ستران عەبدوڵا بۆ هاوڵاتی: ویستی چارەسەركردنی كـێــــشــەكان لەسەرۆكی حكومەتەوە لەئارادانییە

2 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: سەركۆ جەمال

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵێت:» تائێستا سەرۆكی هەرێم هەوڵیداوە كێشەكان  چارەسەر بكات، بەڵام لەڕاستیدا بەتەنیا لەسەرۆكایەتی هەرێم نییە، بەڵكو دەبێت یەكێتی و پارتی خۆیان پێكەوە كێشەكان چارەسەر بكەن».

ستران عەبدوڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت:» رێڕەوی ئەم حكومەتە دەبێت راست بكرێتەوە، ئەو حكومەتەی ئێستا بەو كێشانەوە كەهەیەتی هەمان ئەو حكومەتە نییە كەئێمە لەسەری رێككەوتین».

هاوكات، جەختلەوەشدەكاتەوە كە» یەكێتی پێیوایە ئێستاش بۆ چارەسەری كێشەكان پێویستە لەگەڵ پارتیدا كاربكات، بەڵام دەبێت ویستێكی هاوبەش هەبێت».

 

هاوڵاتی: دۆخی هەرێمی كورستان لەئێستادا چۆن دەبینن بەگشتی؟

ستران عەبدوڵا: دۆخی هەرێمی كوردستان لەكێشەدایە، بەهۆی پەیوەندیەكانمان لەگەڵ بەغدا، تائێستا نەمانتوانیوە رێكیبخەینەوە، نەمانتوانیوە هەم باگراوندێكی دەستوری هەم باگراوندێكی وای بدەینێ كە بۆ مافەكانی گەلی كورد هەموو جارێك ناچار نەبین بچینە ناو دانوستانەوە.

لەكوردستان كێشەی هەرە زەق ژیان و گوزەرانی خەڵكە و بابەتی دۆخی سیاسی لەشوێنی خۆیەتی، عادەتەن تەنگژە سیاسییەكان كە لەهەر وڵاتێك دەگەنە بنبەست لەهەر وڵاتێكی ئاسایی چارەسەرەكەی بەهەڵبژاردن دەبێت لەڕێگەی دیموكراسییەوە، بەڵام ئەمە لەكوردستان كێشەی زۆری تێدایە، چونكە یاساكانی هەڵبژاردن و رێوشوێنەكانی وادەكات هەڵبژاردنێكی شەفاف و دیموكراسی لەكوردستان مەیسەر ببێت، بەڵام بابەتی هەڵبژاردن و ئەپدەیتكردنەوەی دیموكراسی لەكوردستان لەجیاتی ئەوەی دەرچە بێت بۆ چارەسەری كێشەكان خۆشی بووەتە بەشێك لەكێشەكان.

هاوڵاتی: مەسعود بارزانی پەیامێكی بڵاوكردۆتەوەو داوا دەكات هەڵبژاردن لە 18 ی 11 بەڕێوەبچێت، بەم دۆخەوە یەكێتی ئامادەیە بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە؟

ستران عەبدوڵا: قسە لەسەر قسەی كاك مەسعود ناكەم، ئارەزووی هەموومانە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت، بەڵام هەڵبژاردن خۆی عادەتەن كەدەكرێت لەكوردستان و عێراق و وڵاتانیش خەرجیی و كەمپینی زۆری دەوێت، ئەم كەمپینە دەبێت جۆرێك لەگۆڕانكاری دروست بكات لەپرۆسەی سیاسی، بەم هەلومەرجەی كەئێستا هەیە من هەموو جارێك دەڵێم ناوبژیوانەكانی هەڵبژاردن كە بریتین لەكۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردنەكان.

 هەروەها ئەوەی وادەكات هەڵبژاردنێك شەفاف بێت لەئارادا نییە، لەبەرئەوە قسە لەسەر مەسەلە مەبدەئییەكە نییە كەهەم یەكێتی و هەموو هێزێكی سیاسی دەربەست لەكوردستاندا لەگەڵ ئەوەدایە كەهەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت، خۆزگە ساڵی رابردوو بكرایە كەهەلومەرجی خۆی بوو، بەڵام كە نەكرا دیارە ئەو كێشانە هەر ماونەتەوەو چارەسەر نەكراون.

هاوڵاتی: تیمی یەكێتی چەند داواكارییەكیان داوە بەحكومەت، پێتانوایە سەرۆكی حكومەت دەتوانێت جێبەجێی بكات؟

ستران عەبدوڵا: دەبێت لەتیمی حكومەت و پارتی بپرسن، بەڵام یەكێتی و تیمەكەی ناوەڕۆكی ئەو داخوازیانەی هەیانە نە ناكۆكە لەگەڵ بەرنامەی حكومەتی هەرێم كەڕایگەیاندووەو سەرۆكی حكومەتیش لەپەرلەمان باسی كرد، نە ناكۆكە لەگەڵ ئەو رێككەوتنەی لەنێوان یەكێتی و پارتی بۆ هاتنە ناو حكومەت لەكابینەی نۆ واژۆیان كردو لەسەر بنەمای ئەوەش حكومەت پێكهات، هەروەها ناكۆكیش نییە لەگەڵ بەرژەوەندیەكانی خەڵكی كوردستان، لابردنی ئەو گەمارۆ و نادادپەروەریەی لەبەرانبەر سلێمانی هەیە بەشێكە لەداواكاریەكانی خەڵكی كوردستان و خەڵكی سلێمانیش، باوەڕناكەم خەڵكی هەولێرو دهۆك لێیان بپرسی بڵێی حەزدەكەن نادادپەروەری هەبێت لەبەرامبەر سلێمانی بڵێن بەڵێ، ئاشكرایە نادادپەروەرییەكە هۆكارێكی سیاسییە بەداخەوە خراپ ئیدارەدانی حكومەتە.

هاوڵاتی: تیمی یەكێتی لەحكومەت ئەگەر داواكارییەكان جێبەجێ نەكرێ چ رێگایەكی دیكە دەگرنەبەر؟

ستران عەبدوڵا: ناتوانم لەبری حكومەت قسە بكەم چونكە كاك قوباد لەمەكتەبی سیاسی نوێنەرایەتی ئێمە دەكات بەهەموو پشتیوانییەك بۆ تیمەكەی، بەڵام وەكو مەسەلەی مەبدەئی ئەو داخوازیانەی تیمی یەكێتی رایگەیاندووە مەكتەبی سیاسی و یەكێتی پشتیوانی دەكات.

هاوڵاتی: نیگەرانی یەكێتی بەرامبەر پارتی تەنها ئابڵوقەی داراییە، یان شتی دیكەیە؟

ستران عەبدوڵا: با ئەوە باس بكەم پەیوەست بوون بەدارایی پەیوەست نییە بەدارایی یەكێتییەوە، پەیوەستە بەژیان و گوزەرانی خەڵكەوە، دیوێكی دیكەشیان لەڕاستیدا هەر پەیوەست نییە بەبواری دارایی، بەڵكو ئەمنییشە.

یەكێتی ئەو بانگەشە ئەمنیانەی كە باسدەكرێت لەسەر كەیسی شەهید هاوكار جاف و كەیسەكانی دیكە پێیوایە لەگرێكوێرەكەوە  كەیسی هاوكار جاف پێویست دەكات لیژنەیەكی هاوبەشی پارتی و یەكێتی بەئاگاداری هاوپەیمانان ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن.

ستران عەبدوڵا: "كەیسی هاوكار جاف پێویست دەكات لیژنەیەكی هاوبەشی پارتی و یەكێتی بەئاگاداری هاوپەیمانان ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن"

پێمانوانیە ئەو داواكارییە پێچەوانەی ویستە ئەمنیەكانی خەڵكی كوردستان بێت یاخود پێچەوانەی یاسا بێت، بەشێكی دیكەی كە باسی نادادپەروەری دەكەیت لەڕووی ئیداری و داراییەوە ئێ خۆ ئەمە سەردەكێشێت بۆ زۆر كێشەی سیاسی و ئەمنیی و ژیانی خەڵكیش، چونكە كەژیانی خەڵك باش نەبێت و نادادپەروەری هەبێت ناكۆكی دروستدەكات وەك ئەوەی مەسەلەن موچەی خانەنشینانی یەكێتی بڕدراوە لەبەرامبەری كەیسێكی دیكە دروستدەكرێت، مانای وایە كێشە كێشە لەگەڵ خۆی دەهێنێت.

مەسەلەكە دارایی نییە، خۆ كێشەكانی هەرێمیش لەگەڵ بەغدا باکگراوندێكی دارایی هەیە بەس خۆ كەس نەیوتووە تەنها مەسەلە پارەیە، بەڵكو مەسەلە ئەوەیە كە چارەسەری كێشە داراییەكان رێگا بۆ چارەسەری كێشەكانی دیكەش دەكاتەوە، وەك كوردەواری دەڵێت كاسەی پڕ ئاشتی ماڵە.

هاوڵاتی: بڕینی بودجەی دژەتیرۆری یەكێتی لەلایەن پارتی و ئەنجومەنی ئاسایشەوە تا چەند رۆڵی هەبووە لەقوڵبوونەوەی ململانێی پارتی و یەكێتی؟

ستران عەبدوڵا: دەزگایەكی ئەمنیی كەڕۆڵی هەیە لەپاراستنی ئەمنیەتی كوردستان و رۆڵی هەیە لەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو بەشێكە لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەیان چالاكی هاوبەشی هەیە لەگەڵ هاوپەیمانان و دژەتیرۆری عێراق، دەیان جاریش بەهانای دژەتیرۆری پارتییەوە چووە لەچارەسەری زۆر كێشەی ئەمنیی، بۆیە ئەم دەزگایە حەق نییە بێ بودجە بكرێت، دەبێت هۆكارێك هەبێت هەر ئەوە نییە پارەیەكەو بڕدراوە بەڵكو دەزگای ئەمنیی كوردستان دەكەیتە دوو كەرتەوە كەئەمەش مەترسییەكی زۆر گەورەیە.

هاوڵاتی: پێتانوایە پارتی رۆڵی هەبووە لەداخستنی ئاسمانی توركیا بەڕووی فڕۆكەخانەی سلێمانی؟

ستران عەبدوڵا: تیمی حكومەتی پارتی ئیدارەی ئەو دۆسیەیە بەباشی ناكات، زۆرجاریش ئەوەمان وتووە كە قسە لەسەر ئەوە دەكەین و دەڵێین گروپێك لەپارتی ئەوەدەكات مانای ئەوە نییە، ئێمە بمانەوێت ناكۆكی دروستبكەین، بەپێچەوانەوە باسكردنی ئەوەی كە گروپێكە لەناو پارتی مانای ئەوەیە كە كێشەكە بۆی هەیە چارەسەر ببێت، دەكەوێتە سەرشانی پارتی كەئەم گروپە تێبگەیەنێت كە بەمشێوەیە ئیدارەی پەیوەندیەكی باش لەگەڵ حزبێكی رەسەن و سەرەكی لەحوكمڕانی كوردستان وەكو یەكێتی ناكرێت.

هاوڵاتی: كێشەكانی یەكێتی و پارتی چۆن چارەسەر دەكرێت؟

ستران عەبدوڵا: چارەسەر جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنەیە كە لەنێوان یەكێتی و پارتی لەساڵی 2018 كراوە، دوو خاڵی جەوهەری تێدایە زۆر گرنگە، دوو رێككەوتن لەخۆدەگرێت یەكێكیان لەسەر بەشداریكردنی یەكێتییە لەحكومەتی هەرێمی كوردستان و یەك شتی تیانیە سەروو ئیستحقاقی یەكێتی بێت، مەسەلەن چەندی بەركەوتووە لەبەركەوتەی دامودەزگاكان ئەوەندەی وەرگرتووەو كەسیش منەت بەسەر یەكێتییەوە نەكات، چونكە ئیستحقاقی دەنگەكانی خۆیەتی، بەشی دووەمی رێككەوتنەكەش پەیوەندی بەئیدارەی هەرێمی كوردستان و پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغداوە هەیە.

هەروەها پەیوەندی بەناوچە دابڕاوەكانی هەرێمەوە هەیە، مەسەلەن تائێستاش بەداخەوە ئەوە جێبەجێ نەكراوە كەپارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك دابنرێت كەئەوەش یەكێك لەمەرجەكانی بەشداریكردنی یەكێتی بووە لەحكومەت، بەڵام پارتی جێبەجێی نەكردووە و تائێستا پارێزگارێكی عەرەب لەكەركوك هەیە كەهەموو رۆژێك چەلەحانێی ئەوەیە كە كێ دۆستیەتی و كێ دووژمنیەتی.

مەسەلەكە نە دۆستە و نە دووژمن، ئەگەر رێككەوتنەكە جێبەجێ بكرایە ئێستا پارێزگارێكی كورد لەكەركوك حوكمی دەكرد، رێگاشی بۆ ئەوە خۆشدەكرد كەپرۆسەی سیاسی لەكەركوك ئەپدەیت بكرێتەوە و خەڵك تێبگات كە ئەو شارە شارێكی كوردستانییە.

ئەگەر بمانەوێت پەیوەندییەكە رێكبخەینەوە و بچینە سەر ئەو بنەمایەی كە یەكێتی داواكارییەكی زیاتری نیە لەوەی لەسەری رێككەوتنی كردووە، رێككەوتنی 2018 رێككەوتنێكە كە سەركردایەتی یەكێتی پێش كۆنگرە ئەنجامیداوەو لەلایەنی یەكێتی كاك كۆسرەت كە ئەوكات جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی بوو، لەلایەنی پارتیش كاك نێچیرڤان بارزانی بوو كەئێستا سەرۆكی هەرێمی واژۆیان كردووە، دەبێت یان ئەو رێككەوتنە جێبەجێ بكرێت یاخود رێككەوتنێكی دیكەی هاوشێوە بەهەمان ناوەڕۆك جێبەجێبكرێت.

 داواكاری یەكێتی ئەوە نییە پەنجا بەپەنجا بێت وەك هەندێك جار بانگەشەی بۆ دەكرێت بەڵكو ئەوەیە كە بابەتی ئیستحقاقی هەڵبژاردن لەشوێنی خۆی، بەڵام بابەتی بەرپرسیارێتی هەڵگرتن و هاوبەشی و بەشداریكردن لەحوكمڕانی دەبێت رەچاو بكرێت

هاوڵاتی: سەرۆكی هەرێم دەتوانێت رۆڵی هەبێت لەچارەسەركردنی كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی؟

ستران عەبدوڵا: تائێستا سەرۆكی هەرێم هەوڵیداوە كێشەكان چارەسەر بكات، بەڵام كێشەكان لەڕاستیدا بەتەنیا لەسەرۆكایەتی هەرێم نییە، بەڵكو ئەوەیە كەدەبێت یەكێتی و پارتی خۆیان پێكەوە كێشەكان چارەسەر بكەن، بەڵام بەداخەوە تائێستا پارتی وەڵامدانەوەی نەبووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، وەكو سەرۆكی یەكێتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی چەند جارێك یەكێتی هەوڵیداوە كۆبوونەوە ببێت سەیر دەكەیت شتێكی لابەلا پڕۆسەكە پەكدەخات.

شەرت نییە هەر مەسەلەی هاوكار جاف بێت هەر رۆژەی بەناوی كێشەیەكەوە ئەو پڕۆسەیە پەكدەخرێت، پێمانوایە ئەگەر پێكەوە بەیەك پاكێج چارەسەریش ناكرێت با شتە زەحمەتەكان دەستپێبكەین بۆ نموونە یەكێتی مەكتەبی هەڵبژاردنی راسپارد كە لەگەڵ برادەرانی پارتی بگەنە رێككەوتن و یەكێتی لەگەڵ یەكگرتوو و كۆمەڵ و بزوتنەوەی گۆڕانیش دانیشتن پێكەوەو هەرچوار لامان هەر ئەو داواكاریانەمان هەبووە بۆ پرۆسەی دیموكراسی و هەڵبژاردن، بەڵام پارتی هەموو ئەو پێشنیارانەی پەسەندیش كران لێی پەشیمان بووەتەوە.

ئەو پێشنیارانەی نەتەوەیەكگرتووەكانیش كردوویەتی جگە لەپێشنیاری هەر چوار لایەنەكە، كە تەنگەتاو دەبن رازی دەبن لەسەری، بەڵام دواتر خۆیانی لێ دەدزنەوە، پێمانوایە پارتی لەبری ئەوەی لەڕاگەیاندنەكانەوە باسی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بكات بێتە سەر ئەوەی رێوشوێنەكانی هەڵبژاردنێكی شەفاف دابین بكرێت.

هاوڵاتی: سەرۆكی حكومەت بەمەبەست سزای سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و راپەڕین دەدات؟

ستران عەبدوڵا: ئیدارەی كابینەی نۆ وەفادار نەبوو بۆ ئەو بەڵێنانەی لەسوێندخواردنەكەیدا پێشكەشی جەماوەری خەڵكی كوردستانی كردووە، خۆشگوزەرانی نەهات، چاكسازی نەكرا.

ئیتر حكومەتێك بەكۆمەڵێك ناونیشانەوە دەناسرێتەوە ئەگەر ئەو داواكاریانەی خەڵك هەیەتی جێبەجێی نەكات، ناتوانێت بڵێت سەركەوتوو بووم، ناشتوانێت بیخاتە ئەستۆی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی یان بیخاتە ئەستۆی كێشە ناوخۆییەكانی پارتی.

پارتی كۆنگرەی كرد سەرۆكی حكومەت بووەتە جێگری دووەمی سەرۆكی پارتی پێویست بوو ئەوە پاڵپشتییەكی پتەو بێت بۆ باشتركردنی رۆڵی سەرۆكی حكومەت لەچارەسەركردنی كێشەكان و كابینەی نۆ، لەبەرئەوە مەیخەنە ئەستۆی كێشەكانی یەكێتی بەڵكو بیخەنە ئەستۆی ئەو پاڵپشتیەی كۆنگرەی پارتی كردی بۆ مەسرور بارزانی، بەڵام تائێستا دەرئەنجامێكمان نەبینیوە.

هاوڵاتی: رێككەوتنی نێوان عێراق و هەرێم دەبێتە دەروازەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی؟

ستران عەبدوڵا: رێككەوتنی نێوان حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان رێگە خۆشدەكات بۆ چارەسەركردنی زۆرێك لەو كێشانەی كە پەیوەندییان بەلایەنی ئابورییەوە هەیە، چونكە زۆرێك لەكێشەكان بەهۆی ئابوری سەربەخۆوە بوون بەبێ ئەوەی ئەو سیاسەتە چوارچێوەیەكی باشی دەستوری هەبێت.

 بێگومان ئەم رێككەوتنە كاریگەری دەبێت بۆ چارەسەری كێشەكان، ئەوەی كە روونە پارتییە ئیدارەی دۆسیەی پەیوەندیەكان دەكات لەگەڵ بەغدا كەئەو كێشانەش نەتوانێت چارەسەربكات بەڕاستی لەئەستۆی ئەوانە، چونكە یەكێتی لەو ماوەیەی كەبایكۆتی ئەنجومەنی وەزیرانی كردووە رێككەوتنی نێوان هەرێم و عێراق كرا سەرەڕای ئەوەش دەستخۆشی كردو نەیوت لەبەر ئەوەی یەكێتی تێدا نییە باهەڵبوەشێتەوە.

پێمانوایە رێككەوتنەكە داواكارییەكی كۆنی یەكێتییە با لەساتی رێككەوتنەكەشدا یەكێتی بەشدار نەبووبێت گرنگ ئەوەیە كێشەكانی خەڵك چارەسەرببێت و ژیان و گوزەرانی خەڵك باش ببێت.

هاوڵاتی: یەكێتی بەشدارە لەحكومەتی سودانی، چ رۆڵێكتان هەبوو لەڕێكەوتنی هەرێم و عێراق كەبەردەوام یەكێتی داوای كردوە، رێكەوتن لەگەڵ بەغدا كێشەكان چارەسەر دەكات؟

ستران عەبدوڵا: داخوازیەكانی یەكێتی دەستوری بوون و  هاندانیشە چونكە بەشێكی سەرەكیین لەحوكمڕانی كوردستان هەموو كات بەو ئاڕاستەیە كارمان كردووە، مەسەلەن كاك قوباد كەسەرۆكی تیمی یەكێتی بووە لەحكومەتی هەرێم چەند جارێك دانوستانی دژوارو بەسەبری لەگەڵ لایەنی عێراقی كردووە، كە باسی رێككەوتنیش دەكەین لەگەڵ بەغدا پێمان وانییە هەموو شتێك لەبەغدا رێكوپێك و ساغە، بەڵام پێمان وایە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان ئەوە دەهێنێت كە ماندوو بین پێوەی و دانوستانێكی رێكوپێك بكەین، نەك وەفدێك بڕوات و بەخێرایی بگەڕێتەوە.

یەكێتی بەشێكە لەهاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتی عێراق، وەكو پارتی بەشێكە لەو حكومەتەو بەشی هەیە، لەڕێگەی ئەو هاوپەیمانییەوە كە كۆبوونەوەی خۆی دەكات كێشەكان چارەسەر دەكرێن و هەر لەو هاوپەیمانێتیەشدا باس لەپێویستی رێككەوتنی هەرێم و عێراق كرا. ئەو قسانەشی كەڕەنگە حكومەت نەیگەیەنێتە بەغدا یەكێتی لەڕێگەی ئەو هاوپەیمانێتیەوەو سەرۆك بافڵ جەلاڵ تاڵەبانی بەبەشداریكردن لەكۆبوونەوەكانیان راستەوخۆ دەیگەیەنێت، بۆ ئەوەی ئیدارەیەكی باشتری حوكمڕانی هەبێت لەكوردستان و عێراقیشدا.

هاوڵاتی: ئایا فشار هەیە بۆ رێككەوتنتان لەگەڵ پارتی؟ كەداواكاری زۆرێك لەوڵاتانی نێودەوڵەتی و كەسایەتی ناوخۆییە؟

ستران عەبدوڵا: ئێمە ناوی نانێین فشار، بەڵام داخوازی دۆستەكانی كوردستانەو مەنتیقییە كە ئەو كێشانە چارەسەر بكرێن، بەڵام خۆ چارەسەر ناونیشانەكەی روونە، دەبێت ئەو كێشانە چارەسەر بكرێت كە هەلومەرجی سیاسی ئاڵۆز كردووە، بەجۆرێك نە لەگەڵ بەغدا پەیوەندی خراپ بێت نە لەگەڵ دەوروبەر نە لەگەڵ میللەتەكەی خۆشمان.

هاوڵاتی: ئایا پارتی و یەكێتی پێویستیان بەنێوەندگیر هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان؟

ستران عەبدوڵا: ئەگەر پێویست بێت یەكێتی و پارتی خۆیان دەتوانن راستەوخۆ قسە بكەن، بێگومان هەر كەسێك دەستپێشخەری بكات یەكێتی رەتیناكاتەوە، چونكە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانە، ئێمە ناوی نانێین كێشەكانی نێوان یەكێتی و پارتی حەزدەكەم تەئكید لەمە بكەمەوە ئێمە ناوی دەنێین ئەو كێشانەی خەڵكی كوردستان لەگەڵ حوكمڕانیدا هەیەتی و ئێمە پشتیوانی دەكەین، چونكە پێمانوایە گرنگترە لەوەی كەچەند وەزارەتمان هەیە لەحوكمڕانیكردندا، زۆر گرنگە خەڵكی كوردستان ئەو كێشانە بەچارەسەركراوی ببینن، بۆیە لەڕاستیدا كێشەی ئێمە نییە بەڵكو كێشەی خەڵكی كوردستانە.

باوەڕم وانییە خەڵكی هەولێرو دهۆكیش لەم شێوە حوكمڕانییە رازی بن، راستە فشارە گەورەكە لەسەر ئیدارەی سلێمانییە ئەویش بێگومان مەبەستی سیاسی لەپشتە، بەڵام خەڵكی كوردستان هەمووی باجی ئەو كێشانە دەدات كە هەیە، ئەگەر ناوچە دابڕاوەكانی لێ دەربكەی ئەگەر كێشەكان چارەسەر ببن، لایەنە سیاسیەكان و حكومەتی هەرێمیش دەپەرژنە سەر چارەسەركردنی كێشەكانی ناوچە دابڕێندراوەكان، بەڵام ئەگەر لێرە دەردو نەخۆشی هەبێت ناتوانین كێشەی ئەو ناوچانەش چارەسەر بكەین.

لابردنی ئەو گەمارۆو ناداتپەروەرییەی لە بەرانبەر سلێمانی هەیە بەشێکە لە داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان

هاوڵاتی: ئەگەر مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی داوای كۆبوونەوەتان لێبكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان یەكێتی ئامادەیە هەنگاو بنێت لەپێناو حەل كردنی كێشەكان؟

ستران عەبدوڵا: كاك بافڵ چەند جارێك خۆی  چووە سەڵاحەدین ویستی پەیوەندییەكی باش رێكبخات بۆ ئەوەی بتوانین كێشەكان چارەسەر بكەین، قەت یەكێتی دەرگای هیچ گفتوگۆیەكی دانەخستووە لەكاك مەسعود.

هاوڵاتی: باس لەوەدەكرێت یەكێتی مەسەلەی غازی وەك فشارێك بەكارهێناوە بەرامبەر پارتی ئەمە وایە؟

ستران عەبدوڵا: وەكو سیاسەتی فەرمی یەكێتی داهاتی خەڵكی كوردستان غاز و نەوت و هەمووی شایەنی ئەوەیە ئیدارەیەكی باش بكرێت لەپێناوی بەرژەوەندیەكانی خەڵكی كوردستان و عێراقیشدا، بەڵام وردەكارییەكەی خەڵكانی تایبەتمەند دەیزانن، بەڵام ئیدارەی دۆسیەی نەوت تائێستا بەباشی نەكراوە ئەوەتا خەڵك و میدیاكانیش باسی دەكەن كە بەقەرزەوە لێی دەردەچین، نامانەوێت لەغازەكەشدا هەمان ئەو دەردە تووشی خەڵكی كوردستان ببێت، پرسیارەكە ئەوەیە بۆ رای گشتی و لایەنەكان ئەم تێڕوانینانەی یەكێتی هەڵەیە كەدەڵێت ئەو ئیدارە هەڵەیەی لەبواری دەرهێنانی نەوت و فرۆشتنیدا كراوە لەدۆسیەی غازدا دووبارە نەبێتەوە؟ ئەمە راستییەكەیەو دەبێت ئیدارەیەكی باشتر بكرێت بەنیسبەت یەكێتییەوە مەسەلەیەكی مەبدەئییە و لەگەڵ دەستوری عێراق یەكدەگرێتەوە، ئێمە نابێت وا سەیری دەستوری عێراق بكەین كە دەستوری عەرەبەكانە یاخود مالیكی و شیعەكانە، كورد بەشداربووە تێیدا دامەزرێنەرەكانی دیموكراسی لەكوردستان و عێراق جەنابی مام جەلال و كاك نەوشیروان و كاك مەسعودو هێزە سیاسییەكانی دیكەش مەسەلەن مامۆستا سەڵاحەدین بەهادین و مامۆستا عەلی باپیرو كاك قادر عەزیز كەئەوكات سەرۆكی حزبی زەحمەتكێشان بوو بەشدارییان كردووە لەدامەزراندنی ئەم دەستورەدا، زۆر ئاسانە بەزمانی كوردی بڵێین ئەوە عێراقە یاخود هێزە سیاسیەكانیەتی دەستوریان جێبەجێ نەكردووە، بەڵام ئەگەر ئەوانیش هەوڵبدەن بیقرتێنن و بەشێكی جێبەجێ نەكەن دەبێت ئێمە هەوڵبدەین نەهێڵین ئەوە بكەن، چونكە كێشەكەمان لەبەغدایە لەگەڵ ئەو هێزە سیاسییانەیە كەپێویست دەكات ئیستیحقاقی خۆمان بۆ دابین بكەن، كەس وانەزانێت یەكێتی پێی وایە كە بەغدا شامی شەریفە ئێستا شامیش شەریف نەماوە، بەڵام پێمان وایە بەغدا سەنگەرێكی پتەوی داكۆكیكردنە لەویستەكانی خەڵكی كوردستان، جاران لەبەرئەوەی بەغدامان لەبەردەم حەرام كرابوو شاخەكانی كوردستان بەدیل بوون، بەڵام ئێستا بەغدا دەڵێن وەرن لەوێ كێشەكان چارەسەر بكەن پێمان وایە ئەوە پێویستترە.

هاوڵاتی: پێتانوایە ئێستا مەترسی لەسەر دۆخی هەرێم هەیە بەهۆی ناكۆكییەكانی یەكێتی و پارتییەوە؟

ستران  عەبدوڵا: نابێت وا لەناكۆكی سیاسی بڕوانین كەخەڵكی پێ بترسێنین، پارتی و یەكێتی لەكاتی تەباییدا دەستكەوتی زۆر گرنگیان بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان بەدیهێناوە، وەكو یەكێتی هیچ پەشیمان نین لەو دەستكەوتانە، دروستبوونی ئۆپۆزسیۆن لەسایەی رێككەوتنی یەكێتی و پارتی هاتەكایەوە.

ئەو دەستكەوتانەی لەعێراق كورد بەدەستیهێناوە بەرهەمی رێككەوتنی پارتی و یەكێتی و لایەنەكانی هەرێم بوو، لەوە پەشیمان نین لەسەر ئەوە نرخیشمان داوە، لەوەی كە جەنابی مام جەلال دەچووە هەموو كۆبوونەوەكان لەپێناو دەستكەوتەكانی گەلەكەمان، هەتا ئەوەی یەكێتی لەزۆر ئیستحقاقی خۆی خۆش بووە بۆ ئەوەی ئاشتی لەكوردستان بەرقەرار بێت و پرۆسەی سیاسین ئەو پاشەكشەیەی لەپرۆسەی سیاسی هەرێم و عێراق روویانداوە مەترسیدارەو پێویستە یەكێتی و لایەنەكانی دیكەش هەڵوێست لەبەرامبەریدا وەربگرن.

كەڕەخنە لەم حكومەتە دەگرین بۆ ئەوە نییە بڵێین ئەم حكومەتە رۆڵی تەواو بووەو دەبێت بڕوخێت، بەڵكو پێمان وایە رێڕەوی ئەم حكومەتە دەبێت راست بكرێتەوە، یەكێتی چۆن پەرۆشی رێككەوتنە ئاواش پەرۆشی ئەوەیە لەپێناو خەڵكی كوردستان رەخنە بگرێت و قسەی هەبێت، ئەو حكومەتەی ئێستا بەو كێشانەوە كە هەیەتی هەمان ئەو حكومەتە نییە كە ئێمە لەسەری رێككەوتین، مانای وانییە كابینەكانی پێشووی حكومەت كێشەی نەبووبێت، بەڵام ویستی چارەسەركردن هەبوو پێشتر، ئێستا ویستی چارەسەركردن لەسەرۆكی حكومەتەوە لەئارادا نییە.

لە کابینەی پێشوی حکومەت کێشە هەبووە،بەڵام ویستی چارەسەرکردنیش هەبووە

یەكێتی پێیوایە ئێستاش بۆ چارەسەری كێشەكان پێویستە لەگەڵ پارتیدا كاربكات، بەڵام دەبێت ویستێكی هاوبەش هەبێت، دیموكراسی هەرێمی كوردستان پێویستی بەچاككردنەوەیە، هەر ئێمە نین رێكخراوەكانی نێودەوڵەتیش وادەڵێن، راپۆرتی وڵاتان وادەڵێن، پێش هەموو شتێك میللەتەكەمان خۆی وادەڵێت، با واز لەوەبێنین راپۆرتەكان بەزمانی دیكە چی دەڵێن بەكوردی دەیڵێین كە كێشەمان هەیە خەڵك لەبادینان دەستگیركراوە، خەڵك لەهەولێر سەری دەتاشرێت ئەمانە كێشەی گەورەن، كە كێشەیەك لەسلێمانی روودەدات گەورەی دەكەن ئەو كێشانە ناشارێتەوە كە لەهەولێرو بادینان هەیە، ئەو كێشانە دەتوانرێت چارەسەربكرێن، مەسەلە ئەوەیە ناكۆكی بەدوو كەس دەكرێت، بەڵام چارەسەر هەموو لایەنەكانی تێدایە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار