بوڵدان: لە ١٤ی ئایاردا گڵۆپەکانی ئاکەپە لێدەکەینەوە و دووریان دەخەینەوە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە رایگەیاند، پێکەوە لە سندوقەکانی دەنگدان، وانەی دیموکراسی فێری ئاکەپە دەکەن و لە ١٤ی ئایاردا گڵۆپەکانی ئاکەپە لێدەکەنەوە و دووریان دەخەنەوە.

پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لە هەمان کاتدا کاندیدی پارتی چەپی سەوزە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، بەشداری لە کۆبونەوەیەکی جەماوەری لە شاری قەرسی باکوری کوردستان کرد.

پەروین بوڵدان لە وتارێکدا بۆ لایەنگرانی رایگەیاند، هەموو رۆژێک گوێ لە قسەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا دەگرن و دوایین قسەی ئەوە بوو کە وتی، 'من فەرمان لە خوا وەردەگرم'. خۆی بە پەیامبەر دەبینێت. ئایین بۆ مەرامی سیاسی بەکار دەهێنێت و هیچ شەرم دایناگرێت و وتی، " ئەوانەی ئایین بۆ مەرامی خۆیان بەکاردەهێنن، ١٤ی ئایار رووبەرووی وڵامی گەل دەبنەوە. ئەردۆغان دەڵێت، 'هەلێکی دیکەم پێببەخشن'. باشە بۆچی ئەم داواکارییە دەکات. بۆ ئەوەی گەندەڵی و دزی بکات و یاساکان پێشێل بکات."

بوڵدان هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، "٢١ ساڵە لەم وڵاتەدا گەندەڵی، دزی دەکەن و ئەم دۆخە نالەبارە بۆ خەڵکی تورکیا بە رەوا دەبینن. لە پشت پەروەی پەمبەیی کۆشکەکانیانەوە سەیری گەل دەکەن. بەڵام ئێمە پەردە پەمبەییەکانیان لێدەکەینەوە و لە ١٤ی ئایاردا گڵۆپەکانی ئاکەپە لێدەکەینەوە و دووریان دەخەینەوە."

پەروین بوڵدان باسی ئەوەشی کرد کە لە پارێزگای قەرسی باکوری کوردستان کە بەگوێرە رێژەی دانیشتووان، سێ پەرلەمانتاری بەردەکەوێت، سێ بە سفر سەردەکەون. شەش رۆژی دیکە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوە دەچێت.

رکابەریەکی توندی لەنێوان کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی سەرۆکایەتی ئۆپۆزسیۆن و رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی سەرۆکایەتی دەسەڵاتدایە. هەدەپە و هاوپەیمانەکانیشی دەنگ بە کلچدارئۆغۆ دەکەن. بەگوێرەی زۆربەی راپرسیەکان، کلچدارئۆغلۆ لە خولی دووەمی هەڵبژاردندا سەردەکەوێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار