ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و ئەوروپا دادەبەزێت
لە دوو مانگدا 622 ملیۆن یۆرۆ کاڵا هەناردەی ئێران کراوە
2 ساڵ لەمەوپێش
ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەوروپا دادەبەزێت و فەڕەنسا هەناردەی بۆ ئەو وڵاتە بەرز دەکاتەوە.
ناوەندی ئاماری ئەوروپا (یۆرۆستات) بڵاوی کردەوە؛ ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە دوو مانگی ئازار و نیسان بە رێژەی 9% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و بەهای ئاڵوگۆڕی ئەو دوو مانگە 761 ملیۆن یۆرۆ بوە.
لە ئامارەکاندا ئاماژە بەوە کراوە؛ ئاستی هاوردەی وڵاتانی ئەوروپا لە ئێرانەوە 139 ملیۆن یۆرۆ بوە کە بەراورد بە دوو مانگی ئازار و نیسانی ساڵی رابردو 17% کەمی کردوە.
ئێران لە ماوەی ئەو دوو مانگەی ئەمساڵدا بە بەهای 622 ملیۆن یۆرۆ کاڵای لە وڵاتانی ئەوروپا کڕێوە و هاوردەی کردوە کە ئەویش بەراورد بە ئازار و نیسانی ساڵی رابردو 7% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و ئیسپانیا کە زیاترین ئاڵوگۆڕی بازرگانییان لەگەڵ ئێران هەیە لەو دوو مانگەدا رێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانییان لەگەڵ ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردوە.
لە ئامارەکاندا دەرکەوتوە هەناردەی فەڕەنسا بۆ ئێران لەو دوو مانگەدا پێچەوانەی وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بە رێژەی 34% بەرز بوەتەوە و بە بەهای 43 ملیۆن یۆرۆ کاڵای هەناردەی ئێران کردوە.