كێبڕكێی كورسیی سەرۆكایەتی‌و پەرلەمانی توركیا توندتر بووەتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بانگەشەی هەڵبژاردن زۆر گەرم بووەو و گەیشتووەتە توندوتیژی، چوار رۆژی دیكە، واتا رۆژی یەكشەممە ١٤ی ئایار، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا بەڕێوەدەچێت كە بەیەكێك لەگرنگترین رووداوەكان دەبینرێت، بەو پێیەی ئەنجامەكەی كاریگەری لەسەر زۆر پرسی ناوخۆیی و دەرەوە دەبێت و لەهەمووی زیاتریش پرسی كوردە.

كێبڕكێ و بانگەشەی هەڵبژاردن تادێت توندتر دەبێت، لەچەندین شارو ناوچەكە، بە چەك هێرش كرایەسەر ئۆفیسەكانی هەڵبژاردنی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان و دیارترینیان، هێرشی لایەنگرانی دەسەڵات بوو لەبەرامبەر ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ سەرۆكی گەورە شارەوانی ئەستەنبوڵ لەشاری ئەرزەڕۆمی باكوری كوردستان.

ئەو رووداوە كەنزیكەی ٢٠٠ كەس ئیمام ئۆغلۆیان بەردباران كردو بەو هۆیەوە چەندین كەس برینداربوون، گومانی ئەوەی دروستكردووە كەئەگەری هەیە لەحاڵەتی شكستهێنانیدا، ئەردۆغان و پارتەكەی بەئاسانی دەسەڵات جێنەهێڵن.

كەمال كلچدارئۆغلوو كاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی سەرۆكایەتی و سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری لەنوێترین لێدوانیدا سەبارەت بەتوندوتیژییەكان رایگەیاند:" ئێمە كارمان بەداروبەرد نییە، ئەوە كاری ترسنۆكەكانە"، ئیمام ئۆغلۆش وتی" بەرپرسیاری هەر جۆرە ئاڵۆزیەك، لەسەر پارتەكەی ئەردۆغانە".

 

ترسی لەساختەكاری لای لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن

لەئێستادا ئۆپۆزسیۆن پێداگیری لەسەر دەكاتەوە، پاراستنی ئاسایشی سندوقەكانی دەنگدانەو پێی وایە، دەسەڵات هەوڵی ساختەكاری دەدات و دەبێت بەهەموو شێوەیەك رێگری لێبكرێت.

 كەمال كلچدارئۆغلۆ كاندیدی ئۆپۆزسیۆن بەڕوونی نیگەرانی خۆی لەم پرسەدا دەبڕیوەو رایگەیاندووە، هیچ متمانەیەكی بەكۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیاو وەزارەتی ناوخۆ نییە.

بۆیە پارتی گەلی كۆماری رایگەیاند، راهێنانیان بەنزیكەی 500 هەزار چاودێر كردووەو بەشێوەیەكی ورد لەناوەندەكانی دەنگدان چاودێری دۆخەكە دەكەن.

هەروەها پارتەكانی دیكەی ئۆپۆزسیۆنیش چاودێریان ئامادەكردووەو ئەوانیش، هاوشێوەی جەهەپە، لەلێدوانە توندەكانی بەرپرسانی ئاكەپەو مەهەپە نیگەرانن، بەوپێیەی سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی توركیا بەئاشكرا وتی" ئەم هەڵبژاردنە كودەتایەكی سیاسییە".

هەروەها رەجەب تەیب ئەردۆغان كاندیدی دەسەڵات بۆ پۆستی سەرۆكایەتی و دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی گشتی لەزۆربەی كۆبوونەوە جەماوەریەكاندا، ئاماژەیان بەوەداوە كەوڵات بۆ ئۆپۆزسیۆن چۆڵ ناكەن، بەهۆی ئەوەی لەگەڵ پەكەكە رێككەوتوون و داهاتووی وڵاتیان خستووەتە مەترسییەوە.

لەمبارەیەوە پارتی چەپی سەوز لەڕاگەیەندراوێكدا ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە  "دەنگدان تەنیا بەس نییەو پێویستە هەموو دەنگدەرێك لەهەمان كاتدا، چاودێری سندوقەكانی دەنگدان بكات".

سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە كەحەوت ساڵە لەزینداندایەو بەشێوەیەكی چالاك لەتویتەردا دەستی بەبانگەشەی هەڵبژاردن لەدژی ئەردۆغان و دەسەڵات كردووە، لەپەیامێكی دەنگیدا دەڵێت:" لەئێوارەی هەڵبژاردندا، ئەگەرێكی زۆر هەیە، دەسەڵات بانگەشەی ناڕاست بڵاوبكاتەوەو بۆیە تائەنجامەكان بەتەواوی ئاشكرانەكرێن، نابێت، ناوەندەكانی دەنگدان چۆڵ بكرێن".

 

راپرسییەكان: ئەردۆغان شكست دەهێنێت

دەنگدانی دەرەوەی وڵات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا ٩ی مانگ كۆتایی هات، لەكۆی سێ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دەنگدەری دەرەوەی وڵات، كەمتر لەدوو ملیۆن كەس دەنگیانداوە.

لەهەڵبژاردنی رابردوودا كە لەساڵی ٢٠١٨ ئەنجامدرا، ئاكەپەو مەهەپە زیاتر لە ٥٠٪ی دەنگەكانی دەرەوەی وڵاتیان بەدەستهێنابوو، بەڵام بەپێی راپرسییەكان، دەنگەكانیان كەم دەكات.

دەنگەكانی دەرەوەی وڵات ئێوارەی رۆژی ١٣ی ئایار دەگەڕێندرێنەوە بۆ توركیاو لەئێوارەی ١٤ی ئایاردا لەگەڵ دەنگی هەڵبژاردنی ناوخۆیدا جیادەكرێنەوەو ئەنجامی بەرایی (سەرەتاییەكان) دوای كاتژمێر پێنجی ئێوارە وردە وردە رادەگەیەندرێت.

زیاتر لەمانگێكە، بەدەیان راپرسی لەبارەی رێژەی دەنگی كاندیدەكانی سەرۆكایەتی و پارتە سیاسییەكان بڵاوكراونەتەوەو زۆربەی زۆری راپرسیەكانیش باسی شكستی ئەردۆغان و سەركەوتنی كلچدارئۆغلوو دەكەن. هەروەها راشیانگەیاندووە، بەئەگەرێكی زۆرەوە، ئاكەپە و مەهەپەی دەسەڵاتدار، ئیدی لەپەرلەمان زۆرینە نابن.

دوایین راپرسی لەلایەن پێنج كۆمپانیای گەورەی گرەوکرتنەوە ئەنجامدراوە كەپێكهاتوون لەكۆمپانیاكانی (ئێف تی ئێكس، بیتفایەر، پریدیكتلیت، سماركیتس و پۆلایماركێت) رایانگەیاندووە، كەمال كلچدارئۆغلوو كاندیدی ئۆپۆزسیۆن ٥٥٪ی دەنگەكان و رەجەب تەیب ئەردۆغان كاندیدی دەسەڵات ٤٥٪ی دەنگەكان بەدەستدەهێنن.

 

چینی گەنج لەدەسەڵات بێزارە

راپرسیەكی دیكە لەلایەن كۆمپانیای گەزیجیەوە ئەنجامدرا كەتایبەتە بەلێكۆڵینەوەو راپرسییەكان، راپرسی ئەم جارەی تایبەت كردووە بە رای چینی گەنج لەتوركیا و تێیدا ئەوە خراوەتەڕوو كە ئەو چینە گرنگەی نێو كۆمەڵگا كەهێزی گۆڕانكاریە لەدەسەڵات بێزارن.

بەپێی راپرسیەكەی گەزیجی، پێنج ملیۆن گەنجی تازە پێگەیشتوو، بۆ یەكەمجار دەنگ دەدەن و ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیش بكەوێتە خولی دووەمەوە، ئەوا ٤٧ هەزار گەنجی دیكەش كەتەمەنیان لە ١٨ ساڵ تێپەڕ دەكات، مافی دەنگدانیان دەبێت. كۆمپانیاكە لەكۆڵانەكان و شەقامەكانی پارێزگاكانی توركیاو باكوری كوردستان رای گەنجانی وەرگرتووە، لەبارەی دۆخیان و بۆچوونیان و رایانگەیاندووە كە لەم دۆخەی ئێستای توركیا بێزارن. بۆیە زۆربەی گەنجان دەنگ بەلایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن و كاندیدەكەیان كەمال كلچدارئۆغلوو دەدەن.

 

ئەردۆغان لەمیدیای رۆژئاوا تووڕەیە

لەماوەی هەفتەی رابردوودا، ئاژانس و گۆڤارەكانی، فایناشناڵ تایمس، بلۆمبێرگ، ئەكۆنۆمیست، ئەسوشێتدپرێس، چەندین راپۆرتیان لەبارەی هەڵبژاردنەكانی توركیا بڵاوكردووەتەوەو باسیان لەشكستی ئەردۆغان و پێویستی گۆڕینی سیستم و دەسەڵاتی توركیا كردووەو ئەوەش كاردانەوەی توندی دەسەڵاتی توركیای لێكەوتووەتەوە.

ئەردۆغان و باخچەلی لەم بارەیەوە قسەیان كردو باسی ئەوەیان كردووە كەئیمپریالیزم پشتگیری لەئۆپۆزسیۆن دەكات و دەیەوێت دەست بەسەر توركیادا بگرێت.

سلێمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی توركیا كەزۆرترینجار باسی لەبۆچوونی وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریكا لەبارەی هەڵبژاردنەكانی توركیا كردووە، لەنوێترین لێدوانیدا رایگەیاند:" جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت، دەسەڵات نەك بە كودەتا، بەڵكو پێویستە بەهەڵبژاردن بڕوات و گۆڤاری دێرشپیگڵی فەڕەنسیش نووسیویەتی، نامانەوێت ئەردۆغان ببینینەوە. بۆیەش دەبێت، هاووڵاتیان وەڵامی رۆژئاواییەكان بدەنەوە".

رۆژی یەكشەممە ١٤ی ئایار، ٦٠ ملیۆن و 697 هەزارو 843 دەنگدەر، دەتوانن لەناوخۆی توركیادا، سەرۆك كۆمارێك بۆ پێنج ساڵی داهاتوو و نوێنەرانیان لەپەرلەماندا هەڵبژێرن، كەدەنگەكانیان كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر سیاسەتی دەوڵەت لەناوخۆو دەرەوەی وڵاتدا دروستدەكات.

 


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار