نانەوتیی لەگەڵ 15 وڵاتی دراوسێیدا زیادی کردوە و لە ساڵێکدا بڕی زیاتر لە 10 ملیارد دۆلار کاڵای رەوانەی عێراق کردوە.

دەستەی گەشەی بازرگانیی لە پەرلەمانی ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی کاڵا و بەرهەمی نانەوتیی وڵاتەکەی لەگەڵ دراوسێکانیدا گەیشتوەتەوە 58 ملیارد و 843 ملیۆن دۆلار کە بەراورد بە رابردو زیاتر لە 14.4% بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

لە نوێترین راپۆرتی ئەو دەستەیەدا ئاماژە بەوە کراوە عێراق وەک دراوسێی ئێران زیاترین کاڵای نانەوتیی لە ساڵی 2022 لە وڵاتەکە کڕیوە کە گەیشتوەتە 10 ملیار و 238 ملیۆن دۆلار و ئەوەش بە ژمارەی پێوانەیی هاوردەکردن لە نێوان 15 وڵاتی دراوسێی ئێران ئەژمار دەکرێت.

کڕینی کالا لە لایەن عێراقەوە لە ئێران بە رێژەی 15% لە روی بەهاوە بەراورد بە ساڵی 2021 بەرز بوەتەوە و لە بەرامبەردا عێراق لە ساڵی 2022 تەنها بە بەهای 264 ملیۆن دۆلار لە ریزبەندی ئەو وڵاتانە بوە کە کەمترین کاڵای نانەوتیی رەوانەی ئێران کردوە.

دوای عێراق وڵاتی تورکیا بە هاوردەکردنی حەوت ملیارد و 459 ملیارد دۆلار دووەم وڵاتی دراوسێی ئێران بوە کە زیاترین کاڵای لەو وڵاتەوە هاوردە کردوەتەوە و ئەوەش بەراورد بە ساڵی 2021 زیاتر لە 23% بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

سەرەڕای ناکۆکییەکانیان لە ساڵی 2022 سعودیە بە بەهای 14 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار کاڵای لە ئێرانەوە هاوردە کردوە.

بە گشتی ئێران لە ساڵی رابردودا بە بەهای 30 ملیارد 537 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردەی 15 وڵاتی دراوسێی کردوە کە 19% بەراورد بە ساڵی 2021 بەرزبوەنەوەی بەخۆیەوە بینیەوە.

ئێران لەو ساڵەدا بە بەهای زیاتر لە 28ملیارد و 305 ملیۆن دۆلار کاڵای نانەوتیی لەو 15 وڵاتەی دراوسێیەوە هاوردە کردوە کە بەوەش هاوردەی ئەو وڵاتە بەراورد بە رابردو10% بەرز بوەتەوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار