رێکخراوێک تاوانەکانی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بڵاو دەکاتەوە

ھیومن رایتس وۆچ : هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەستدرێژیی دەکەنە سەر منداڵانی دەستگیرکراو

یەک ساڵ لەمەوپێش



رێکخراوێک ئاشکرای دەکات هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە حەوت مانگی رابردودا زیاترین تاوانیان بەرامبەرا منداڵان و لاوان ئەنجام داوە و دەیان منداڵ لە لایەن ئەو هێزانەوە دەستدرێژیی کراوەتەوە سەریان و ئەشکەنجە دراون.

رێکخراوی ھیومن رایتس وۆچ ئەمڕۆ سێشەمە راپۆرتێکی پێشێلکارییەکانی دەسەڵاتی ئێرانی بەرامبەر منداڵان و لاوان لە دوای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ناوچەکانی ئەو وڵاتە بڵاو کردەوە و رایگەیاندوە؛ هێزە ئەمنییەکان تاوانی ئەشکەنجە و دەستدرێژییان بەرامبەر بەو منداڵانە کردوە و ژمارەیەکیشیان بێسەروشوێن کراون.

روانگەی مافەکانی مرۆڤ (ھیومن رایتس وۆچ) ئاماژەی بەوە کردوە لە رێگەی چاوپێکەوتن و وەرگرتنی وتەی ژمارەیەک منداڵ و لاو کە لە ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی دەستگیر کراون، بەشێک لە تاوانەکانی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەرامبەر منداڵان ئاشکرا بوە.

بە پێی راپۆرتەکە؛ زۆربەی منداڵان و لاوانی تەمەن 13 بۆ 16 کە بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان دەستگیر کراون لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە توندی و بە داری کارەبایی ئەشکەنجە کراون و ژمارەیەکیان روبەڕوی دەستدرێژیی سێکسی بونەتەوە و تەنانەت دوای زیاتر لە شەش مانگ ژمارەیەک لەو دەستگیرکراوانە بێسەروشوێنن و چارەنوسیان نادیارە.

ھیومن رایتس وۆچ ئاشکرای کردوە مێرمنداڵێکی 16 ساڵ دوای دەستگیرکردنی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەشکەنجە کراوە و دواتر دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەری و دوای ئازادکردنی دوو جار هەوڵی خۆکوشتنی داوە و چیرۆکی زۆربەی ئەو منداڵان و مێرمنداڵانەی دەستگیر کراون هاوشێوەیە و چەند کەسێکیان خۆیان کوشتوە.

هێزە ئەمنییەکان ئەو دەستگیرکراونەیان ناچار کردوە بە دانپێدانانی ناڕاست و تۆمارکردنی وتەکانیان بۆیە دوای ئازادکردنیان ژمارەیەک زۆر لە قوربانییەکان هەوڵی خۆکوشتنیان داوە.

ئەو رێکخراوەیە لە راپۆرتەکەدا جەختی لەوە کردوەتەوە لە دوای ناڕەزایەتییەکان، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران سەرکوتی توندیان بەکارهێناوە و دەستیان لە هیچ جۆرە توندوتیژییەک و تەنانەت نادادپەروەیی بەرامبەر منداڵان و لاوان نەپاراستوە و لە دادگاکانیشدا رێگەیان نەداوە پارێزەریان هەبێت.

ھیومن رایتس وۆچ چیرۆکی ژمارەیەک منداڵ و لاوی دیکەی بڵاو کردوەتەوە کە روبەڕوی دەستدرێژیی و ئەشکەنجە و سەپاندنی سزای توند لە دادگاکانی ئێران بونەتەوە و رایگەیاندوە وتەی سەرجەم ئەو قوربانییانە کراوەتە بەڵگە و دۆکۆمێنت.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردوەتەوە لە ناڕەزایەتییەکاندا لانیکەم 68 منداڵ بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون.

لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگری ژینا ئەمینی جگە لە کوژرانی نزیکەی 600 کەس زیاتر لە 39 هەزار کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستگیرکران کە ژمارەیەکیان منداڵ و مێرمنداڵ بون و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و تەلەفیزیۆنی سی ئێن ئێن لە ئەمریکا بەڵگەی دەستدرێژیکردنی ژمارەیەک لەو قوربانییانەیان بڵاو کردەوە کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە تاوانیان بەرامبەر کراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار