بانکی ناوەندی سەبارەت بە نەوتی هەرێم نوسراوێک ئاڕاستەی سۆمۆ دەکات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، رەزامەندیی لەسەر کردنەوەی هەژماری بانکیی تایبەت بە دانانی پارەی نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستان لە هەژمارێکی تایبەتی بانکی دەربڕی
بەپێی نووسراوێکی فەرمیی فەرمانگەی وەبەرهێنان و حەواڵە دەرەکییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق کە لەلایەن یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتییەوە لە رۆژی 27-4-2023، بۆ کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق ناسراو بە "سۆمۆ"کراوە، تێیدا بۆچوونی بانکەکەی لەبارەی رێککەوتننامەی نەوتیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان کردووە.
بانکی ناوەندیی لە نوسراوەکەدا دەڵێت، لارییان نییە لە دانانی داھاتی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە (سیتی بانک) بەڵام پێویستە یەکێک لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە وردبینیکردن، وردبینی فرۆشتن و داھاتی نەوتی ھەرێم بکات.
راشیگەیاندووە، بانکی ناوەندی لایەنی سومەند نییە لە فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، بەڵکو لایەنی سودمەند حکومەتی ھەرێمی کوردستانە و، بەرپرسیاریشە لەوەی بە چ رێگەیەک داھاتی نەوت لەو ھەژمارە وەردەگرێتەوە.
سیتی بانک بانکێکی ئەمریکییە، لە ساڵی 1812 دامەزراوە و بنکەی سەرەکیی لە شاری نیویۆرکە. بانکەکە دوو هەزار و 649 لقی لە 19 وڵات هەیە، 723یان لەنێو ئەمریکادان، زۆرترین لقەکانی لە مەکسیکە کە ژمارەیان هەزار و 494 لق دەبێت، زیاتر لە 220 هەزار کارمەندی هەیە.