پارتی چەپی سەوز ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بەسەركەوتن نابینن
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەرپرسانی پارتی چەپی سەوز كە لەپارتی دیموكراتی گەلان( هەدەپە) و چەند لایەنێكی دیكە پێكهاتبوون، ئەوە دووپاتدەكەنەوە كەدەسەڵاتەكەی ئەدرۆغان ساختەكاری گەورەیان لەهەڵبژاردنەكاندا ئەنجامداوەو دەشڵێن:»ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بەسەركەوتن نابینین».
پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە) بەهۆی ئەوەی مەترسی داخستنی لەسەر بوو لەدادگای دەستوری توركیا لەژێر ناوی پارتی چەپی سەوز بەشداری هەڵبژاردنەكەی 14ی ئایاری كردو لەكۆی 600 كورسی 65 كورسیان مسۆگەر كردووەو لەو ژمارەیە 55 یان كوردن.
پارتی چەپی سەوز ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە»پرسی داخستنی هەدەپە وەك شمشێرێك لەسەر ملی دیموكراسی رێگەی لەپێشبڕكێی یەكسان و دادپەروەرانەی بانگەشەی هەڵبژاردن گرت. بەم شێوەیە مەترسیان لەسەر ئیرادەی ملیۆنان كەس دروستكرد. دیارە كەئەنجامەكانی هەڵبژاردن بۆ ئێمە وەك سەركەوتن نابینرێت».
هەروەها دەنگەكانیان بۆ سەرۆكایەتی كۆمار بۆ كەمال كلیچدار ئۆغلو بوو كە رەجەب تەیب ئەردۆغان ركابەری بوو.
١٤ی ئایار هەڵبژاردنە چارەنووسسازەكەی توركیا بەڕێوەچوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەكلایی بووەوە و كورسی لایەنەكان لەپەرلەماندا ئاشكرا بوو، بەڵام هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی یەكلایی نەبووەتەوەو كێبڕكێكە بەردەوامە.
لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان كاندیدی دەسەڵات 49.5% دەنگەكان، كەمال كلچدارئۆغلۆ كاندیدی سەرەكی ئۆپۆزسیۆن 44.89%ی دەنگەكان و سینان ئۆغان كاندیدی هاوپەیمانی ئاتا 5.29% ی دەنگەكانیان بەدەستهێنا.
بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن هیچ كاندیدێك رێژەی ٥١٪ی دەنگەكانی بەدەست نەهێنا و هەڵبژاردنەكە چووە خولی دووەم كەبڕیارە ٢٨ی ئەم مانگە ئەنجام بدرێتەوە.
بەپێی ئەنجامە بەراییەكان هاوپەیمانی كۆمار 49.34%ی، هاوپەیمانی گەل 35.59% و هاوپەیمانی رەنج و ئازادی 10.35%ی دەنگەكانیان بەدەستهێنا.
لەكۆی ٦٤ ملیۆن دەنگدەری ناوەوەو دەرەوەی وڵات، پارتی دادو گەشەپێدان (ئاكەپە) ١٨ ملیۆن و ٥٤٨ هەزار و ٧٩٠ دەنگ، پارتی گەلی كۆمار (جەهەپە) ١٣ ملیۆن و ٣٦٧ هەزار و ٥٦٥ دەنگ، پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) پێنج ملیۆن و ٢٣٥ هەزار و ٣١ دەنگ، پارتی باش پێنج ملیۆن و ١٩٥ هەزار و ٦٤١ دەنگ، پارتی چەپی سەوز چوار ملیۆن و ٥٧٤ هەزار و ٢٥٨ دەنگ، پارتی رەفاحی نوێ ملیۆنێك و ٣٩٩ هەزار و ٩٣٨ دەنگ، پارتی كرێكارانی توركیا ٨٢٥ هەزارو ٧٣٠ دەنگیان بەدەستهێناوە.
بەم شێوەیە ئاكەپە ٢٦٧ كورسی پەرلەمان، جەهەپە ١٦٩ كورسی، مەهەپە ٥٠ كورسی، پارتی باش ٤٤ كورسی، پارتی چەپی سەوز ٦٢ كورسی، پارتی رەفاحی نوێ چوار كورسی و پارتی كرێكارانی توركیا چوار كورسی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە.
بەپێی هەڵبژاردنەكانی ساڵی ٢٠١٨ ئاكەپە ٢٠ كورسی و پارتی چەپی سەوز، پێنج كورسیان لەدەستداوە.
هەروەها مەهەپە كورسیەك، پارتی باش كورسیەكو جەهەپە و هاوپەیمانەكانیشی ٢٣ كورسیان لەپەرلەمان زیاد كردووە.
لەڕۆژی هەڵبژاردنەكاندا پارتی چەپی سەوز كە بەر لەهەڵبژاردنەكانیش، رووبەرووی شەپۆلێكی گەورەی دەستگیركردن و فشاری دەسەڵات ببوەوە، لەیەكەم رۆژی هەڵبژاردنەكانیشدا، هێرش كرایە سەر ئەندامانی و رێگە نەدرا لایەنگرانی دەنگ بدەن. ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا كە بنكە سەرەكییەكەی لەشاری ئامەدی باكوری كوردستانە، چەندین ساختەكاری دەسەڵاتی بەبەڵگەوە ئاشكراكرد.
لەچەندین شار كاندیدەكانی ئاكەپە لەگەڵ خزم و لایەنگرەكانیان بەكۆمەڵ روویان لەبنكەكانی دەنگدان كردو دەنگیاندا، بەڵام چاودێرانی پارتی چەپی سەوز رێگریان دەكردو بۆیەش چەندین جار ئاڵۆزی لەنێوانیاندا روویدا، لەشاری مێردینیش دوو چاودێری پارتی چەپی سەوز برینداركران.
لەلایەكی دیكەوە، چەندین دیمەنی ڤیدیۆیی بڵاوكرانەوە كە لایەنگرانی پارتی چەپی سەوز بەهۆی ئەوەی ناویان لە تۆماری دەنگدەراندا نەهاتووە، نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن، هەروەها بەشێكیشیان رایدەگەیەنن كە ناویان وەك چاودێری سەر سندوقەكانی دەنگدان هاتووەتەوە كە پێویست بوو پێشتر دەنگی خۆیان بدەن و رێگریان لێكراوە دەنگ بدەن.
یەكێك لەفێڵ و ساختەكارییەكانی سیستمی ئاماری كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كاتێك ئاشكرابوو كە تۆماری خام و پسوڵەی مۆركراوی سندووقی ژمارە ١٢٣٤ لەخوێندنگەی سەرەتایی ئەسما ئۆجاك لە ناوچەی بسملی ئامەد، بەراورد كران.
لەو سندووقە ٢٣٣ دەنگ بە پارتی چەپی سەوز دراون، بەڵام لە سیستمی ئاماری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردندا ئەو دەنگانە بۆ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) نوسراون، مەهەپە لەو سندوقەدا یەك دەنگیشی پێنەدرابوو.
گوڵستان ئاتاسۆی هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتیكی گەلان (هەدەپە) لەئامەد لەو بارەوە بەمیدیاكانی باكوری كوردستانی راگەیاند:»بەم جۆرە ژمارەیەكی زۆر سندووق هەیە كە دەنگەكان بۆ مەهەپە نوسراون. تۆماری خام و هەموو پسوڵە تۆماركراوەكان لەسیستمی ئاماری كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەراورد دەكرێن و سكاڵا تۆمار دەكەن.
ئاژانسی میزۆپۆتامیا ئاماری ئەو دەنگدانەی بڵاوكردەوە كە لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە هەژمار نەكراون و رایگەیاند، لە ٢٣ شاری باكوری كوردستان لانیكەم ٣٢٠ هەزار دەنگ هەژمار نەكراون كەهەمووشیان دەنگی پارتی چەپی سەوز بوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەشارەكانی خارپێت، ئەرزەڕۆم، روحا، دیلۆك و بەدلیسی باكوری كوردستان دەنگی دەسەڵات كەمیكردووە.
لەشارەكانی سەر دەریای رەش دەنگی ئاكەپە ١٠٪ كەمیكردووە. لە ریزە كە شاری ئەردۆغانە، بەپێی هەڵبژاردنەكانی ساڵی ٢٠١٨ دەنگی ئاكەپە بەڕێژەیەكی بەرچاو كەمی كردووە.
لەئەرزەرۆم دەنگی ئاكەپە لە ٥٤.٨٨٪ەوە بۆ ٤٣.٢٦٪ كەمی كردووە. لەخارپێت لە ٥٤.٦٣ەوە بۆ ٤٠.٢٤، لە روحا لە ٥٢.٧٪ەوە بۆ ٤٢.٩٩٪، لە دیلۆك لە ٥١.٤٥٪ەوە بۆ ٤٤.٩٣٪ و لە بەدلیس لە ٤٤.٧٧٪ەوە بۆ ٣٧.١٤٪ كەمی كردووە. دەنگی ئاكەپە بەگوێرەی هەڵبژاردنەكانی ساڵی ٢٠١٨ لەمەڕەش لە ٥٨.٥٤٪ەوە بۆ ٤٧.٧٠٪، لە كۆنیاش لە ٥٩.٥١٪ەوە بۆ ٤٨.١٤٪ كەمی كردووە. لەئەستەنبوڵیش دەنگی ئاكەپە لە ٤٢.٧٪ەوە بۆ ٣٦.٢٪ و لەئەنقەرە لە ٤٠.٢٪ەوە بۆ ٣٢.٦٪ دابەزیوە.
چاودێرانی نێودەوڵەتی: هەڵبژاردنێكی یەكسان و دادپەروەر نەبوو
لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان، چاودێرانی نێودەوڵەتی لەئەنقەرە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەنووسی ئەنجامداو راگەیەندراوێكیان خوێندەوە كەتێیدا هاتبوو، « بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان بەشێوەیەكی دیموكراسی، زەمینێكی یاسایی نەخوڵقێنراوە».
هەروەها ئەوەشیان دووپاتكردووەتەوە كە» ئەردۆغان و دەسەڵات بەسنورداكردنی چالاكیەكانی ئۆپۆزسیۆن رێگەیان نەدا زۆربەی سیاسەتمەدارانی ئۆپۆزسیۆن و كۆمەڵگای مەدەنی و میدیای ئۆپۆزسیۆن بەشداری لەپرۆسەكەدا بكەن».
هاوكات ئەوەشیان روونكردووەتەوە كە لەپرۆسەی هەڵبژاردندا، لەنێوان كاندید و پارتەكاندا هەلی بەڕێوەبردنی بانگەشەیەكی یەكسان نەبووە و لەو رووەوە لەخولی دووەمی هەڵبژاردنیشدا چاودێریەكی وردیان دەبێت.
پەروین بوڵدان و میدحاد سانجار هاوسەرۆكانی هەدەپەو چیدەم كلچگون ئوچار و ئیبراهیم ئاكن هاووتەبێژانی پارتی چەپی سەوز لەئەنقەرە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەنووسی هاوبەشیان ساز كرد.
ئوچار رایگەیاند:»پرسی داخستنی هەدەپە وەك شمشێرێك لەسەر ملی دیموكراسی رێگەی لەپێشبڕكێی یەكسان و دادپەروەرانەی بانگەشەی هەڵبژاردن گرت.... ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بۆ ئێمە وەك سەركەوتن نابینرێت.»
هەروەها پەروین بوڵدان رایگەیاند:» ئێمە لەهەموو كاتێكدا پێداگیریمان لەسەر پاراستنی هاوپەیمانی رەنج و ئازادی كرد، پێویستە بەجددی هۆكارەكانی كەمی دەنگەكان قسەی لەسەربكرێت، ئەم پرسە لەگەڵ هاوپەیمانەكانمان باس دەكەین.»
كەمال كلچدارئۆغلۆ كاندیدی ئۆپۆزسیۆن و سەرۆكی گشتی جەهەپەش لەدوایین تویتیدا لەبارەی خولی دووەمی هەڵبژاردن رایگەیاند» هێشتا هەل ماوە كە كۆتایی بەدەسەڵاتی ئەردۆغان بهێنرێت، خولی یەكەم كۆتایی هات و لەسندوقەكاندا پەیامی گۆڕانكاریمان بینی، ژمارەی ئەو كەسانەی گۆڕانكاریان دەوێت زۆرە، بەڵام بۆ ئەوەی لەم دەسەڵاتە رزگارمان ببێت، پێویستە زیاتر كاربكرێت.»
هەروەها عەلی باباجان سەرۆكی پارتی دیموكراسی و پێشكەوتن (دەڤە) كە هاوپەیمانی كلچدارئۆغلۆیە رایگەیاند، ملیۆنێك و ٢٠٠ هەزار دەنگ هەیە كە هەژمار نەكراون».
خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە ٢٨ی ئەم مانگەدا بەڕێوە دەچێت، دەنگدانی دەرەوەی وڵاتیش لە ٢٠ی مانگدا دەستپێدەكات. كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كە ئۆپۆزسیۆن متمانەی پێ نییەو بەوە تۆمەتباری دەكات كە لەبەرژەوەندی دەسەڵات كاردەكات، هەنگاوێكی دیكەی ناوە كەگومانەكانی ئۆپۆزسیۆن زیاتر دەكات. كۆمسیۆن بڕیاری داوە لەو وڵاتانەی كەدەنگی كلچدارئۆغلۆ زیاترە ماوەی هەڵبژاردنی دەرەوەی وڵات لەپێنج رۆژەوە بۆ دوو رۆژ كەمبكاتەوە.
لەوڵاتانی ئەمریكا، ئوستوراڵیا، بەریتانیا، ئیرلەندا، ئیسپانیا، ژاپۆن، كەنەدا و لیبیا كە تێیاندا كەمال كلچدارئۆغڵو كاندیدی هاوپەیمانی گەل و سەرۆكی گشتیی جەهەپە لەپێشەوەبووە، ماوەی دەنگدانی لەپێنج رۆژەوە بۆ دوو رۆژ كەمكردەوە.
لەفەرەنسا، ئەڵمانیا، بەلجیكا و هۆڵندا كە رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پێشەوەبوو، ماوەی دەنگدان دەستكاری نەكراوە.
سینان ئۆغان كاندیدی هاوپەیمانی ئاتا كە لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا رێژەی ٥.٢٩٪ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە، لە ئێستادا بووەتە ئەكتەری سەرەكی هەڵبژاردن و هەردوو كاندیدەكەی دیكە لەخولی دووەمدا پێویستیان بە دەنگەكانی ئەوەو بەتایبەتی كلچدارئۆغلۆ هەوڵدەدات دڵی ئۆغان رازی بكات.