هاوڵاتی ناوو ژمارەی ئەو رۆژنامەنووسانە بڵاو دەكاتەوە كە 1999 تا 2019 تیرۆر كراون
2 ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
لەماوەی ٢٠ ساڵدا لەنێوان ساڵانی ١٩٩٩-٢٠١٩ لەنێوان ١٦-٣٩ رۆژنامەنوس لە هەرێمی کوردستان تیرۆرکراون یاخود لەکاتی روماڵی رۆژنامەوانی کوژراون و ئامارەکانیش جیاوازیەکی زۆریان تێدایە کە لە سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیردن لە مافی رۆژنامەنوسان و سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان وەرگیراون.
بەپێی ئامارێکی سەنتەری میترۆ لە 5-3-2008 نوسەر و ڕۆژنامەنوس عەبدولستار تاهیر شەریف كە بە فریلانس كاریكردووە لە كەركوك تیرۆركراوە، سۆرانی مامە حەمە لە 21-7-2008 كە لە گۆڤاری لڤین كاریكردووە بە هەمانشێوە لەكەركوك تیرۆركراوە، لە 5-5-2010 سەردەشت عوسمان ڕۆژنامەنوس كە بەشێوەی فریلانس كاریكردووە لەهەولێر تیرۆركراوە.
كاوە گەرمیانی یەكێكی دیكەیە لەو ڕۆژنامەنوسانەی بە فریلانس لەگەرمیان كاریكردووە و لەڕۆژی 5-12-2013 تیرۆركراوە، دەنیز فوڕات كە وەكو پەیامنێرلەمەخمور كاریكردووە لە 8-8-2014 لەكاتی ڕوماڵكردنی ئۆپەراسیۆنەكانی دژ بەداعش تیرۆركراوە، وەدات حسێن لە 13-8-2016 تیرۆركراوە ئەو وەكو پەیامنێری ڕۆژنیوز لە دهۆك كاریكردووە.
هەر بەپێی لیستەكەی سەنتەری میترۆ، شوكری ئامێدی لە 1-12-2016 تیرۆكراوە و وەكو پەیامنێر لەئامێدی بۆ كەناڵی كەی ئێن ئێن كاریكردووە و تەرمەكەی لە گوندێكی نزیكی ئامێدی دۆزرایەوە.
مستەفا سەعید كە وەكو كامێرامانی كوردستان تیڤی لەخازر كاریكردووە لەكاتی ڕووماڵی بەرەكانی شەڕ دژ بە داعش لە 14-8-2016 تیرۆركراوە، ئەحمەد هاجەر بەڕێوەبەری بەشی هەواڵی كەناڵی توركمان ئیلی لەكەركوك لەكاتی ڕوماڵی ڕووداوێكی پێكدادانی چەكداری لەكەركوك تیرۆركرا، محەمەد سابت ڕۆژنامەنوس و بەڕێوەبەری ڕادیۆی باباگوڕ گوڕ لە داقوق لەڕۆژی 6-12-2016 لەكەركوك تیرۆركرا، هاوكات ئەركان شەریف كە وەكو كامێرامان لە كوردستان تیڤی كاریكردووە لەداقوق، لەڕۆژی 30-10-2017 هێزێك لەناو ماڵەكەی خۆی تیرۆریان كرد، عەبدولقادر قەیسی ڕۆژنامەنوس و پارێزەر كە بەفریلانس كاریكردووە لەڕۆژی 5-12-2017 تەرمەكەی لەسەر ڕێگای كەركوك- بەغدا دۆزرایەوە.
شیفا گەردی پێشكەشكار و پەیامنێری مەیدانی لە كەناڵی ڕووداو، لەكاتی ئامادەكردنی بەرنامەیەك لەموسڵ لەڕۆژی 25-2-2017 بۆمبێك پێیدا تەقییەوە و گیانی لەدەستدا، هەروەها ستیڤان فلینۆڤ و بەختیار حەداد كە هەردووكیان ڕۆژنامەنوس بون لە ڕۆژی 20-6-2017 لەموسڵ و لەكاتی ڕووماڵی ئۆپەراسیۆنی دژ بەداعش گیانیان لەدەستدا، نۆژیان ئارهان یەكێكی دیكەیە لەو ڕۆژنامەنوسانەی سەرنوسەری گۆڤاری سوژن بووە و لەخانەسوری شەنگال لەكاتی ڕووماڵی پێكدادانی چەكداری نێوان هێزی پێشمەرگەی ڕۆژئاوا و هێزەكانی یەبەشە گیانی لەدەستدا.
بەڵام سەندیكای ڕۆژنامەنوسانی كوردستان ئامارێكی داوەتە هاوڵاتی كەناوی 39 ڕۆژنامەنوس و میدیاكاری تێدایە و لەساڵی 1999 ەوە تا 2019 تیرۆركراون یاخود لەكاتی رووماڵدا كوژراون.
ئەوانیش سوارە بابەكر خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری پاڵە لەهەولێر كەساڵی 1999 تیرۆركراوە و سەربەست مەحمود سەرنوسەری هەفتەنامەی میدیا لەهەولێر كە ئەویش لە هەولێر و لە 31-5-2000 تیرۆركراوە، هاوكات فەرەنسۆ هەریری خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری هەولێر كە هەر لەهەولێر و لە 18-2-2001 تیرۆركراوە، ئەحمەد كەریم یەكێكی دیكەیە لەو ڕۆژنامەنوسانە كە پەیامنێری كوردستان تیڤی بووە و لەموسڵ و لە 3-7-2003 تیرۆركراوە، هەروەها ئەحمەد شەوكەوت كە سەرنوسەری ڕۆژنامەیەكی عەرەبی بووە لە موسڵ و لە 28-10-2003 تیرۆركراوە، شەوكەت شێخ یەزدین خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری گوڵان لەهەولێر لە یەكی شوباتی 2004 هەر لەهەولێر لەڕووداوێكی تیرۆریستیدا گیانی لەدەستداوە،هەر لەو ڕووداوەدا هەریەك لە سەعد عەبدوڵا خاوەنی گۆڤاری كشتوكاڵ، مەهدی خۆشناو سەرنوسەری گۆڤاری نوسەری نوێ ، كامەران محەمەد نوسەری هەفتەنامەی نیشتیمان ، ناسح سەلیم نوسەری هەفتەنامەی نیشتیمان، ئەیوب محەمەد وێنەگری گوڵان تیڤی، عەبدولستار كەریم وێنەگری ڕۆژنامەی خەبات، سەفیر نادر وێنەگری گوڵان تیڤی، سەڵاحەدین سەلیم نوسەری ڕۆژنامەی ئیتیحاد، سمكۆ كەریم وێنەگری ڕاگەیاندنی پارێزگا، هێمن حەمەساڵح وێنەگری كوردستان تیڤی و دیدەوان محەمەد وێنەگری كوردستان تیڤیی گیانیان لەدەستداوە.
هەر بەپێی لیستەكەی سەندیكای ڕۆژنامەنوسان، كەریم حسێن و دنیا محەمەد وێنەگرانی كوردستان تیڤی لەموسڵ لە 10-10-2004 تیرۆركراون، لە 10-2-2005 لایق ئیبراهیم پەیامنێری كوردستان تیڤی لەكەركوك تیرۆركراوە، دلێر عەلی كە پەیامنێری هەفتەنامەی یەكگرتوو بووە لەبەغدا لەلایەن ئەمریكیەكانەوە تەقەی لێكراوە و گیانی لەدەستداوە.
وەك لەئامارەكە هاتووە، سامان عەدوی و خەلیل عەبدوڵا پەیامنێرانی كەركوك تیڤی لەكەركوك لە 9-5-2005 تیرۆركراون، هەروەها كامل دەروێش وێنەگری زاگرۆس تیڤی لەكەركوك لە 2-7-2005 تیرۆركراوە، محەمەد ڕەزا نوسەری هەفتەنامەی كۆمەڵ لە 15-10-2006 لەبەغدا تیرۆركراوە، تەیب عەبدوڵا پەیامنێری یەكگرتوو تیڤی لەكەركوك و لە 16-7-2007 تیرۆركراوە، مستەفا گەرمیانی نوسەر لە هەمان ڕۆژدا لەكەركوك تیرۆركراوە، سروە عەبدولوەهاب كە ڕۆژنامەنوسی فریلانس بووە لە كەركوك لە 5-4-2008 تیرۆركراوە.
سۆرانی مامەحەمە یەكێكی دیكەیە لەو ڕۆژنامەنوسانەی ناوی لە ئامارەکەی سەندیکادا هاتووە، دیار عەباس كە بۆ تەلەفزیۆنی عێراقیە لەكەركوك كاریكردووە لە ڕۆژی 10-10-2008 تیرۆركراوە، عەبدولستار تاهیر كە نوسەر بوو لە 5-3-2008 لەكەركوك تیرۆركراوە، سەلام عەرەب لەگۆڤاری دیجلە كاریكردووە لە 5-2-2009 لەموسڵ تیرۆر كراوە، سەردەشت عوسمان نوسەری ڕۆژنامەی ئاشتی نامە لەهەولێر لە 6-5-2010 و ڕۆژێك دوای ڕفاندنی لەهەولێر تەرمەكەی لەسەر ڕێگەی موسڵ دۆزرایەوە.
لەراپۆرتەكەی سەندیكای ڕۆژنامەنوسانی كوردستان هاتووە: كاوە محەمەد سەرنوسەری گۆڤاری ڕایەڵ لەگەرمیان لە 5-12-2013 لەگەرمیان تیرۆركرا، ویداد حسێن پەیامنێری ڕۆژنیوز لەدهۆك لە 13-8-2016 تیرۆركرا، شیفا زكری لەڕووداو بەهۆی بۆمبێكی چێندراوی تیرۆریستان لە 25-7-2017 گیانیلەدەستدا، ئەركان شەریف پەیامنێری كوردستان تیڤی لەداقوق و كەركوك لە 30-10-2017 تیرۆركراوە، ئامانج بابانی لە كەناڵی ئێن ئاڕتی لەسلێمانی و لە 16-10-2019 تیرۆركراوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئامارەكەی سەندیكای ڕۆژنامەنوسان چەند ڕۆژنامەنوسێكی تیرۆركراوی هەژمار نەكردووە كە سەنتەری میترۆ ئاماژەی پێداون، ئەوانیش دەنیز فوڕات و شوكری ئامێدی و ئەحمەد هاجەر و محەمەد سابت و عەبدولقادر قەیسی و ستیڤان فلینۆڤ و بەختیار حەداد و نۆژیان ئارهانن، بەڵام ئامارەكەی سەندیكا ئاماژەی بە 13 ڕۆژنامەنوس و میدیاكار كردووە كە لەڕووداوی یەكی شوباتی 2004 لەهەولێر گیانیان لەدەستداوە كە سەنتەری میترۆ ئاماژەی پێنەكردوون، هاوكات ناوی چەند ڕۆژنامەنوسێك لەلیستی هەریەكەیاندا هاتووە كە لەلیستەكەی دیكەدا ئاماژەی پێنەكراوە.
سەردەشت عوسمان یەكێك لەو رۆژنامەنوسانەیە لەهەرێمی كوردستان كە تیرۆركردنەكەی زۆرترین دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە و لەڕۆژی 4-5-2010 لەهەولێر رفێندراو ڕۆژێك دواتر تەرمەكەی لەسەر رێگەی موسڵ دۆزرایەوە، تائێستاش كەسوكارەكەی و چالاكوانان داوای بەسزاگەیاندنی بكوژانی دەكەن و پێیان وایە لەسەر چەند وتارێك تیرۆركراوە. سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان و سەنتەری میترۆ وەك رۆژنامەنوسێكی تیرۆركراو هەژماریان كردووە، بەڵام قسەی بەرپرسانی ئەمنی ئەوکاتی هەولێر ئەوەبوو کە روداوەکە کارێکی تیرۆرستی بووە.
بەشدار عوسمان برای سەردەشت عوسمان بەهاوڵاتی وت:»كەیسی تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان لای حكومەت داخراوەو هەر باسیشی لێوەناكرێت «.
«بەڵگەی زۆر لەبەردەستدا هەبوو كە دەتوانرا بكوژانی سەردەشت دەستگیربكرێن، بەڵام لەلایەن كاربەدەستانی باڵای حكومەتەوە پەردەپۆشكرا» بەشدار عوسمان وایوت.
بەپێی ئەو بەدواداچوونەی هاوڵاتی ئەنجامیداوە و ئەو زانیاریانەشی لەدەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و دادگاكانی هەرێمی كوردستان دەستیكەوتوون، لەهەرێمی كوردستان پێنج كەیسی تیرۆری رۆژنامەنوسی ماوەتەوە و بكوژانی ڕاستەقینەی ئاشكرانەكراون.
یەكێك لەو كەیسانە كە كاوە گەرمیانییە بكوژە سەرەكییەكەی دەستگیركراوە بەڵام هێشتا كەسوكاری گومانیان هەیە لەوەی ئەو كەسەی لەپشتی كوشتنەكەیەتی بەرپرسێكی باڵایە و بكوژ تەنها جێبەجێكار بووە.
ئەو كەیسانەشی تائێستا یەكلایی نەكراونەتەوە و گومانیان لەسەرە هەریەك لەكەیسەكانی (سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمە و كاوە گەرمیانی و ویداد حسێن و عەبدولستار تاهیر شەریف)ە.
بەهۆی دۆسیەی كوشتنی ڕۆژنامەنوسان و چالاكوانان رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و تەنانەت وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش لەڕاپۆرتەكانیدا رەخنەی توندیان لەهەرێمی كوردستان و عێراق گرتووە، بەڵام بەرپرسانی هەرێم و عێراق بەردەوام ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەكان ڕەتدەكەنەوە و باس لەوەدەكەن هەرێمی كوردستان ئازادی رادەربڕینی تێدایە.