سەرۆک کۆماری ئێران دەڵێت گەمارۆی سەر وڵاتەکەی شکستی هێناوە

رەئیسی: هەناردەی ئێران 50 ملیارد دۆلاری تێپەڕاندوە

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران

2 ساڵ لەمەوپێش



سەرۆک کۆماری ئێران دەڵێت توانیویانە خۆیان لە گەمارۆ و سزا نێودەوڵەتییەکان دەرباز بکەن و ئاستی هەناردەی وڵاتەکە بەرز بکەنەوە.

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە لە پێشانگای "تواناکانی هەناردەی ئێران" (Iran expo 2023) رایگەیاند؛ گەشە و بەرهەمهێنان نابەستنەوە بە ئەنجامی دانوستانە ئەتۆمییەکان و توانیویانە سەرەڕای گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان، هەناردەی وڵاتەکە بۆ بەرزترین ئاستی 40 ساڵی رابردو بەرز بوەتەوە.

بە وتەی رەئیسی: هەناردەی کاڵای ئێران گەیشتوەتە زیاتر لە 50 ملیارد دۆلار لە ساڵێکدا کە ئەوەش بە ژمارەیەکی پێوانەیی لە مێژوی 40 ساڵی رابردوی وڵاتەکە ئەژمار دەکرێت.

رەئیسی بە ئاماژەی بۆ لێدوانێکی وتەبێژی کۆشکی سپی کە رایگەیاندبو ئاستی باڵای فشارەکان دژی کۆماری ئیسلامی شکستی هێناوە، وتی: پێشانگای تواناکانی هەناردەی ئێران دیمەنێکە لە خۆدەربازکردن و شکستی گەمارۆ و سزاکان دژی ئێران.

لێدوانەکانی ئیبراهیم رەئیسی لە کاتێکدایە بە پێی ئامارەکان لە کاتی دەستبەکاربونی کابینەی حکومەتەکەی، دراوی تمەن زیاتر لە 75%ی بەهاکەی بەرامبەر دۆلار لە دەست داوە و هێڵێ هەژاریی لە 11 ملیۆن تمەن بۆ 21 ملیۆن تمەن بەرزبوەتەوە و هەڵاوسانی ئابوریی گەیشتوەتە زیاتر لە 50%.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار