وەزیرێك ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران بۆ هاوڵاتی ئاشكرادەكات
دانا عەبدولكەریم: ناكۆكی لەنێوان تیمی گۆڕان و یەكێتی دروست نەبووە
2 ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەتیدەكاتەوە ئەوان ناڕازیی بووبن لەرێككەوتنی تیمی پارتی و یەكێتی، هاوكات ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەمرۆی ئەنجومەنی وەزیران بۆ هاوڵاتی ئاشكرا دەكات.
ئەمڕۆ یەكشەممە 14ی ئایاری 2023 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەبەشداری تیمی یەكێتی كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
دوای كۆبوونەوەكە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: "خۆشحاڵی خۆمان بە گەڕانەوەی تیمی وەزاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران دەربڕی و پشتیوانیی حكومەتی هەرێمی كوردستانمان بۆ دەستپێشخەری و پەیامەكەی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی بۆ ئاشتەوایی نیشتمانیی دووپاتكردەوە ".
بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی مەسرور بارزانی لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكەدا لەبارەی رێكخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێمی كوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران بە كۆی دەنگ بڕیاریدا؛ رێكخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری هەرێم، لە رێگای (بەناوەندییكردنی داهات و سیولە و خەرجی و مووچە) بێت، بۆ ئەو مەبەستەش، بڕیاردرا، بە رێكخستنەوەی سەرجەم سەرچاوەكانی داهات لە بانكەكان و گەنجینەكان و دەروازە سنوورییەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی باج و رسومات بە مەبەستی پاراستنی داهاتی گشتی و هەروەها بەیەكەوەبەستنیان لە رێگەی سیستمێكی ئەلكترۆنی."
هەروەها لەبارەی رێكخستنەوەی دارایی گشتی، حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا ئەولەویەت لە خەرجییەكان بدرێت بە مووچە وەك خەرجی سیادی لەسەرتاسەری هەرێم، بۆ خەرجییەكانی دیكەش جگە لە مووچە، پێویستە بە میكانیزم و رێكاریی گونجاو و بە شێوازێكی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگا و ئیدارەیەكی سەربەخۆ، خەرجییەكان ئەنجام بدرێت" بۆ مسۆگەركردنی جێبەجێكردنی ئەم بڕیارانەش، سەرۆك و جێگری سەرۆكوەزیران، سەرپشككران بۆ دانانی میكانیزمی پێویست بۆ پشتیوانیی وەزارەت و لایەنە راسپێردراوەكان بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارانە."
دوای كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیران، ژمارەیەك میدیا سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئەوەیان بڵاوكردەوە كە بزوتنەوەی گۆڕان نیگەرانە لە رێككەوتنەكەی پارتیو یەكێتیی و لەكۆبوونەوەكەدا وەزیرەكانی گۆڕان وتوویانە رێككەوتنەكە لەسەر حسابی دەسەڵاتەكانی وەزیری دارایی كراوە.
بەڵام دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكی تایبەتدا بەهاوڵاتی وت:" ئەمڕۆ لەبڕگەی دووەم كە گفتوگۆ لەسەر دارایی گشتی هەرێم كرا یەكێتی و پارتی كۆبوونەوەیەكیان كردبوو ڕەشنوسێكیان ئامادەكردبوو بۆ بڕیارێك كە دەنگی لەسەر بدەین، كە ڕەشنوسەكە هاتە بەردەستم و سەیرم كرد دروستكردنی بۆردێكی تێدایە".
هەروەها وتیشی:"بۆردەكە هەموو دەسەڵاتەكانی لەئەنجومەنی وەزیران پێ دەسپێردرێت بۆ كاروباری دارایی گشتی كە ئەمەش بەشێك لەدەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی وەزیران دەبات هەم بەشێك لەدەسەڵاتەكانی وەزیری داراییش دەبات".
هاوكات دانا عەبدولكەریم، دەشڵێت:" تێبینیەكەم لەسەر ئەوەبوو دەبێت شێوازو میكانیزمی كاركردن ئەگەر پێویست بكات بۆردێك دروست بكرێت نابێت بەوشێوەیە بێت، ئەگەرنا بۆ ئەوەی مووچە بكرێت بە ناوەندی و داهاتەكان بەشێوەیەكی دادپەوەرانە بەسەر هەرێمی كوردستاندا دابەش بكرێت لەگەڵ بە ئەلكترۆنیكردن و بەستنەوەی بانكەكان و خاڵە سنوریەكان بۆ زانینی داهاتی هەرێم و شەفافكردنی ئێمە پشتیوانیمان كردووە".
"دوای گفتوگۆی ئەنجومەنی وەزیرانیش بەكۆی دەنگ بڕیارماندا لەسەر ئەو بابەتە و هیچ گرژییەك لەنێوان تیمی گۆڕان و یەكێتی دروستنەبووە"، وەزیری ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێم.
دانا عەبدولكەریم ئەوەی دووپاتكردەوە كە" شتێكیش نەبووە كە سەرۆكی حكومەت نیگەران بێت لەو گفتوگۆیەی نێوانمان، بەپێچەوانەوە گفتوگۆیەكی زانستیمان كرد لەئەنجومەنی وەزیران، ئێمە وەكو تیمی گۆڕان نەك پشتیوان بووین، بەڵكو داواكاری ئێمەیە كە مووچە ناوەندی بێت و بەدادپەروەرانە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوان داهاتەكان دابەش بكرێن".
هاوكات هاوڵاتی پەیوەندیكرد بە كوێستان محەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم ئەویش ڕەتیكردەوە لەناو كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ناكۆكی لەنێوان تیمی گۆڕان و یەكێتی لەسەر رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی دروست بوو بێت.