هەناردەی نەوتی ئێران بەرزترین ئاستی چوار ساڵی رابردو تۆمار دەکات

رۆیتەرز: بەهۆی چاوپۆشی ئەمریکا هەناردەی نەوتی ئێران بەرز بوەتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



بەرپرسێکی ئێران ئاشکرای دەکات فرۆشی نەوتی وڵاتەکە بەرز بوەتەوە و رۆیتەرز بڵاوی کردەوە فرۆشی نەوتی وڵاتەکە بەهۆی چاوپۆشی ئەمریکا گەیشتوەتە بەرزترین ئاستی چوار ساڵی رابردو.

موحسین مەنسوری، جێگری جێبەجێکاری سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند؛ سەرەڕای سزا نێودەوڵەتییەکان، فرۆشی نەوتی وڵاتەکە گەیشتوەتە یەک ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

ئەو بەرپرسەی ئێران هۆکار و وردەکاریی فرۆشتنی نەوتی وڵاتەکەی ئاشکرا نەکردوە لە کاتێکدا سزاکانی ئەمریکا بە ئامانجی کەمکردنەوەی هەناردە و فرۆشتنی نەوتی ئێران بەردەوامە.

لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) بڵاوی کردوەتەوە فرۆشتن و هەناردەی نەوتی ئێران لە سێ مانگی ئەمساڵدا گەیشتوەتە یەک ملیۆن و 137 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کە ئەوەش زۆرترین هەناردەی نەوتەکەیەتی لە چوار ساڵی رابردودا.

ئەمریکا لە ساڵی 2018 و دوای کشانەوەی لە رێککەوتنی ئەتۆمیی رایگەیاند؛ سزاکانی واشنتۆن نەوتی ئێران دەکاتە ئامانج و هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە بۆ بازاڕەکانی جیهان بۆ نزیکەی سفر دادەبەزێنێت.

رۆیتەرز ئاماژەی بەوە کردوە کە زیادبونی هەناردەی نەوتی ئێران پەیوەندیی بە چاوپۆشیی ئەمریکا لە فرۆشی نەوتی ئەو وڵاتەوە هەیە.

وڵاتی چین سەرەڕای سزاکانی ئەمریکا رۆژانە زیاتر لە 800 هەزار بەرمیل نەوتی لە ئێران کڕیوە و بە پێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکانیش ئێران نەوتەکەی بە ناوی نەوتی عێراق و بە نهێنی لە رێگەی کەشتی نەوتهەڵگری بێ ناو و نیشان ساخ کردوەتەوە.

هەناردەی نەوتی ئێران پێش سزاکانی ئەمریکا رۆژانە دوو ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل بوە کە لە ساڵی 2019 بەهۆی ئەو سزایانەوە هەناردەی نەوتەکی بۆ کەمتر لە 250 هەزار بەمیلی رۆژانە دابەزی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار