پارتی‌و یەكێتی؛ لیستی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان بەكراوەیی دەهێڵنەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوای دەستپێشخەرییەكەی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكاو سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دوێنێ سێشەممە پارتی و یەكێتی لەسلێمانی كۆبوونەوەو پرسی هەڵبژاردن تاوتوێ كراوەو گفتوگۆ لەبارەی لیستی هاوبەش كراوەو بەكراوەیی هێشتوویانەتەوە.

دەستپێشخەرییەكەی ئەمریكا كە لەڕێگەی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەو كونسوڵی ئەمریكا ئەنجامدرا لەڕۆژی 4ی ئایار كەهەریەك لەمەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت و قوباد تاڵەبانی جێگیری سەرۆكی حكومەتیان بینی و هۆشداریان پێدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لە 18/11/2023دا، پارتی گڵۆپی سەوزی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ یەكێتی داگیرساندو دوای چوار رۆژ سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی كۆبوونەوەیان ئەنجامداو تێیدا رێككەوتن كرا بۆ گفتوگۆو چارەسەركردنی كێشە دارایی و ئەمنی و كارگێڕییەكان كەیەكێتی داوای دەكرد.

هەروەها رۆژی 11ی ئایار، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموراتی كوردستان لەكردنەوەی مۆزەخانەی نیشتمانی مەلا مستەفا بارزانی بەفەرمی داوای چارەسەركردنی كێشەكانی كردو رایگەیاند:» لاپەڕەیەكی نوێ لەنێوان لایەنەكاندا هەڵبدرێتەوە بەتایبەت پارتی و یەكێتی و ئەو كێشانەی هەیە لەئاستی مەكتەبی سیاسی كۆبوونەوەی لەسەربكرێت و لیژنەی هاوبەش پێكبهێندرێت بۆ چارەسەركردنی پێش 18ی ئایار».

دوێنێ سێشەممە وەفدێكی مەتەبی سیاسی پارتی سەردانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیان كردو تێیدا چەند پرسێك تاوتوێكراون كە بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی گرنگترینیان بریتی بووە لەوەی لەسەر دەستپێشخەرییەكەی مەسعود بارزانی پارتی ئامادەیە بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكان لەسەروو هەموویانە پرسی تیرۆركردنی عەقید هاوكار جاف و گێڕانەوەی بودجەی دژەتیرۆر.

هەروەها چوونەوەی تیمی یەكێتی بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران بەگرنگ وەسف كراوە بۆ هەنگاونان بۆ چارەسەركردنی كێشە دارایی و دەسەڵاتە كارگێڕییەكان كە بڕیاردراوە لەنێو ئەنجومەنی وەزیران چارەسەر بكرێت.

بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، لەبارەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستانەوە وەفدی پارتی بە یەكێتیان راگەیاندووە كە دەیانەوێت پێش 18ی مانگ كە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی رایگەیاندووە ئەو بڕگەیەی كە تایبەتە بە 11 كورسی مەسیحی و توركمان و ئەرمەن لەگەڵ یەكێتی چارەسەری بكەن و سێ خاڵەكەی دیكە بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان پارتی دڵنیایی داوە كە لەڕێكەوتنەكەیان لە لیژنەی هاوبەشی تایبەت بەهەڵبژاردن پاشگەز نەبوونەتەوەو بەم زووانەش كۆبوونەوەكانیان دەستپێدەكاتەوە.

هەروەها یەكێتی داوای كردووە سێ كورسی بۆ توركمانەكان و مەسیحیەكان لەسەر بازنەی سلێمانی دابنرێن و بۆ ئەوەش پارتی تاوتوێی دەكەنەوەو دوابڕیاریان دەدەنە ئەو لیژنە تایبەتەی بۆ هەڵبژاردن پێكیانهێناوە.

وەفدی مەكتەبی سیاسی پارتی بەیەكێتیان راگەیاندووە كە» هیچ كێشەیەك نابێت بهێڵینەوە بەبێ چارەسەر، بەهاوبەشی و بەگفتوگۆی دۆستانەو دوولایەنە چارەسەریان دەكەین». 

هاوكات پرسی لیستی هاوبەش لەنێوان پارتی و یەكێتی وەك پێشنیاز لەكۆبوونەوەكەی دوێنێ خراوەتەڕوو كە ئەو پرسە بەكراوەیی لەنێوانیاندا دەمێنێتەوەو كۆتا خاڵ دەبێت گفتوگۆی لەسەربكرێت.

یەکێتی داوای سێ کورسی پێکهاتەکانی تورکمان و مەسیحی بۆ بازنەی سلێمانی کردووە

لەدوای كۆبوونەوەكەیان مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی راگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوەو تیایدا ئاماژەیان بەوەكردووە، هەردوولا وێرای بەرزنرخاندنی دەستپێشخەری مەسعود بارزانی كە لەكاتی پێویستدا هات، هاوڕابوون پێكەوە لەگەڵ لایەنەكانی دیكە هەنگاوی كرداری بنرێت بۆ بەپیرەوەچوونی ئەو دەستپێشخەرییەو ناوماڵی كوردستانی پێ رێكبخرێتەوە.

ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، هەردوولا دەستخۆشی لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەكەن، بۆ پەسەندكردنی پرۆژەی رێكخستنەوەی دارایی كەپرۆژەی تێكڕای لایەنەكانی پێكهێنەری كابینەی نۆیەمەو هەردوو مەكتەبی سیاسی بەتەواوی پشتیوانی لێدەكەن.

هەردوولا پەرۆش و هاوڕابوون بۆ فەراهەمەكردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا لەمساڵدا.

ئەوەش دووپاتكراوەتەوە كە»بڕیاریانداوە وەك یەك تیم كاربكەن و زنجیرەیەك كۆبوونەوەی دیكەش ئەنجامبدرێت بۆ فەراهەمكردنی كەشوهەوای لەبار لەڕووی یاسایی و سیاسییەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و رووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەدیاتانەی لەناوچەكەدا هەیە».

بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پاش كۆبوونەوەكەی وەفدی مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی جەختی لەوەكردەوە كە بەهاوبەشی لەگەڵ پارتی لەحكومەتی هەرێمدا كاردەكەن و هەنگاوەكانی بە» ئازایانە» وەسف كردو وتی:»كابینەی نۆ هەنگاوێكی بوێرانەی ناو توانی بەئاڕاستەیەكی دیكە هەنگاوبنێت كە خۆی لەخزمەت بێ جیاوازی و ئەولەویەت بۆ مووچە دەبینێتەوە كە ئەمە جێی دەستخۆشییەو پشتیوانی لێدەكەین، لایەنەكانی دیكەش هاوهەڵوێستن لەگەڵماندا».

 سەبارەت بەدەستپێشخەرییەكەی مەسعود بارزانی سەرۆكی یەكێتی راشیگەیاند كە «دڵخۆشین بەو دەستپێشخەرییەو هەر چاوەڕوانی ئەوەمان دەكرد.....كاری هەموومانە بارودۆخەكە باشتر بكەین و پێشموایە تا حزبەكان لەیەكتر نزیكببنەوە دەتوانن هەنگاوی باشتر بەئاڕاستەی خزمەتكردنی هاووڵاتیان لەهەرێم و عێراق و ناوچەكە بنێن».

هاوكات رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، هەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە بۆ بەرەوپێشبردنی هەنگاوەكان و گەیشتن بەڕێككەوتنی كۆتایی لایەنە سیاسییەكان لەسەر پرسی هەڵبژاردنەكان كە رێكارە یاساییەكانی كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن تەواوكراون، چاوەڕوانن لەدەرفەتێكی نزیكدا لایەنەكان لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانیش بگەنە رێككەوتن.

پارتی بۆ یەکێتی: هیچ کێشەیەک نابێت بهێڵنەوە بەبێ چارەسەر و بە هاوبەشی و بە گفتوگۆی دوولایەنە چارەسەریان دەکەین

كونسوڵخانە و نوێنەرایەتی 13 وڵات لەهەرێمی كوردستان لەبەیاننامەیەكی هاوبەشدا سەرەڕای خۆشحاڵی خۆیان بۆ گفتوگۆكانی پارتی و یەكێتی داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەكەن كەبریتین لەنوێنەرانی(بەریتانیا، ئەمەریكا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، كەنەدا، یەكێتی ئەوروپا، فەرەنسا، چیك، یۆنان، ئیتاڵیا، بولگاریا، پۆڵەندا و رۆمانیا) ئەم هەنگاوەی نوێنەری وڵاتان وەك هێڵی كۆتایی دەبینرێت بۆ وشیاركردنەوەی پارتی و یەكێتی تا لە 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان 18/11/2023 دیاری كردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە پێویستیان بەپێنج بۆ شەش مانگە بۆ ئەنجامدانی كارەكانیان تا بتوانن كارەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئەنجامبدەن.

یەكێك لەئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەرێم ئەوەی بۆ هاوڵاتی دووپاتكردەوە كە ئەم كۆمسیۆنەی ئێستا بۆ سێ ساڵی دیكە كارەكانیان درێژ دەكرێتەوە، تا دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دەستبەكاربوونی خولی نوێی پەرلەمان ئەنجومەنێكی نوێ لەڕێگەی پەرلەمانەوە پێكبهێندرێت.

هاوكات ئەوەشی روونكردەوە رێككەوتن لەنێوان پارتی و یەكێتی دەكرێت»گفتوگۆكان ئاراستەی ئەرێنی نیشان دەدەن كە لەوادەی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت».

وابڕیارە لەسەر بانگهێشتی پارتی و یەکێتی سەرجەم لایەنەکان کۆببنەوەو لەسەرۆکایەتی هەرێم راگەیەندراوێکی هاوبەش لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بڵاوبکەنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار